سوپاس مامۆستا

سوپاس مامۆستا
سوپاس کە هەبوویت

سوپاس کە لەو شارانەی

تیایاندا غەریب بووین،

لەگەڵمان ڕادەوەستایت و

ئێمە وەک وردە ماسی بریندار و

هەناسە پێنەماو،

دەممان دادەچەقان و

تۆ لە هەوا و لە ڕەنگ و لە تەم و

لە هەتاوی خۆتت بەش دەداین..

سوپاس مامۆستا کە شەقامە تاریک و

پیسەکانت بۆ ڕەنگ دەکردین و

هانی هەڵکردنت تیایاندا دەداین

سوپاس کە هەر لەگەڵمان بوویت و

دەستبەردارمان نەبوویت

لە سەفەری نێوان وڵات و شارەکاندا

هاوسەفەرمان بوویت و

کە سەرمان هەڵدەگرت

بە باڵی تەیرەکانت دەهاتیت بۆ لامان،

بە بڕستی ماسییە ڕەنگاوڕەنگەکانت

خۆت دەگەیاندە کەناری نائارامیمان

سوپاس کە هەبوویت، مامۆستا

تۆ لە هەر کوێ بووبیت، ئەو جێگەیە

بووەتە شوێنی تۆ و

ئەو شوێنە تۆی بە زارۆکی

خۆی زانیوە

تۆ لە هەر شارێک بووبیت، ئەو شارە

بۆنی ئەڵوەن و ڕەنگی گۆرانی

خوداداد عەلی گرتووە،

بەڵام تۆ بە هەموو شارەکاندا وەک

ئەوەی شاری خۆت بن،

گەڕاویت و

هەموویانت بە شار و زێدی خۆت زانیوە

ئای مامۆستا چ خۆش بوو

کە لە شارە زۆر دوورەکاندا

دەمانبینیت و

بە كۆڵانی تابلۆکانتدا دەگەڕاین،

باڵندەکانت بە کوردی لێمان کۆ دەبوونەوە و

خەمین خەمین دڵی ئێشاوی

کوردبوونیان دەداینەوە و
لەگەڵماندا پێدەکەنین و دەگریان!

سوپاس مامۆستا کە شەش دەیە زیاترە لەگەڵماندای

لەکتێب و شیعر و تابلۆکاندا

لە گەڵماندای

لە شەڕ و لە نسکۆ و لە دڵشکانەکاندا

لە بازڕەبوون و تووڕەبوون و

نەفرەت لێکردنەکاندا

لە ئاشتبوونەوە و لێخۆشبوونەکاندا

لە بەرد و لە ئاو و لە دار و

لە ڕەش و لە سپی

لە خۆشی و ناخۆشییدا لەگەڵماندای

سوپاس مامۆستا کە هەبوویت

سوپاس کە لەمەولاش هەیت

سوپاس کە لەگەڵمان بوویت

سوپاس کە لەگەڵمانیت

سوپاس مامۆستا کە دەستبەردارمان

نابیت و

هەر لەگەڵمان دەبیت. 

(دلاوەر قەرەداغی)

 

سەرچاوە: galawej