کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو کوێمان دەبەن؟

 

 

رەنگین مەلا سەمەد

 

بەدەر لە کێشەو ناکۆکی و ململانێیە سیاسییەکانی حکومەت، کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەڕادەیەک زۆربوون کە تەواوی کۆمەڵگای کوردیان لە ژیان هەراسان کردووە، ڕۆژ بە ڕۆژو سات بە سات ڕووداوگەلێکی نابەجێ و قێزەون بەر گوێمان دەکەون.
 

گەر شیکاریی و بەدواداچوونێک بۆ ئەم ڕێژە زۆرەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بکەین، دەبینین سەرچاوەی زۆربەی ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت و حکومڕانییەکی نادروست.
 

گەر حکومەت بیەوێت، ڕەگی کێشەکان لەبن دێنێت، گە بیەوێت!! یاسایەکی وا پەیڕەو دەکات کە بکەری هەموو تاوانێک بەجۆرێک شەکەت دەکات جارێکی تر جورئەتی ئەوەنەکات بەخەیاڵیش بیری لێبکاتەوە.
 

هەموو ڕووداوێک لەنێوان تاوانبارو تاوانلێکراوێکدا دەبێت، گەر سزایەکی وا هەبێت بۆ تاوانبار لەزیندان ، ئەوا مەحاڵە دووبارەبوونەوەی هەبێت، وەک چۆن بۆهەموو کارێکی باش پاداشت هەیە، بەهەمان شێوە بۆ هەمووکارێکی خراپ و لادەریش دەبێت سزایەکی توند هەبێت.
 

خۆی بوونی زیندان واتە بەندیخانە دەبێت وەک قوتابخانەیەک بێت بۆ زیندانییان ، بەڵام ئێستا زیندانەکانی ئێمە لەبری پەند وەرگرتن، خەڵکیی دەکەن بەمڵۆزم بۆ زیاتر خراپبوون لەناو کۆمەڵگەدا، لەبری ئەوەی وانەی پەندو عیبرەت ببەخشنەوە ، تاوانبار دەکەن بەتاوانکارێکی سەرکێش، بۆیە چارەسەرو بنەبڕکردنی ئەم کێشانە لەدەستی حکومەتە نەک کۆمەڵگا، سیاسەتی حەکیمانە بەرپابوونی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی ڕیشەییە بۆ کۆمەڵگا، بەڵام دەسەڵاتی لابڕو بەهەڵپەو ناڕوون ، تۆویی نائارامیی و نادادپەروەریی و وەڕسبوونی دەچێنێ.
 

چارەسەری بنەڕەتیی و ڕێگریی کردن لەو کێشانەی کە ئێستا بەرۆکی هاوڵاتییانی گرتوەتەوە لەدەستی دەسەڵاتدایە، چونکە دەسەڵات بەندیخانەی داناوە بۆ ئەوەی مافەکانی مرۆڤی تیادا بەرجەستە بکرێت، بۆ ئەوەی هەق و ڕاستیی سەربکەوێت، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان زاتی ئەوە نەکەن کە بەرامبەر بەیەک ناهەقیی بکەن، گەر ڕێگا چارەیەک بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە نەدۆزرێتەوەو دیاردە نەرێنییەکان لەناو نەبرێن، ئەوا دووری مەبینن وڵاتمان بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە نوقمی گۆماوێک خوێنبێ لە ناهەقیی و نادادیی!.

سەرچاوە : سپی میدیا