د. لەنجە دڵشاد لە پارێزگای سلێمانی پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق لە بواری تیشک و سۆنەری پزیشکیدا بەدەستهێنا.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی کە کۆپییەکەی بە ماڵپەڕی (سپی) گەیشتووە، ئاماژەی بەوەکردووە، د. لەنجە دڵشاد کە خوێندکاری بۆردی عێراقی پزیشکی تەندروستی سلێمانی بوو، توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنێت لە بواری تیشك و سۆنەردا.
تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی ڕابردووش سەنتەری سلێمانی لە هەمان پسپۆڕیدا تاکە سەنتەر بوو لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی کە ڕێژەی سەرکەوتنی (١٠٠%)ی بەدەستهێنا، بەو پێیەی سێ پزیشک لە پێشەنگی لیستی خوێندکاری نایاب بوون و ئەوانیش بریتین لە دکتۆر نەوا عەبدولحەمید، دکتۆر حەریز، و دکتۆر عادل عوسمان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە" ئەم دەستکەوتە ڕەنگدانەوەی ئاستی پێشکەوتووی ڕاهێنانی پزیشکییە لە سەنتەری سلێمانی، کە کارامەیی خۆی سەلماندووە لە بواری تیشک و سۆنەر و ساڵانە یەکەمەکانی ئەو بوارە لە بۆردەکانی کوردی و عێراقی - عەرەبی بەدەستدەهێنن".
سەرچاوە :سپی میدیا