ئامادەکردنی: قەیسەر ڕەحمان و ڕەنگین سەلام
پێداچونەوەی د. کارزان عبدللە محمد، پسپۆڕی زانستەکانی ژینگە
"ئێمە یەکەم نەوەین کە هەست بە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا دەکەین، و دوا نەوەین کە دەتوانین شتێک لەو بارەیەوە بکەین"
(باراک ئۆباما)
بە گوتەی شارەزایانی کەشوهەوا "زەوی بە قووڵی نەخۆشە"، نیشانەکانی: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانە کە لە سەردەمی پێش پیشەسازیەوە هەسارەکە نزیکەی (١.٢) پلەی سیلیزی گەرم بووە، توانەوەی (١.٢) ملیۆن تەن لە بەفری هەردوو جەمسەرەکان، وشکەساڵی، گەردەلوول و لافاو، ئەمانە بە گۆڕانکارییەکانی کەشو هەوا ئەژمار دەکرێن و زۆر بەڕوونی دیارن، کە ساڵانە (١٣) هەزار کەس بە هۆیانەوە دەبنە قوربانی. مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە بابەتێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی کۆنفرانس و چالاکی جۆراوجۆر ڕێکدەخەن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەی کە ڕوبەڕوی هەسارەکەمان دەبنەوە. بەنمونە ڕێککەوتنی پاریس کە لە ساڵی (٢٠١٥) پەسەند کرا، یەکێکە لە گرنگترین هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
بەپێی ڕاپۆرتی پڕۆگرامی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان عیراق پێنجەمین وڵاتی لاوازە کە بتوانێت بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەشو هەوا بگرێت. هەر سەبارەت بە گۆڕانکاری کەشو هەوا لە دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق دەڵێت، "گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی بە بیابانبوون و خەڵکی ناچار کردووە کۆچ بکەن"، لە ئێستادا لە سەدا (٤١) زەوی عیراق بەرەو بەبیابان دەچێت، بەپێی ئەو وشکەساڵییە سەختەی رووی لە عێراق کردووە، و خۆڵبارینەکانی ئەو چەند مانگەی ڕابردوو پێدەچێت ڕێژەی بەبیابان بوون لە عیراق زیاتر بکات.
کەمی بارانبارینی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان بووە هۆی دەرکەوتنی وشکەساڵی کە یەکێکە لە لێکەوتەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشو هەوا، بە ڕوونی لە دابەزینی ئاوی ژێرزەوی و وشکبوونی کانی و سەرچاوەکانی ئاو بەدیارکەوتووە، لە هەولێر (٥) مەتر ئاوی زەوی دابەزیوە، لە سلێمانی، سەرچنارە یەکێکە لە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی ماڵان بەرەو وشکبون دەڕوات، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە چەندین کارێز و کانی بەتەواوی وشکبوون، دابەزینی ئاوی ژێرزەوی کاریگەرییەکی سەرەکی هەیە لە وشکبوونی درەخت و کەمی ڕێژەی سەوزایی، بەپێی ستانداردی نێودەوڵتی پێویستە ڕوبەری سەوزایی لەسەدا (٢٠ – ٣٠) بێت بەڵام لە کوردستان لە سەدا (١٢.٥).
فۆکسی سەرەکیمان لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا پارێزگای هەڵەبجەیە، کە گرنگە لە سەرەتای کاری پارێزگادا کێشە ژینگەییەکان دیاری بکرێن، لە ماستەرپلان و بەرنامەی کارکردنی ئیدارەی شاردا هەنگا و بە ئاراستەی کەمکردنەوەی کێشە ژینگەییەکان بنێن، پێشینە بدرێت بە پرسی ژینگە، پاراستن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، بەمەبەستی ئەوەی کە ببێت بە پارێزگایەکی نوێی ژینگەپارێز، کە خۆشبەختانە جوگرافیای ناوچەکە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ببێت بە سەوزترین و خاوێنترین پارێزگای دۆستی ژینگە، بەڵام لەسەرەتاوە پێویستمان بە سەرجەم ئەو داتایانە هەیە کە پەیوەندیان بە ژینگەی پارێزگاوە هەیە وەک ڕێژەی پیسکەرە ژینگەییەکان، و ڕێژەی سەوزایی.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان بۆ وەرگرتنی ئەو داتایانە بەداخەوە بە ئەندازەی پێویست زانیاریمان دەست نەکەوت، بەڵام ئەم کارەمان دەستپێشخەرییەک دەبێت بۆ کارکردنی زیاتر لەم بارەیەوە.
ڕژێمی بەعس لە ساڵانی حەفتاکاندا گوندەکانی ڕاگواستن بۆ هەڵەبجە، ئۆردوگایەکی بۆ ئامادەکردن دیزاینی خانوەکانی حەوشەیەکی لە خۆدەگرت کە دوو ئەوەندەی خانوەکەبوو، لە هەشتاکاندا ئەگەر کەسێک لە بەرزاییەکانی دەوروبەری هەڵەبجە سەیری شارەکەی بکردایە باخێکی گەوری دەبینی، بەڵام لە ئێستادا و لە هەمان ئەو شوێنانەوە سەیری هەڵەبجە بکەین تەنیا کۆنکرێت و قیر و لە چەند شوێنێکیش نایلۆنی شینمان بەرچاو دەکەوێت. لە ناوچونی ئەو ڕێژە زۆرەی سەوزایی بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەم کیمیابارانی، دووەم پێدانی سلفە بۆ کردنەوەی خانوو مەرجبوو ئەوەی دیزایەنی ماڵەکە تەنیا چەند مەترێک حەوشەبێت و باقیەکەی کۆنکرێت.
بڕیارە هەر پڕۆژەیەک دروست دەکرێت لە سەدا (٢٠) سەوزایی بێت، بڕیارێکی گرنگە، ئەو پڕۆژانەی لە هەڵەبجە دروست دەکرێن پێویستە ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن، لە ڕابردوودا پڕۆژەی (گۆران سیتی) دروست کرا، بەڵام سەوزایی بەدی ناکرێت، هەرچەندە چەند شوێنێک بۆ سەوزایی و پارک دیاری کراوە، بەڵام سەوز نەکراون و مەترسی بەکۆنکرێت کردنیان لەسەرە.
کێشە ژینگەییەکانی پارێزگای هەڵەبجە
- کەمی ڕێژەی سەوزایی و پارک، لەمی ناشتنی درەختی خۆماڵ وەک پەڵگ (سورەچنار) و توو، کە زۆر گونجاون بۆ کەشی هەڵەبجە، دەکرێ وابکرێت لە پلانی سەوزکردندا ئەم دو درەختە بڕوێنرێت.
- یەکێک لە گرفتە گەورەکانی شاری هەڵەبجە خاشاکە، بە هەمو جۆرەکانیەوە؛ شارەوانی، نەخۆسخانەکان، پیشەسازی و...هتد چالاکییەکانی مرۆڤ رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات لەگەڵیدا رێژەی خاشاک چەند بەرانبە زیادی کردوە، بە پێی توێژینەوەکان رێژەی خاشاکی رەق رۆژانە یەک کیلۆگرامی تێپەراندوە بۆ هەر تاکێک واتە بۆ سالێ (٢٠٢٣) رۆژانە (١٤٢) تۆن خاشاک بەرهەم دێت لە کەمتر لە سەدا (٥)ی چارەسەر ناکرێت ئەمانە هەمو دەبنە هۆی بڵاوبونەوەی چەندەها گرفتی تەندروستی بۆ دانیشتووانی شاری هەڵەبجە. جگە لەمە خاشاکی شل کە خۆی لە ئاوەرۆکانی شار دەبینێتەوە ئەمانیش وەک دەبینرێت تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی بنەرەتی نەکراون. بەرەڵاکردنی ئەو ئاوە پیسە بە ناو کێڵگەکانی شاردا سەرچاوەی دەیان نەخۆشی ترسناکن ئێستا دانیشتوان بە دەستیانەوە دەناڵێنن بە بێ ئەوەی بزانن هۆکارەکەی ئەوەیە، لەلایەکی ترەوە دەبێتە هۆی پیسکردنی سەرچاوە ئاویاکانی تر کە هەمانن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەبەر دابەزینی ئاستی ئاو هەندێک لە جوتیارەکان ئەو ئاوەرۆیە بۆ مەبەستی ئاودێری بەکار دەهێنن کە ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبونی خاک و خۆراک.
- پاراستنی هەمەجۆری ژیانی کێوی، زۆری راوکردن و نەبونی چاودێریەکی وورد وای کردوە کە ژیانی کێوی روبەروی مەترسی ببێتەوە، بە تایبەت لە شنروێ، هەورامان و شاخەکانی بەمۆ، دەوڵەمەندتری هەمەجۆری ژیانی تێدابوە لە هەموو عراقدا ئێستا لە مەترسی لە ناوچوندان.
- لەڕوی چۆنیەتی و چەندیەتی ئاوەوە هەڵەبجە تا رادەیەک لە چاو شارەکانی تر باشە، بەڵام زۆر بە خێرایی ئاستی دادەبەزێت بۆیە پێویستی بە پلانی پاراستنی ئاو هەیە بە تایبەت ئەو سەرچاوانەی لە دەوروبەری هەڵەبجە گرنگترینیان روباری سیروان.
- کیمیابارانی هەڵەبجە بابەتێکی زۆر گرنگە و پێویستی بە هەڵوێستە لەسەرکردن هەیە: لە دونیادا کاتێک کارەساتێکی مرۆیی یا ژینگەیی بەسەر هەرشار یان شوێنێکدا دێت پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردو چڕوپڕ هەیە بۆ ئەوەی ساڵ بە ساڵ بزانرێت ئاستی کاریگەری ئەوکارەساتە بە سەر ژینگە و ژیانی خاڵکەوە چەندە و چەندی ماوە. لێرە (٣٧) ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە دەگوزەرێت هێشتا خاڵک پرسیارە بنەڕەتیاکانی بۆ وەڵام نەدراوەتەوە ئایا بەراست، کاریگەری ئەوچەکانە لەژینگەی هەڵەبجە ماون یان نا؟ هیچ داتا یان توێژینەوەیەکی گشتگیر(Inclusive) نیە ئەم پرسیارەی کردبێت بە بابەتی توێژینەوەو جوابی دابێتەوە؟ ئەمە جێگەی نیگەرانیە. شاری سەردەشت نۆ مانگ پێش هەڵەبجە کیمیاباران کرا، ساڵی (٢٠٢٢) ئاوە شیبوەوەی گازی خەردەلیان لە دانەوێڵەی ئەو شارەدا دۆزیوەتەوە؟ ئێمە لێرە دڵنیانین و هێشتا لە قۆناغی پرسیارداین.
- ژینگەی بینین لە شاری هەڵەبجە وێرانە، تەنیا چاوێک بخشێنە بە دەروازەی شاردا بەڕونی ئەوە هەست پێدەکەیت کە شارێکی وێرانە، پێویستمان بە بیناسازی مۆدێرن و هاورێی ژینگە هەیە.
- نەبوونی پلانێکی باش بۆ بەکارهێنان و خستنە گەری وزەی نوێبوەوە گرفتێکی گەورەیە لێرە، لە سەردەمی گۆرانی کەشوهەوادا پێویستە ئیتر لە خاڵێکەوە دەستپێبکەین کە گرنگی و هاندانی گەورە هەبێت بۆ بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ دەستکەوتنی کارەبا، کە بە وزەیەکی پاک دادەنرێت و لێکەوتەکانی زۆر کەمترن.
- لە سنوری شاری هەڵەبجە (٤٥) مولیدە هەیە بەتێکڕا مانگی (١٧) هەزار ليترگاز دەسوتێنن، ساڵی ئەکاتە (٢٠٤) هەزار ليتر ساڵی (١٠٢٠) بەرمیل، واتە ساڵانە دوکەڵی سوتاندنی (١٠٢٠) بەرمیل گاز بە ژینگەی شارەکەدا بڵاوو ئەبێتەوە.
- لەناوبردنی باخچە و سەوزایی لە فەرمانگە و شوێنە خزمەتگوزارییەکان بە نمونە دوو شوێنمان وەرگرتووە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە (٢١٥) مزگەوت هەیە، لە ساڵانی ڕابروودا زۆربەی مزگەوتەکان باخچەیان هەبوو، بەڵام وردە وردە تێکدران و لە شوێنی باخچەکان هۆڵی پرسە یان خرانە سەر مزگەوتەکان، ئێستا ڕێژەیەکی کەم لەو مزگەوتانە باخچەیان هەیە. لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە (١٤٦) قوتابخانە هەیە، لەگەڵ زانکۆیەک و چوار پەیمانگای حکومی و ناحکومی و یەک کۆلێژ، لە نیوەی ئەو ژمارەیە کەمتر ناوەندی خوێندن باخچە هەیە.
- کۆچی گوند نشینەکان بۆ ناو شارەکان.
- زۆری ژمارەی ماتۆرسکیل، هۆکارن بۆ پیسکردنی ژینگەی بیستن و هەوای شارەکە.
- ئاگر کەوتنەوە.
ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەڵەبجە
- بەپێی ئامارێک کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم لە ساڵی (٢٠٢٣) بڵاووی کردۆتەوە ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەڵەبجە لە سەدا(٩.٦).
- بەپێی ووتەی ووتەبێژی، سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە (فرحان عیزەت) ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەڵەبجە لەسەدا (١٢)، لە ئێستادا هەڵەبجە (٣٥) باخچە و بەدرێژایی (١٧) کیلۆمەتر بلوار و یەک پارکی گشتی هەیە.
- بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە سەرەڕایی تازەیی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بە پێی ووتەی (کۆسار محموود) ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی هەڵەبجە "ئێمە ئامارێکی دەقیقمان سەبارەت بە ڕێژەی سەوزایی هەڵەبجە لەبەردەستدا نییە، بەڵام هۆبەی ژینگەی سروشتی بەنیازە بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە هەماهەنگی بکات بۆ دیاری کردنی ئاماری ڕێژەی سەوزایی و جیاکردنەوەی ژینکەی سروشتی و دەستکرد لە شارەکەدا"، سەبارەت بە ئاماری ڕێژەی سەوزایی لای ئەوان لە سەدا (١٣)یە.
- بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیەکە (١٣) هەزار دۆنم باخ لە پارێزگای هەڵەبجە هەیە، سەبارەت بەو غاباتانەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەن و سەوزن، غاباتی دەستکرد (١٧٠٠) دۆنمە و غاباتی سروشتی (٥٨٠٠٠) دۆنم زەوییە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پێشنیاری ئەوە دەکات کە لانیکەم (٩) مەتر چوارگۆشە (م٢) شوێنی سەوزایی بۆ هەر کەسێک هەبێت. بە شێوەیەکی ئایدیاڵ پێشنیاری دابینکردنی (٥٠ م٢) بۆ هەر کەسێک دەکەن. هەروەها هەندێک لە توێژینەوەکان پێشنیاری یاسای ٣-٣٠-٣٠٠ دەکەن، واتە بینینی لانیکەم سێ دار لە ماڵەوە، لە سەدا (٣٠) داپۆشینی تاوەری دارەکان لە گەڕەکەکەدا، و لە (٣٠٠) مەتر زیاتر نەبێت لە پارکێکەوە.
بەپێی دوایین ئامار ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە (١٤١٩٦٠) کەسە، پێک هاتوە لە (٢٨٣٨٩) خێزان، لەو ژمارەیە دانیشتوانی ناوەندی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە (٨٦٩٠٩) کەسە، و لە (١٧٣٨١) خێزان پێک هاتوە
لە ئەنجامدا بەپێی ڕێژەی دانیشوان و بەپێی ئەو پێشنیارەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پارێزگای هەڵەبجە پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتری پارک و سەوزایی هەیە.
سەوزایی بەیەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی پاراستنی ژینگە و مرۆڤ دادەنرێت،بە هۆی هەڵمژینی هەوای پیس و بەخشینی هەوای پاک، بەپێچەوانەوە کەمی سەوزایی و کێشە ژینگەییەکان چەندین کێشە لەگەڵ خۆی دا دروست دەکات، لەوانە نەخۆشی و کێشەی تەندروستی بۆ مرۆڤەکان، کێشەی کەمی خۆراک، کێشەی ئابوری، سەرهەڵدانی توندوتیژی و دروست بوونی جەنگی وڵاتەکان.
بە هیوای گەشەپێدانی پارێزگایەکی ژینگە دۆست و بەڕێوەبردنی پاشماوە و وزەی نوێبووەوە.