بووکێ لەگەڵ تۆمە، خەسوو گوێت لێ بێ

یەکێک ئەیڵێ کە قسە لەگەڵ یەکێک بکا و یەکێکی تر مەبەس بێ. 

پەندی پێشینان

خولیا سەرمایەی مفلسە

چونکە هیچی نییە پێوەی خەریک بێ خولیا نەبێ.

پارەی خەڵق کیسە ئەدڕێنێ

واتە: مەردوم شتی خەڵقی لە لا قورسە، کەواتە تا زوو بیدەیتەوە درەنگە.

دەست خەڕۆ کەر لە ماڵ وێران کەر خراپترە

چونکە یەکم بە ناوی دۆستایەتییەوەیە، بەڵام دووهەم دوژمنە.

خۆت مەکە بە مەقاش

واتە: ئاگاداربە تا  کەسێک بەکارت نەهێنێ .....ئاگرت پێ خۆش کەن، یا ئاگرت پێ هەڵگرن !

دڵ وەک شووشە وایە، کە شکا ئەشکێ

واتە: تا ئەتوانی دڵی مەردوم ڕاگرە.

ئەڵێی شەخسە پەڕۆیە

بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچێکی لەبەرا بێ وەک پەڕۆی سەر شەخس شڕ و وڕ بێ. 

تا فەرز وەستا بێ، سوننەت بەتاڵە

واتە: تا شتێکی گرنگ پێویست بێ، مەردوم نابێ بە شتی هیچ و پووچەوە خەریک بن.

زۆر بێ و بۆر بێ

بە یەکێک ئەوترێ بەتەوسەوە، کە زۆری شتی مەبەس بێ، نەک باشی و چاکی.

میوان بە خوڵقی خانە خوێوە بەندە

واتە: ڕووی خۆش بوو دائەنیشێ و ڕووی گرژ بوو ئەڕوا.

مردن مردنە لنگە فرتێ چییە؟

یەکێک ئەیڵێ کە پێشەکی لە شتێک بترسێ، لە پاشا گوێی نەداتێ وە تێ هەڵچێ.

ئەوەی پیازی نەدیبێ، قنکە نێرگس ئەچێنێ

بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر ناشارەزایی لە جیاتی شتێک بە شتێکی ترەوە خەریک بێ.

بەختت ڕەش بێ و خەنەت هەش بێ

بە یەکێک ئەوترێ لە ڕووی نزاوە کە لێی دڵگیربێت.