51 ساڵ تەمەن، 50 ساڵە كۆچی دوایی كردووە، ئایا لە نێوان ژیان و مردنی دا، سەیرە تۆ هەر خاوەنی ئەو ناو و ناوبانگە گەورەی.!
زۆر كەس لە دوای (زیرەك) ڕێچكەو ڕێبازی ئەویان هەڵبژارد، چونكە ئەو خاوەنی قوتابخانەیەكە زۆر كەس لە ژێر سێبەریدا بوون بە گۆرانیبێژ!، بەڵام خۆی لە كەس ناچێت، خۆی نەبێت.!
پێم بڵێ 50 ساڵە دیار نەماوی، ئەی پێمان بڵێ تۆ چ هونەرێكت پێشكەشكردووە، ئاوا ئەو دەنگەت بە نەمری ماوەتەوە؟!.
كەس هەیە وەكو تۆ وابێت، دوا پەنجا ساڵ هێشتا تامی گۆرانییەكانی گوێچكەو دڵی تێر نەكردبین، حەز بكەین گوێ لێ بگرین.!
زیرەك هونەری تۆ هەڵگری كام پاسپۆرتی جیهانییە ئاوا بەبێ سنور هەموو شوێنێك تەی دەكات و دەگاتە گوێچكەی هەموو كەسێك!
پێم ناڵێیت كام سپۆنسەر وایكردووە بەرهەمەكانت ئاوا پەرش و بڵاو بكاتەوەو بەردەوام گوێگرت زیاد و زیاتر بێت.!
ئەرێ بەڕاست تۆ ئەگەر ئێستاكە بێیتەوە گوێت لەو هەموو گۆرانییە ناخۆشە بێت، ئەو هەموو بەناو گۆرانیبێژە دەنگ نەشازە ببینیت، تۆ بڵێی چیان پێ بڵێیت؟! چۆن هەڵسەنگاندن بكەی بۆ ئەو سەردەمەی ئێستا كە هونەر و هەموو بەها جوانەكانی تێدا هەراج كراوە؟!
زیرەك-ی هونەرزان لە ساڵیادی 50 ساڵەی كۆچەكەتدا، دڵنیابە هێشتا گۆرانی و بەرهەمە ناوازەكانت، بە جوانی لە یاد و یادەورییماندا ماوەتەوە، هەموو گۆرانییەكانت هەر دەڵێی 50 رۆژە هاتوونەتە بوون، نەك پەنجا ساڵ و شەست ساڵ پێش ئێستا تۆمار كرابن.
حەسەن زیرەك-ی بلیمەت لە ساڵیادی كۆچەكەی تۆدا حەق وایە بەشێكی زۆر لەو دەنگبێژانەی لە ئێستادا بوونەتە بار بەسەر هونەری گۆرانی گوتندا واز لە گۆرانی بهێنن چونكە دڵنیابن ئێوە هەر بە زیندووی بەرهەمەكانتان مردووە و ئەو گۆرانی و ئاوازە لاواز و بێ هێزانەی دەیهێننە بەرهەم، بەشی 50 رۆژ ناكات بۆ ئەوەی خەڵكدا گوێیان لێ بگرێت!، بۆیە ئومێدەكەم لەم رۆژەدا هەندێكتان لە ئاست هونەری زیرەك بەخۆتاندا بچنەوەو بەڕێزەوە یەخەی گۆرانی كوردی بەر بدەن!
حەسەن زیرەك دەنگێكە پڕ لە گەوهەرەو گەوهەرێكە بەها و نرخەكەی لای ئەوانەیە، كە دەزانن هونەر چیە گۆرانی چیە!
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
سەرچاوە: galawej