چیدیکە چەکەکانتان ناتانپارێزن!

 

د.عادل باخەوان

 

پێش 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم دیزاینێکی گەورەیی مێژوویدابوو، دیزاینێک، راستە دەستکاریی سنووری دەوڵەتەکانی نەدەکرد، وەک ئەوەی کە لە رێککەوتنەکانی سایکسی بەریتانی و پیکۆی فەرەنسیدا لە ساڵی 1916 دا باسکرابوون، بەڵام لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیک و بەشێوەیەکی سیستماتیک و ستراکتۆراڵ، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بەسەر دوو رووبەری گەورەدا دابەشدەکرد: رووبەرێکی ئێرانی و رووبەرێکی سعودی، رووبەرێکی ئێرانی بیناکراو لەسەر رژێمی میلیشیاگەرایی، میلیشیای دەوڵەت، دەوڵەتی میلیشیا، هەروەها رووبەرێکی سعودی بیناکراو لەسەر ئۆتۆریتاریزم، ئۆتۆریتاریزمی دەوڵەت، دەوڵەتی ئۆتۆریتێر! 

لەنێوان 2003 بۆ 2023 دا، ئەم دوو مۆدێلە لە رووبەرەکانی ئاسایش و سەربازی و راگەیاندن و دیپلۆماسی و ئابووریدا، زۆر بە تووندوتیژانە و لە رێگەی گرووپە پرۆکسییەکانیانەوە بەر یەکدی کەوتوون و عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن، فەلەستین و کوردستانیش رووبەری ئەم بەریەککەوتنانەبوون. تەنانەت لە هەندێک دۆخی تایبەتیشدا، خودی خاکی ئێران و سعودیەش راستەوخۆ بوونە شانۆی نمایشکردنی بەریەککەوتنەکان.

پاش 20 ساڵ لە رووبەڕووبوونەوەی خوێناوی، عەرەبستانی سعودیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە هیچ کامیان بەتەنیا ناتوانێت هەژموون بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بسەپێنێت و مۆدێلی دەوڵەتداریی خۆی بەسەر کۆی رووبەرەکاندا بچەسپێنێت. لێرەوە و پاش چەندین کۆبوونەوە لە عوممان و عێراق، لە 10ی مارسی 2023دا، تاران و ریاز رێککەوتننامەیەکی مێژووییان لە پەکینی پایتەختی چین واژۆ کرد. بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە، کە من ناوم نابوو (پاکسی سعودۆ-ئێرانی بۆ رێکخستنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست)، عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن و فەلەستین بۆ مۆدێلی میلیشیاگەرایی ئێرانی یەکلایی کرابوونەوە و وڵاتانی کەنداو، میسر و ئوردنیش بە مۆدێلی ئۆتۆریتاریزمی سعودی سپێردرابوون. ئیسرائیل و تورکیاش، کە دوو هێزی گەورەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، هەریەکەیان لە چوارچێوەیەکی تایبەت و بە کەرەستە و میکانیزمی تایبەت بەخۆیانەوە، زیاتر لە مۆدێلی سعودیەوە نزیک بوون تاوەکو مۆدێلی ئێرانی. ئیسرائیل لەڕێگەی رێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە و تورکیاش پاش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە و ئیماراتدا، هەستیان بەوە نەدەکرد کە ئەم رێکخستنەوە نوێیە هەڕەشە بێت لەسەر بەرژەوەندییە بوونی یان ستراتیژییەکانیان.

حەوت مانگ دواتر، کۆی هاوکێشەکان 180 پلە گۆڕانکارییان بەسەردا هات. لە 7ی ئۆکتۆبەردا، زیاتر لە 2000 سەربازی بزووتنەوەی حەماس، پەلاماری ئیسرائیلیان دا و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا جەنگیان بردە نێو خاکی ئیسرائیلەوە و 1200 ئیسرائیلییان کۆمەڵکوژ کرد و 250 کەسی دیکەشیان بە بارمتە گرت. سوپای ئیسرائیل پێویستی بە 72 کاژێر بوو بۆ ئەوەی خۆی رێک بخاتەوە و کۆنترۆڵی ناوچەکانی بکاتەوە و خۆی بۆ جەنگێکی سەرتاسەری ئامادە بکات.

لە یادەوەریی دەستەجەمعیی ئیسرائیلییەکاندا، 7ی ئۆکتۆبەر رێک وەک هۆڵۆکۆستی دووەم مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەوان پێیان وابوو، ئێستاش هەر پێیان وایە کە دەکرا لە 7ی ئۆکتۆبەردا کۆتایی بە ئیسرائیل بێت و شتێک نەمێنێت بەناوی حیکایەتی ئیسرائیلەوە. هەروەها ئەوان هەر لە سەرەتاوە پێیان وابوو، تائێستاش هەر پێیان وایە کە حەماس هیچ نەبووە جگە لە کەرەستەی جێبەجێکردنی 7ی ئۆکتۆبەر، ئەگینا بەرپرسیاری یەکەم تەنیا و تەنیا کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بەس؛ لە کاتێکدا نەک هەر هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە کە کۆماری ئیسلامی لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری نەخشەی 7ی ئۆکتۆبەر بووبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، 7ی ئۆکتۆبەر 100٪ دژی کۆی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی بوو لە تەواوی ناوچەکەدا.

بەڵام لە راستیدا کێ بەرپرسیاری راستەقینەیە زۆر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە ئیسرائیل پێی وایە کێ بەرپرسیاری راستەقینەیە و کێ دەبێت تۆڵەی لێ بکرێتەوە و بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی بوونی ئیسرائیل، دەبێت کێ کۆتایی پێ بێت. لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا، تەلئەبیب راستەوخۆ و بەڕاشکاوی نیشانەی خۆی بۆ پێکان و شکاندن دەستنیشان کردووە کە بریتییە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەواوی پرۆکسییەکانی لە لوبنان، سووریا، یەمەن، فەلەستین و عێراقدا. لە ساتەوەختی 7ی ئۆکتۆبەردا ئیدی کۆتایی بە جیهانێک دێت و سەرەتای جیهانێکی دیکە لە ناوچەکەدا دەست پێ دەکات. لەم جیهانە نوێیەدا، نەک هەر رژێمی میلیشیایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کۆتایی دێت، بەڵکو خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەگەر کۆتاییشی پێ نەیێت، دەبێت وەک عێراقی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، هێندە لاواز بکرێت کە هەمیشە لە لێواری مەرگدا بێت. واتە چیدیکە کۆماری ئیسلامی ناتوانێت کار بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات، چیدیکە مافی ئەوەی نییە کە ژێرخانی بالیستیی بەهێزی هەبێت، هەروەک چیدیکە مافی ئەوەی نییە کە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ئەو زۆنەدا بکات کە لە رێککەوتننامەی سعودیە و ئێراندا بۆی دەستنیشان کرابوو.

ئێستا و پاش کۆتاییهاتنی رژێمی ئەسەد لە سووریا و پاش پەڕوباڵکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جەنگی 12 رۆژەدا، عێراق و لوبنان لە تاقیکردنەوەیەکی یەک جار سەختدان. ئایا حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەشدی شەعبی لە عێراقدا، تێگەیشتوون لەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە پاش 7ی ئۆکتۆبەرەوە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە؟ ئایا ئەم دوو پلاتفۆرمە تێگەیشتوون لەوەی کە ئەگەر لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ جووت-دەوڵەتەکەیاندا نەکەنەوە، بەرەو مەرگێکی حەتمی دەڕۆن؟ ئایا سیستمی ئامادەباشییان رێگەیان پێ دەدات کە مەرجەعیەتیان لە ئێرانەوە بۆ لوبنان و عێراق بگۆڕن؟

هەر لە سەرەتاکانەوە، ئێمە حیکایەتێکمان هەیە سەبارەت بە چەکی حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەشد لە عێراقدا. لەنێو ئەم حیکایەتەدا، چەکی ئەم دوو گرووپە لەپێناوی پارێزگاریکردنە لە بەرژەوەندییە باڵاکانی شیعە لە لوبنان و عێراقدا. ئەم چەکە بڕیارە پارێزگاری لە شیعەی ئەم دوو وڵاتە بکات. بڕیارە گوزارشت بێت لە خەونەکانی شیعە لەم دوو وڵاتەدا. بڕیارە میکانزمێک بێت بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ شیعەکان، بنیاتنانەوەی ناوچەکانیان، دابینکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر، پەروەردەی باشتر، خوێندنی بەنرختر، تەندروستیی کاراتر و هتد.. بەڵام بەلای کەمەوە پاش رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، هەموومان بینیمان کە چەکەکانی حیزبوڵڵا و حەشد نەک هەر هیچ یەکێک لەم ئامانجانەیان نەپێکا، بەڵکو نەیانتوانی خودی سەرکردەکانیشیان لە کوشتنی دەستەجەمعی بپارێزێت. لێرە بەدواوە، حەشد و حیزبوڵڵا لەبەردەم دووڕیانێکی هات و نەهاتدان: وازهێنان لە چەک بۆ ئەوەی بتوانن لە رووبەری سیاسیدا خزمەت بە پێکهاتەی شیعە لەم دوو دەوڵەتەدا بکەن، یان بەردەوامبوون لەسەر چەکێک کە هیچ مانایەکی نەماوە جگە لە مانای هەنگاونان بەرەو خۆکوژییەکی تراژیدی کە لە کۆتاییدا نەک هەر خۆیان، بەڵکو دەکرێت پێکهاتەکەشیان باجە قورسەکەی بدات.

لەم دووڕیانەدا، دەبێت حەشد و حیزبوڵڵا لەنێوان ئێران لە لایەک و، عێراق بۆ حەشد و لوبنان بۆ حیزبوڵڵا لە لایەکی دیکەوە، بڕیاری بژاردەی خۆیان بدەن. ئایا هەر بەڕاستی دەتوانن راستگۆیانە رووبەڕووی ئەندامەکانیان ببنەوە و پێیان بڵێن: "ئێوە لە عێراقدا بەشداریتان کرد لە جەنگی داعش و لە لوبنان جەنگی ئازادکردنی باشوورتان لە بەرامبەر ئیسرائیلدا کرد، بەڵام ئێستا لە عێراق دا داعش نەماوە و لە لوبنانیشدا ئەگەر واز لە چەک بهێنین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەرەنتیی ئەوە دەدات کە ئیسرائیل ناچار بە کشانەوە لەو پێنج خاڵە بکات کە داگیری کردووە". پێیان بڵێن: "ئیدی کاتی رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت هاتووە!". ئایا دەتوانن، لێرە بەدواوە، لەبری ناردنیان بەرەو بەرەکانی مەرگ، پێشنیازی ژیانێکی باشتر و داهاتوویەکی گەشترینیان بۆ بکەن و لەبری پەروەردەکردنیان وەک جەنگاوەر، پەروەردەیان بکەن بۆ ئەوەی ببن بە باڵیۆز، پەرلەمانتار، سیاسەتمەدار، ئەکتەری کۆمەڵگەی مەدەنی، مامۆستای زانکۆ یان سەربازی فەرمیی سوپای دەوڵەتێکی رێزلێگیراو؟

بێگومان ئەم پەڕینەوەیە هەرگیز پرۆسەیەکی ئاسان نییە و پڕە لە چەندین ئاڵنگاریی هەم زۆر و هەم ئاڵۆز: هەر لەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەبێت تێبگات کە چیدیکە رێگەی پێ نادرێت ئەم گرووپانە لە دژی دەوڵەتەکانیان و لە رۆژهەڵاتی نوێی نێوەڕاست و لەدژی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا لە ناوچەکەدا بەکاربهێنێت، تاوەکو دەگاتە ئەوەی کە خودی ئەم گرووپانە دەبێت پەیوەندیی ئۆرگانیک و ئایدیۆلۆژی و ستراتیژییان لەگەڵ تاراندا ببڕن و لێرە بەدواوە لەبری ئەوەی ئێرانی بن، دەبێت لوبنانی و عێراقی بن، بەڵام ئەوەی کە ئاڵۆز نییە و لای هەموو لایەک روون و ئاشکرایە، ئەوەیە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پاش 7ی ئۆکتۆبەردا، بڕیارە شوێنێک بۆ رژێمی میلیشیاگەرایی، میلیشیای دەوڵەت و دەوڵەتی میلیشیا لە ڤێرژنە ئێرانییەکەیدا نەمێنێتەوە.

 

 

سەرچاوە : ڕووداو