لەتیف فاتیح فەرەج
نوێنەری ئەمەریكا لە سوریا تۆماس باراك ماوەیەكی زۆرە وەك داكۆكیكاری شەرع و سیاسەتی دیمەشق دەردەكەوێت ، ئەم شێوە دەركەوتنە بمانەوێت یان نا لە سەر دوو خاڵ بەندە.
یەكەم بوونی بەرژەوەندی نێوان باراك و توركیاو سوریا، لەبەر ئەوەی تەنها دەوڵەت لە ناوچەكە بیەوێت دیمەشقی شەرع بە هێز بێت و شەرع دەست بەسەر هەموو سوریادا بگرێت توركیایە، بە تایبەت ئەردۆغان.
ئەردۆغان و شەرع بەرژەوەندی زۆرو هاوبەشیان هەیە لە سوریا، شەرع بۆ مانەوەی خۆیی و ئەردۆغانیش بۆ لەلایەك نەهێشتنی خۆسەری ڕۆژئاوا و لە لایەكی دیكەشەوە ئەو قوڵاییە ستراتیژیەی توركیا لە ڕێی سوریاوە دەیەوێت بەرەو جیهانی عەرەبی هەیبێت، جگە لە پرسی نەوت و غازی سوریا.
دووەم لە سەر حسابی ئازادی و خۆبەڕێوەبەری ئەوانی تر، ڕۆژئاوای كوردستان، خواستی دروز و عەلەوی و هتد، بەڵام پێناچێت ئەوەی باراك سیاسەتی هەمووئەمەریكا بێت ، لەبەر ئەوەی لە ناو خودی ئەمەریكا بۆ پرسی خۆسەری دروز كە ئێستا سەرۆكی ئاینی دروز حیكمەت هیجری زۆر پێداگری لە سەر دەكات و پرسی ڕۆژئاوای كوردستان و هەسەدە خەڵكێكی زۆر پێچەوانەی باراك بیر دەكەنەوە.
لە ڕاستیدا هیچ هۆیەك نیە بۆ ئەوەی تۆم باراك ڕقی لە خۆسەری و شۆڕشی ڕۆژئاوا بێت، هیچ هۆیەكی ئاشكرا بە دیناكرێت، جگە لە دوو هۆی كەمێك شاراوە، یەكەم بوونی بەرژەوەندی باراك لە گەڵ توركیاو بە تایبەت ئاكەپە، كە ئەمە پێویستی بە بەدواداچوون و شڕۆڤەی وردە و مەرج نیە بەرژەوەندی مادی و بازرگانی بێت، بەڵام بونی سوریای بەهێزو بابەتی نەوت و غازی ئەو وڵاتەش جێی هەڵوەستەیە، خاڵی دووەم ئەوەیە كە ڕەنگە باراك سەركەوتنی حكومەتی دیمەشق و بەتایبەت شەرع بە سەركەوتنی خۆی بزانێت و بۆ ئایندەش ئەوی پێ باشتر بێت لە كەسانێكی تر كە ڕەنگە بە ئاسانی خۆیانی ڕادەست نەكەن، لە راستیدا نەبینینی ئەوەی كە ڕۆژئاوای كوردستان تاكە شوێنی ناوچەكەیە كە هەندێك ڕووسوری بۆ ئەمەریكا هێشتوەتەوە لە شەڕی داعشدا، كێماسیەكی گەورەیە.
توركیاو ئیسرائیل دوو كوڕی لەبەر دڵانی ئەمەریكان لە ناوچەكە، ئەمەریكا دەیەوێت دڵی هەردوو كیان ڕابگرێت، ئێستا كە لە سوریا بەرژەوەندی ئەو دوو دەوڵەتە بەریەك دەكەوێت و وێڕای پەیوەندی نێوانیان گرژی دروست دەبێت، بوونە لایەنگری ئەمەریكا بۆ هەر لایەكیان بە زیانی ئەمەریكا كۆتای دێت، توركیاش زۆر باش دەزانێ وێڕای بوونی پەیوەندی موخابەراتی و ئابوری لە گەڵ ئیسرائیل، بەڵام لەمپەریشە لە بەردەم ویستگەلی جیا جیای ئیسرائیلدا ئەمە بۆ ئیسرائیل و توركیا هەمان شتە، بەتایبەت لە بابەتی ئاسایشی ئیسرائیل، ئەو دەوڵەتە توركیا لە خانەی نەیاراندا دەبینێت، بەڕادەیەك لە هەندێك بابەتدا وەك ئێران سەیری توركیا دەكات.
بابەتی دروزەكان بەشێكی زۆر لە خەیاڵ و ئایندەخوازی باراك و توركیای شێواند، شەڕی گروپە چەكدارەكانی دروز لە گەڵ سوپای سوریا و هەروەها پەلاماردانی یەكتری لەنێوان عەرەبی بەدوو و دروز لە سوەیدا و گوندەکانی دەوروبەری، داوای موەفەق تەریفی سەركردەی ئاینی دروزی ئیسرائیل لە ترەمپ بۆ پاراستنی دروزی سوریاو داوای خۆسەری حیكمەت هیجری بۆ دروز ئەمانە ئێستا هەموو بابەتی هەڵوەستە و قسە لە سەر كردنن.
دروز لە سایەی دەوڵەتی شەرعدا لە ئایندەی خۆیان دەترسن، قسە كردنی سەرانی دیمەشقیش هۆیەكن بۆ ئەو ترسە، تەنانەت وەزیری ڕاگەیاندنی سوریی پاش داواكەی تەریف و هەروەها بانگەوازیەكانی هیجری، بە ئاشكرا هەڕەشەی لە دروز كردو بە دەرچوو لە قانون ناوی بردن.
گومانكردن لە شەرع و دەسەڵاتەكەی لە بارو دۆخی ئێستای سوریادا لە جێی خۆیدایە، چونكە ئەو حكومەتە بە هیچ جۆرێك سەربەخۆو خۆخاوەن نیە و لە دەرەوە بە تایبەت لە توركیاوە خاوەندارێتی لێدەكرێت، توركیاش هەرگیز نەیشاردوەتەوە كە دژی خۆسەری ڕۆژئاوا و هەسەدەیە و بەردەوام دەیەوێت لە ناوی ببات.
بۆیە هەر پێشنیازێكی بارك لە ئێستادا بۆ ئەوەی سوپای ڕۆژئاوا و خۆسەری ڕۆژئاوا بخرێنە نێو چوارچێوەی سوپاو دەوڵەتی سوریاوە، جۆرێكە لە نەیاریی و دوژمنایەتی لە بەرامبەر خۆ بەڕێوەبەریی دیموكراتیی کە تەواو جیاواز و پێشكەوتووە لە ناوچەكەدا. ئەمەش ئەوە لە هەموو كوردان و ئازادیخوازان دەخوازێت لە دەرەوە و ناوەوە، ئەو سیاسەتەی باراك كە وەك سیاسەتی دژە ڕۆژئاوا دەبینرێت لە قاو بدەن، هەڵبەت ئەو سیاسەتەی باراك نە سیاسەتی كۆی دەسەڵاتدارانی ئەمەریكایە، نەسیاسەتی فەڕەنساو هاوپەیمانی دژی داعش ، ئەوە تەنها سیاسەتی توركیا و شەرعە و هیچی تر.
سەرچاوە : هاوڵاتی