ئاشی کەم گەڕ هەیە، بەڵام هیچ نەگەڕ نییە

بە یەکێک ئەوترێ کە هیچی لە دەست نەیەت.

پەندی پێشینان

ئاشی ئاو بە ئاو ئەگڕێ

واتە: هەر شتە، شتێکی ئەوێ.

ئاشتی کتک و مشک، پرسەی بەقاڵە

یەکێک بەکاری ئەهێنێ کە دوو دوژمنی یەکیان گرتبێ.

ئاش و تەنوور بە نۆرە

واتە: هەموو شت ئەبێ بە نۆرە بێ.

ئاش گرمەی دێ و ئاردی دیار نییە

بە یەکێک ئەوترێ کە هەمیشە لە ڕەنجا بێ و هیچی دیار نەبێ.

ئاش ئەگەڕێ و چەقەنە سەری خۆی ئەشکێنێ

بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر قسە بکا لە ئیش و کاری یەکێک، وە ئەو یەکەش هەر خەریکی ئیشی خۆی بێ.

ئاش ئاو بردوو، ئاشەوان لە چەقچەقە ئەگەرێ

بە یەکێک ئەوترێ کە زەرەرێکی قورسی کردبێ، دوای ئەوە بە شوێن شتێکی بێ نرخا بگەڕی بۆ پڕکردنەوەی ئەو زیانە.

ئاسیاو کە گەڕا، یا دانی دە، یا ئاوی ببڕە

واتە: کارەکەت یا پیاوانە بکە یا دەستی لێ هەڵبگرە.

ئاسیاو گرمەی دێ و ئاردی دیار نییە

بە یەکێک ئەوترێ کە هەمیشە خەریک ئیشکردن بێ، کەچی هیچیشی دیار نەبێ.

ئاسنی سارد بە فوو گەرم نابێ

بە یەکێک ئەوترێ کە بە ئیشێکی گەورەوە خەریک بێ، بێ ئەوەی یارمەتی دەرێکی ببێ.

ئاسنی سارد ئەکوتێ

بە یەکێک ئەوترێ کە بە ئیشێکەوە خەریک بێ کە دەرەقەتی نەیەت.

ئاسمان لێفە بێت، دایناپۆشێت

بە یەکێک ئەوترێ کە دەنگی زڕابێت و نەنگ و بەدناوی دەرکەوتبێ.  

ئاسمان لەبەر چاوم تاری بوو

یەکێک ئەڵی کە لر شتێک زۆر تووڕە، یا بە شتێک زۆر خەمبار بێ.