خەبات کوردە
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ڕازیبوونی ئۆجالان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنقەرە و وازهێنان لە خەباتی چەکداری، لە پڕتاو و لە کردەیەکی شۆڕشگێڕی چاوەڕوان نەکراودا، بەورئاسا لەناو دڵی دەوڵەتی تورکدا پەلاماری گەورەترین دەزگای پلانسازی و نەخشەسازی درۆنی تورک درا و ٥٢ ئەندازیار و بیرمەندی تورک لەو بوارە سەربازییە گرنگەدا لە ئەنقەرە کوژران!
بڕیاری گەیشتنی ئۆجالان بۆ ناو پەرلەمانی تورکیا فەشەلی هێنا! بڕیاری بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسێکیش فەشەلی هێنا! هەتا بە نامەیەکی دەستنووسی و تێپەڕین بە چەند عەقڵێکی موخابەراتی و جاسوسیدا ڕووی نەدا، نامە کورتە لوغزاوییەکەی ئاپۆ بڵاونەکرایەوە! ئێستا دەنگۆی ئازادبوونی ئۆجالان لە نەورۆزی کورداندا جاڕی بۆ دەدرێ! دەنگۆی بەشداریکردنی ئەردۆگان و فیدان و باخچەلی و کێ و کێی تورکی هەرە دڕندە و دژەکورد هەیە، کە گوایە بەشداری دەکەن لە کردنەوەی ئاگری نەورۆزی ئەم ساڵدا!
لە لایەکی دیکەوە گەریلا ڕاوەستانی شەڕی ڕاگەیاندووە و بەرامبەرەکەی کە سوپای تورکە بە دەزگا جاسوسی و ئاسایشییەکانیشیانەوە دەگرێ و دەبڕێ و دەکوژێ و کاولدەکا! بە درێژایی دە ساڵی ڕابردوو پەلامار و تۆپباران و ژەهری بەو شێوە زۆرە نەڕشتووە!
لە بەرامبەریشدا گەریلا لە سەرانسەری شاخەکانی زاگرۆس و چ لە ڕۆژئاڤا لە بەرگری زیاتر هیچ چالاکیەکی سەربازی ئەنجام نادا! قەرەیڵانیش دەڵێت: ئێمە دانمان بە خۆماندا گرتووە و وەڵامی دوژمن نادەینەوە، دەنا بە قوڵایی ٨٠٠ کم لە دەرەوەی سنورەکانەوە توانای پێکانی هەر بارەگایەک و پێگەیەکی سەربازیمان هەیە گەر بمانەوێ دەیپێکین!
ئەو ڕاگەیاندنە نیشانەی ئەوەیە کە گەریلا چەکی وا پێشکەوتوی لە ژێر دەستە هەر کاتێک بیەوێ لە هەر خاڵێکی سەر سنوری هەرێم و ڕۆژئاڤاوە دەتوانێ کۆشکەکەی ئەردۆگان لە ئەنقەرە بپێکێ!
دوور نیە ئەو جۆرە چەکەش هەر درۆنی دوور مەودای خۆکوژ بێ کە ئێستا بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە سەرتاسەری دونیادا سوپای وڵاتان لە هەوڵی بەدەستهێنانیدان!
بەڵام بە دیتنی کورتە ڤیدیۆی بەردانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی جاسوسی بەناوبانگی تورکی (ئاکنجی بەیڕەقدار) و ئەو تەکنەلۆجیایەی لە بەردەستیاندایە، هەرگیزا و هەرگیز جێی بڕواکردن نییە و بە عەقڵی کەسدا نایەت کە ئەو هێزە چەکدارە زۆرانبازە پڕ زانستە سەربازییە لە چاوتروکانێکدا بارکا و بڕوا و دەستلەملانێی دوژمنە سەرسەختەکەی ببێت و بە زیندوویی ڕووبەڕووی مردن ببێتەوە!
سەرچاوە : هاوڵاتی