پەتریپۆتەکەی ئەمرۆی ئەردۆگان ..

 

 

 

بەرزان حەمەسوور

 

لەمندالیمدا باپیرم حاجی عەلی ئاغای خەفاف زۆرجار بۆی دەگیراینەوە کەبۆشەڕی کافران بە قیتاری 3B بردویانن بۆ پەتریپۆت... وەک سەربازی عوسمانی بۆجەنگێ  بەناوی (سەفەربەگلک )

بۆ منداڵێکی 5-6 ساڵان زۆربەی دەستەواژەکان و ناوی شارەکان وشوێنی جەنگەکان و کوشتن قوربانیەکان بۆئێمەی منداڵی  بێئاگا زۆرجێگای بایەخ نەبوو.. بەڵام وەک چیرۆکێکی کۆنی کوردەواری ،هاوشێوەی مام ڕێوی و مام سابرێن وگوڕنەتەڵەودەنکەهەنارێ و...هتد گوێبیستی باپیرم دەبوین.تەنها شتێک لەیادما هەڵکەنرابوو وەجێگای تێڕامان وپرسیاربوو، بۆچی باپیرم بۆ شەڕی کافران چۆتە ئەو جەنگەوە،ئێمە کێین وکافر کێیە ؟ قیتاری 3B چییە ؟ ئەی پەتریپۆت لەکوێیە ؟

بەدرێژایی ساڵانی خویندنی حوجرەو سەرەتایی وەڵامی ئەو پرسیارانەم دەستنەکەوت .. تالە ناوەندی وئامادەیی لای مامۆستای وانەی جوگرافی وجارێکیان لەکۆڕێکی ڕەوانشاد دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ لەماڵەکەی شێخ محەمەدی خاڵ لەسابونکەران  کەکرابووبە بنکەی هونەرووێژەی کوردی  ئاماژەی بەناوی پەتریپۆت دا کەبەڵێ پەتریپۆت شاری سان پترسبۆرگی پایتەختی ئەوکاتەی ڕوسیایە !



ئەنوەرپاشای وەزیری جەنگی دەوڵەتی عوسمانی ،  پیشتر پەیوەندی باشی لەگەل سەرۆکی ئیمارەتە کوردییەکان وسەرۆک هۆزەکانی گشت کوردستاندا هەبوو ..توانی لەڕێگەی شێخ ومەلاو مفتی مزگەوت وخانەقاکانەوە(غەزا) ی چوون بۆشەڕی کافران ڕابگەێنێ وژمارەیەکی زۆر لەلاوان وپیاوانی کورد پەلکێشکران بۆ دۆزەخی شەڕی کافران بەناوی (سەفەربەگلک)

بۆشەڕی ڕوس لەقەوقازو  هەندێکیش بە شەمەندەفەری 3ب  بران بەرەو ئاڵمانیا بۆ بەرەی ڕۆژهەلاتی جەنگ ،بڕێکی زۆری ئەمانە لە ڕێگا توشی شەڕ بوون لەناوچەکانی بالقان وڕۆمانیا ونەگەیشتنە ئاڵمان ..بەداخەوەئەمانە نەگەڕانەوە.

ئەوانەی لە کازاخستان وقەوقاسەوە بران بۆ شەڕی ڕوس گەیشتنە سنوری سان پوترسبۆرگ تا ساڵی 1918 کۆتایی جەنگ لەوێ مانەوە،لەدوای جەنگ ژمارەیەکی کەم لەم هێزە بە قەوقاس ئازەربایجان وئێراندا پەڕینەوەو گەڕانەوە.زۆربەی خزم ودۆستەکانی ئاشنای باپیرم نەگەڕانەوە(یەکێک لەوانە ئەبوبەکر ئامۆزای باپیرم بووە..)

 ئەمانە سینایۆی فیلمێکی خایاڵی زانستی نەبوون ،لاپەڕەیەکی ڕەشن لەومێژوووەی کەواقعێکی تاڵی گەلی کوردی بێئاگایانە  لە هۆکاروتێپەڕاندنی گرانیەکەو دەرهاویشتەکانی جەنگی جیهانی یەکەم  ،دەریدەخات چۆن کورد کرا بە داشی دامەو قوربانی ، چۆن کورد کڵاوی نرایەسەربووبە جەنگاوەروقوربانی یەکەمی  حەزو ئارەزوی ئەنوەرپاشای  وەزیری جەنگی تورکیای عوسمانی ! کورد بێئەوەی کاڵەکخۆربێت ، یان بێستانڕن، تێڵاکە لەسەری کورداشکا ،هەزاران لاوی کورد کران بە سوتەمەنی جەنگێ کەدوورونزیک پەیوەندی بەکوردەوەنەبووە !

پاش تێپەڕبوونی پترلە سەدساڵ بەسەر ئەم کارەساتە خوێناویەو ئەم پەرەگرافە پڕشەرمەزارییەی مێژوی گەلی کورد باوەڕکردنیان بە سەرانی تورک وائەمڕۆ باغچەلی وئەردۆگان بە هاوکاری پارتە ئیسلامەسیاسیەکان ( ئیخوانەکانی دەستکەلای ئەردۆگان وقەتەر)  دەیانەوێت هەمان کڵاو بکەنەوە سەری کورد .دەیانەوێت کورد پەلکێشی شەری ئیران ئیسرائیل بکەن ..

بەڕاستی سەیرە :

1- سەرانی دەوڵەتی تورکی ئەمڕۆ هەمان تەپکەی دین بۆ کورد دەنێنەوە ..!

2-مەلاو شێخ وپیاوە ئاینیە کڕدراوەکانی کوردی ئەودەم وئەمڕۆش هەمان بنێشتەخۆشەی (غەزا) دەجوونەوە بۆ هەلخەڵەتاندنی لاوی کورد ..!

3-تورکیا بەهەمان ئەلیرەم وئیزرەم بیژرەم کارەسیاسیەکان دەپیوێ ودەچنێ..!فاکتۆری کات لەتورکیای کەمالیستەوە بوونی نیەوتورکیا وادەزانێت هێشتا کچەجوانەکەی 1924  بۆتەنهاجارێکیش لەئاوێنە سەیری ڕووی خۆی ناکات تا چرچولۆچەکانی دەموچاوی خۆی ببینێت کەئەو ئەمڕۆ تەنها پیرەژنێکە ..!

4- خۆئەگەر تورکیا مێژووی سەدساڵی خوێناوی دڕندەیی خۆی بەرامبەر بەتوخمی کورد لەبیرچۆتەوەو وادەزانێ بەهەمان  شێوازی پێچاو پێجی  ئەوسای بەدزییەوە لەپەنجەرەوە بێتە ژوورەوە ..! چۆن مستەفاکەمال ڕێکەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ سەرۆک خێڵێ یان دوانا دەکرد ئەمڕؤش ڕێککەوتنی هەواڵگری سەربازی تەک خێڵی بارزانی و پارتێکی ئیخوانی کورد بکات ،وابزانێ جارێکی کەکورد وەک مێگەلە مەڕ پێشی دەکەوێ تالاوانی کورد پەلکیشی  قەسابخانەکەی پەتریپۆتی دوێنێ  – ئیسڕائیلی ئەمڕۆبکات ، ئەوا بەهەڵەدا چوون ..!

5- لاوانی کورد هەرگیز کۆمەڵکوژیە زنجیرەییەکانی بابو باپیرانی خۆی لەبیر نەچۆتەوە ،شەهیدکردنی شێخ سەعیدو هاوەڵەکانی ولەسێدارەدانی شۆڕشگێران وڕۆشنبیرانی کورد لەسەر دەستی مستەفاکەمال وپاشان پاکتاوی نەژادی کورد لەبەرنامەی سەرۆکە یەک لەدوای یەکەکانی کۆماری تورکیا تاقەسابخانەکانی دیرسیم ومەرەش وهەکاری لەسەردەستی خودی ئەردۆگان لەیادناکات...!

ئێمەی کورد ئەمڕۆ دەبینین ونامەکانتان دەخوێنینەوە :

1- تورکیای کەمالی 1948یەکەم دەوڵەت بوو دانی نا بەقەوارەی ئیسرائیل .

2- نەجمەدین ئەربەکای ڕابەرت بوو ڕێککەوتننامەی سەربازی وبازرگانی درێژخایانی لەگەڵ ئیسرائیل مۆرکرد .

3- ئەردۆگان یەکەم سەرۆکی موسڵمان بوو پیرۆزبایی لەئیسڕائیل کرد کاتی شاری قودس کرا بەپایتەختی حکومەتی ئیسرائیل .

 

فەرمو جەنابی سەرۆک ئەردۆگان ئەمانە بەدرۆبخەرەوپێشمانکەوە.. لولەی تۆپەدوورهاوێژەکانت و ڕووی درۆنە بەیرەقدارەکەت بکەرە ئیسرائیل ،هەرلەدوورەوە تەنها 3گولە تۆپ بتەقێنەبەرەو خاکی ئیسڕائیل  تائێمەی کوردی ساویلکە باوەڕت پێبکەین !

ئەی جەنانی سەرۆک گەلی کورد تائەم چرکەساتە خوێنی لێدەچۆڕی بە زەبری شمشێرەکەی دەستی تۆ،چونکە تۆ تا ئەم چرکەساتە خاکی کوردستانی باشوور لە قەندیل وگارەو ئاکرێ وئامێدی ڕۆژانە بۆردومان دەکەی ،خاک ڕەزوباخی  گوندەکانی عەفرین وکۆبانی لە ڕۆژئاوا دەسوتێنی .

ئایا ئێمە باوەڕ بەقسەبێسەروبەرەکانت بکەین، یان کردارەکانت کە دوژمنایەتیەکی دڕندەیی  تاسەرئیسقانی گەلی کورد پیشانئەدات ؟؟