
ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردیدا ناڕەزایەتی خۆی بۆ دەستگیركردن و شكاندن و رێگریكردن لە رۆژنامەنوسان بە بیانوی جیاواز دەردەبڕێت و دەشڵێت" پێویستە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی ژنانی رۆژنامەنوس بكرێت".
ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" ئەمڕۆ ١٢٧ ساڵ بەسەر بڵاوبونەوەی یەكەمین رۆژنامەی كوردی بە ناوی كوردستان تێپەڕدەبێت، كە ئەمڕۆژە یادی ساڵوەگەڕیی رۆژنامەگەری كوردی و ٢٧ ساڵەی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانە، پیرۆزبایی لە تەواوی رۆژنامەنوسان لەسەر تاسەری كوردستان دەكەین، درود بۆ گیانی ئەو رۆژنامەنوسانانە دەنێرین كە لە ژیاندا نەماون و ئەوانەشی بەهۆی كاری میدیاییەوە شەهید بون".
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی و دامەزراندنی سەندیكادا، رژدین لەسەر چاكسازی لە كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانمان بۆ بە پیشەیی بونی كاری رۆژنامەنوسی، ئەوەش بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانە لە بەرگرییكردن لە ئازادی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنوسان و پەرەپێدانی دیموكراسی.
هەروەها هاتووە" رێكخستنەوەی میدیا، هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ و گونجاندنی لەگەڵ كاری سەردەمیانەی میدیا، چاكسازی لە سێكتەرەكانی دیكەی كاری میدیا، خەم و پلانی هەمیشەیی ئێمە بوە، وەك چۆن ئەركێكی نیشتمانیشمانە، بۆ ئەوەی كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان لەسەر رێچكەی دروست بێت، ئامانجی ئەنجومەنی سەندیكا، پاراستنی رۆژنامەنوسان بوە بە پشتبەستنی یاساكان، داكۆكیكردن بوە لە مافەكانیان و ئەو هەڕەشانەی روبەرویان دەبنەوە.".
ئەوەشی خستەڕوو، سەندیكا لەم بۆنەیەدا، ناڕەزایەتی خۆی بۆ دەستگیركردن و شكاندن و رێگریكردن لە رۆژنامەنوسان بەبیانوی جیاواز دەردەبڕێتو داوا دەكات، بەردەوام ئازادی رادەبڕین و ئازادی رۆژنامەگەری بەدور بكرێت لەململانێی حزبیو كارایی یاسای رۆژنامەگەری وەكو دەستكەوتێكی گرنگ پەیڕەوبكرێتو لەم بوارەشدا، لەگەڵ ئاراستەی تەرخانکردنی دادگەی تایبەت مەندین لە تەماشاکردنی کەیسی تایبەت بە رۆژنامەنوسان، بەرەو خۆڕێكخستنی رۆژنامەنوسان، لەچوارچێوەیەكی مەدەنیدا وەك فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی بەردەوام داوامان لێدەكاتو هاوكارمان بوە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان، هەر لەبۆنەی ١٢٧ ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی و ٢٧ ساڵەی دامەزراندنی سەندیكادا، جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەهاتنەپێشەوەی رۆژنامەنوسانی ژنانی كوردستان، بەهەمو پێكهاتەكانیەوە، لەبورای میدیا بەگشتی بكەین، ئەوەش نیشانەیەكی پۆزەتیڤی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییەوە، هەروەها هەلێكی باشە بۆ هاتنەدی یەكسانی جۆری كۆمەڵایەتی-جێندەری، بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەیە، پێویستە بەهەمو شێوەیەك پاڵپشتی ژنانی رۆژنامەنوس بكرێت بۆئەوەی بەتەواوی رۆڵی خۆیان لەبوارە جیاجیاكانی میدیادا بگێڕنو جیاكاری نەكرێت لەپێدانی هەڵی بەڕێوەبردنی دەزگەكانی میدیا لەهەرێمی كوردستاندا، وەك دەستپێشخەری، سەندیكا بڕیاریدا بۆردی ژنانی رۆژنامەنوس كارا بكاتو بەهەمو توانایەك پاڵپشتو هاوكار بێت بۆ پەرپێدانو تواناداركردنی ژنانی رۆژنامەنوس.
باسی لەوەشكرد، تەكنەلۆژیا لەسەر سەرجەم ئاستو بوارەكاندا، بە خێرایی لە گەشەكردندایە، پانتایی فراوانبونی كاریگەرییەكانی ئەو زانستە، كاری كردوەتە سەر كاری میدیایی لە جیهاندا،كە هەرێمی كوردستانیشی تیدا بەدەر نییە، بەشێوەیەكە كاریگەریی و لێكەوتەكانی ژیریی دەستكرد لەسەر میدیا، رۆژ بەرۆژ لەفرەوانبوندایە، بۆیە سەندیكای رۆژنامەنوسان بانگی هەمو رۆژنامەنوسان و بەڕێوەبەرانی دەزگەكانی میدیاو لایەنە پەیوەندیدارەكان بەبواری میدیا دەكات، بازنەیەكی گفتوگۆی كراوە لەپێناو رێكخستنو ریفۆرمی بواری میدیادا، دەستپێبكەنو هاوكاری یەكتر بین بۆئەوەی بەتەواوی هاوتەریب جیهان، خۆگونجاندن بكەین، لەروی یاساییو پاراستنی تایبەتمەندی هاوڵاتی وەكو تاكو وەكو كۆمەڵگە، لێرەدا بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی میدیا لەنێو پێشەكەوتنی ئامێرەكانی پەیوەندیو سەكۆ كۆمەڵایەتییەكان بزر نەبێت لەلایەك هاوكات گرنگی بەزمانی كوردی لەرۆژنامەگەریدا، گرنگی پێ بدرێت.
دەشڵێن" ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە بەرنامەو پلانەكانی خۆیدا، بەردەوام كاری كردوە بۆ زیندوكردنەوەی سندوقی خانەنشینیی رۆژنامەنوسان و دەستبەركردنیی كۆمەڵایەتی لە یاسای کار بۆ پاراستنی دوارۆژی ژیانی رۆژنامەنوسان، هەروەها دۆزینەوەی رێگەیەكی دروست بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ئەزمونكردنی كارەكانیان".
سەندیكا دوپاتی دەكاتەوە، ئاڵنگاریی زۆر هەن لەبەردەم كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان، وەك دەستنەخستنی زانیاری، جیاكاریی نێوان دەزگاكانی میدیا، حاڵەتەكانی هەڕەشەكردن و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان و دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلەكانیان و رێگا نەدان بە روماڵ، ئەوانە جێی نیگەرانیی ئێمەبون و لە راپۆرتەكانی لیژنەی داكۆكی تۆماری پێشێلكارییەكان كراون، هەروەها بە هۆی دەستبەكارنەبونی پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژەكانی هەمواری یاسای رۆژنامەگەری و ئەنجومەنی نیشتمانی میدیا، ئەمەش وادەكات، پرۆژەی ریفۆرمو چاكسازیورێكخستنی باشتری بواری میدیا دوابكەوێت.
جەخت دەکاتەوە لەسەر، گرنگی پێکەوەنانی فیدراسێۆنی سەرتاسەری رۆژنامەنوسانی کوردستانیان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان کە پێشتر سەندیکا پرۆژە و بەرنامە و پەیرەوی بۆ ئامادە کردبو و کاری لەسەر کردبو.
سەندیكا دەشڵێت" خاڵێكی دیكەی نیگەرانییەكانمان لەسەر حكومەتی ئیتحادی تۆمار دەكەین، كە جیاوازیی لە نێوان رۆژنامەنوسانی ئەندام و هەڵگری پێناسی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان دەكات لەگەڵ رۆژنامەنوسانی دیكەی عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتریش لە كەركوك و موسڵ و خانەقینو دیالەو هەتا بەغداش ، هەروەها جیاكاری دەكات لەپێدانی هەر مافو ئیمتیازێك كە بەرۆژنامەنوسانی عێراق دەدرێتو ئەوانەی كوردستانی لێ بێ بەش دەكرێت".
سەرچاوە : سپی میدیا