سامڕەند حاجی
بۆ بنیاتنانی حکومەتێکی بەهێز و وڵاتێکی سەقامگیر، دادگای سەربەخۆ و دادوەری بێلایەن و شایستە، ئەبنە بناغە پتەوەکەی.
کاتێک سەیری وڵاتانی پێشکەفتی ئەکەی، بۆت دەرئەکەوێت کە سیستمی دادوەری و دادپرسییان تا بڵێی ڕوون و بابەتی و دوورە لە تێوەئاڵانی ڕقی کەسیی و دیزاینی پێشوەختە و حەزی ناڕێکی دەسەڵاتدارانی سەرکوتکەر.
کەچی لە کوردستانەکەی خۆمان، بەناو دادگا و بەناو دادوەر، حەیای حوکمڕانی و ئیدارەی سەربەخۆیان بردووە!
وەکی ڕۆژی نیمەڕۆ، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ هەیە و بڕیاری پێشوەختەی دەستگە موخابەراتییەکانی حیزب، تەحەککوم ئەکا.
ئاخر بووە ڕۆژنامەنووسێک لەسەر رەخنەیەک راپێچی زیندان بکرێ؟
کەی ئەوە حکومەتی ڕەشیدە کە ڕێگر بێ لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە و داواکردنی مافەکانی سەرەتایی!
مەگەر لەبیرمان چووەتەوە کە ساڵانی دەسەڵاتی بەعس، نە دادگە هەبوو نەیش دادوەر، بەڵکو هەمی ئەوەی کە هەبوو، بریتی بوو لە: دادگەی شۆڕش. ئەویش چی بڕیارێکی دەربکردایە، کەس بۆی نەبوو تەنانەت داوای پارێزەرێ، پێداچوونەوەیێ، یان هیچ مافێکی تەمیزکردنەوە بکا.
ئەمەی لەمەڕ خۆیشمان، کتومت چووەتەوە سەر ڕێچکە نەگریسەکەی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ.
دەسگیرکردن و هێشتنەوەی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی کە ئێستە لە نێو زیندانەکانی حیزبەکانی هەرێمدان، بەڵگەیەکی ئاشکران بۆ حکومەتێکی دیکتاتۆری خۆسەپێن.
بە داخەوە، بەرهەمی ئەو هەموو قوربانیدان و شەونخوونییەی گەلەکەمان، ئێستە بووە بە قوربانی حوکمێکی تاکڕەوانەی قەرەقووشییانە.
دەک بڕوخێ سیستمی جووتبنەماڵەیی و داوەشێ دادگەی بە حیزبییکراو بە دیوەخانکراو..