شێرزاد حەسەن رەزا
گەردنی تۆ
گەردانی نیشتیمانێکی ماندووە گەردی
بە بێ گەردی
رووناکیت ھێنا بۆ زمانی کوردی
کە دایکت شیری پێدای
گەردن ئازابێ گەردی
کە نیشتمان لوقمەیەکی پێدای
گەردنت ئازابێ گەردی
عەزیزم،
ھەموو قەرداری تۆین
لە درشت ھەتا وردی
لەکاروان جێ نەمای ھەرگیز
سەفەرت خێر
مامۆستای کوردی
(عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا) ناسراو به(عەزیز گەردی) لەساڵی 1947 لهگوندی بهحركهى شارى ههولێر لهدایكبووه، گهوره نووسەرو وەرگێڕی کورد و زۆر شاکاری جیھانی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە...
عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕ پیاوێکی تەنیا و گۆشەگیربوو، لە ناحیەیەکی نزیک شاری هەولێر لە خانوویەکدا دەژیا. یەکێک بوو لەو نووسەرانەی کە هەمیشە خۆی لە خۆدەرخستن و میدیا پاراستووە.
دکتۆر عەزیز گەردی بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانییەوە، چۆتە دەرەوەی وڵات، لەوێ دوای چارەسەر پزیشک ناچار دەبێت یەکێک لە گورچیلەکانی بۆ دەربێنێت. دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر بە چەند رۆژێک، تاکە گورچیلەکەی دیکەی
تووشی ئازار دەبێت،
عەزیز گەردی، یەکێکە لەو نووسەر و وەرگێڕانەی کە هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەو بوارە تەرخانکردووە. لە ژیانیدا هاوسەرگیریی نەکردووە و بەتەنیا دەژیا. نووسەر و وەرگێڕ جووتیار قارەمان لەوبارەوە دەڵێت: دوورەپەرێزییەکەی مامۆستا گەردی، بێهیوایی بوو لەوەی کە وەکو پێویست رێز لە خۆی و بەرهەمەکانی نەگیراوە و تەنانەت دژایەتیشی کراوە، بۆیە گۆشەگیری هەڵبژاردووە و خۆی تەرخانکردووە بۆ نووسین و خوێندنەوە. وەک جووتیار قارەمان دەڵێت، "عەزیز گەردی زۆر خەم بەوە دەخوارد، کە هەندێک لە سیاسییەکانی کورد، هەوڵی ئەوەیان داوە کە پەلکێشی ناو سیاسەتی بکەن." و لە قاڵبی بدەن و لە بۆتەی بیریێکی تەسکدا گرمۆڵەی بکەن ،
لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە نووسین و وەرگێڕان کردووە. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 کە کتێبی رەوانبێژییە، بەڵام ئەو کتێبەی لە سەرەتای حەفتاکان چاپ و کراوەتەوە.
دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکە دەنووسێت و تا دواھەناسەی بەردەوام بوو لە نووسین و وەرگێڕان.لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 بڕوانامەی دکتۆرا بۆ یەکەم جار بەدەستدەهێنێت ،، تێزەکەی بە ناونیشانی (سەروا)یە، لە ساڵی 2009 بۆ دووەم جار بڕوانامەی دکتۆرا بە دەست دەھێنێت لە زانکۆی کۆیە و پلەی پرۆفیسۆری ھەبووە. لە دوایین دیداریدا گوتوویەتی کە کتێبەکانی ( نووسین و وەرگێڕان ) گەیشتوونەتە 200، بەڵام بەشێکیان چاپنەکراون و لە کۆمپیوتەرەکەیدان.
عەزیز گەردی، لەگەڵ ئەوەی کوردیزانێکی کەموێنەبوو و شێوەزارەکانی کرمانجی سەروو، کرمانجی خواروو لەگەڵ هەورامی دەزانی، چوار زمانی جیهانیش شارەزابوو. ھەرچەند خۆی بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی بەغدا خوێندووە، بەڵام لە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسیدا سوارچاک بوو.لە زانکۆکاندا یەکێک لەو وانە گرنگ و پڕ بایەخانە ئەدەبی بەرواردکاری یە،کە بێ نووسین و بووچوونەکانی عەزیز گەردی لاسەنگی لە منھەجی خوێندنی ئەدەبیادا دروست دەبوو،
دوای تەواوکردنی زانکۆ لە کۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی کوردی دەبێتە مامۆستا، بەڵام پێش وادەی تەمەن دەستلەکاردەکێشێتەوە و بەیەکجاری تەنیایی هەڵدەبژێرێت، خانوویەک لە شارەدێی بەحرکە دەکاتە شوێنی ژیان و نووسینەکانی و بژێویشی لەسەر مووچەی خانەنشینییەکەیەتی.لە تەمەنیدا ھیچ ھاوکاری و پشتیوانیەکی ماددی لە ھیچ حیزب و سیاسەک وەرنەگرتوە و قبووڵی نەکردوە،رەنگ رێژبکرێت بە لایەنێکی سیاسی،وەک کەسایەتیەکی نیشتتمان پەروەر و خاوەن زادەی فکری خۆی خزمەتی کردوە،باوەڕی وابوو کە نووسەران و خاوەن قەڵەمەکان ناکرێت تێکەڵەوی سیاسەتێکی کورتخایەن بن،بەڵکو موڵکی نەتەوەیی و نیشتیمانین.
تۆفیق کەریم دەڵێت، "عەزیز گەردی دوو جیاوازی لەگەڵ نووسەرانی دیکە هەیە، یەکەم؛ هەرگیز باسی خۆیی نەکردووە و بەبێدەنگی خەریکی نووسین و وەرگێڕان بوو. دووەم؛ پیاوێکی گشتگیربووە و لە زۆر بواردا نووسیویەتی، ئەمەش وایکردووە بە 'موسوعە' وەسفبکرێت".
عەزیز ڕەئووف بۆ مەرگی عەزیزی گەردی سەرنج دەدا و دەنوسێت:
یەکەم: هێشتا وشە کاریگەری لەدەست نەداوە، هێشتا کتێب و وەرگێڕان و لاپەڕەکان لەم دنیا جەنجاڵەی تەکنەلۆژیا و شاشەکاندا، شوێنی خۆی چۆڵنەکردووە. هێشتا وەرگێڕی باش و تێکستی جوان و شاکارەکان بەبێدەنگی و لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان کاریگەری خۆیان هەیە. عەزیز گەردی لەو مەعدەنە بوو کە بە بێدەنگی لەڕێگەی وشە و وەرگێڕانەوە بێ ئەوەی حیساب بۆ شاشەکان بکا، ئیشی خۆی دەکرد.
دووەم: کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی تەواو مەرگدۆستە. ژیانی عەزیز گەردی نەدەبوو بە هەواڵ بەڵام مردنی هەواڵی کۆی میدیاکان بوو. عەزیز تا نامرد کەس لێی نەپرسیەوە، هیچ میدیایەک سەری نەکرد بە ماڵ و ژێرزەمینی کتێبخانەکەیدا، بەڵام کە جێیهێشتین مەرگی ئەم پیاوە ڕایچڵەکاندین نەک ژیان و کار و هەناسە و شەکەتی و ماندوێتی ئەم گەوهەرە لەسەر شانۆی ژیان.
سێیەم: عەزیز گردی کەمترین دەرکەوتنی هەبوو، تەنانەت جارێک دەزگای سەردەم خەڵاتی کرد، نەهات بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی. ئەو لەودیوی کامێرا و شاشەو سکرینەکانەوە ئیشی خۆی دەکرد. من خۆم دوورو نزیک نە بینیومە نە یەک وشەم گوێ لێبووە، نە چاوپێکەوتنیم بینیوە، بەڵام کتێبەکانی هەمیشە بەدەنگی بەرز دەدوان.
عەزیز گەردی ئەوپیاوەی لە دنیای پڕ لە دەنگەدەنگ و ژاوەژاودا بەبێدەنگی جێیهێشتین.
عەتا شامراوی رەخنەگر دەنوسێت:ژمارەی ئەوانەی لەسەر تەرمەکەی ئامادەبوون لە ژمارەی کتێبەکانی کەمتر بوون.
حمە سەعید حەسەنی نووسەر دەڵێت: ئەوانەی وێنەی مامۆستا (عەزیز گەردی)یان، بە کەساسی، لەسەر نوێنی مردن، بڵاو کردەوە، گەمژە بوون.
ھیوا قادری شاعیر نوسیویتی: من چەند قەرزاری تۆم مامۆستا عەزیز گەردی، تۆ فێری کوردیت کردم، دوو باڵت پێ بەخشیم تاکو بە زمانی کوردیی بفڕم و بیربکەمەوە، وات لێکردم بە باوەڕبەخۆبوونەوە بڵێم زمانی کوردی، خودای منە، نیشتیمانی منە، هەرە خۆشەویسترینە لەناو خۆشەویستەکانی ترمدا.
ماڵت ئاوابێت، کە ماڵی هەموومانت ئاوەدان کردەوە. تۆ ئەو بزیسکە نەمرەیت تا دورتر بکەویتەوە جوانتر و ڕەنگینتر دەبریسکێیتەوە. یادت هەمیشە بەخێر و جوانی بێت.
بهیانى ئهمڕۆ 6-6-2022 لهنهخۆشخانەی ژین لە شاری ھەولێر، لەتەمەنی 75 ساڵیدا بههۆى نهخۆشی هەوکردن و سستبوونی گورچیلەوە كۆچى دوایی كرد
*بەشێک لە بەرهەمەکانی مامۆستا عەزیز گەردی :
-ئاشورا
-ئافرەت رەگەزی بێ کەڵک
-ئەفسانەی ژاپۆنی
-ئەفسانەی سلاڤی
-ئەفسانەی فیرعەون
-ئەفسانەی هیندی
-ئەفسانەی ئێرانی
-ئەفسانەی ئەرمەنی (چارلز دونیتگ/وەرگێڕان )
-ئێمە ئەم شیعرەمان نوسیوە
-ئەدەب و رەخنە
-ئەدەبی بەراوردكاری
-ئەفسانەی ئەفریقی
-ئەفسانەی کوردی
-ئەگەر خۆر بمرێ (ئۆریانا فالاچی/وەرگێڕان) (ڕۆمان)
-ئەو پیاوەی بە تەنیا سەفەری کرد(ڕۆمان/وەرگێڕان)
-بیرەوەرییەکانی مامۆستایەک
-بەرنامەی خوێندن
-پڵنگ لە ڕۆژی دەیەمدا (کۆمەڵە چیرۆک)
-پیاوانی بەیانی
-پیاوێک (ئۆریانا فالاچی/وەرگێڕان) (ڕۆمان)
-پەخشانی کوردی
-پەنەلۆپە لە جەنگدا
-جۆڵای ئازا
-جوتیارێکی زیرەک
-چیرۆكەكانی كریلۆڤ
-چیرۆکی بەرئاگردان
-چیرۆکەکانی ئیزۆب
-چیرۆکین ناو بەندیخانە
-حاجی موراد
-حەفت گفتوگۆ
-خوا و شەیتان (تۆڵستۆی/وەرگێڕان)
-خەڵک بەچی دەژی
-داغستانی من
-داستانی حوسێنی کورد و چەند هەقایەتێکی تر
-درەختی چل داستان
-رابەری کێشی شیعری کلاسیکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی
-رۆمیۆو جولێت و مەم و زین
-ڕەوانبێژیی
-زارا عەشقی شوان
-ژیان و جەنگ و هیچی تر
-ساڵانی هەورین
-سولی ١٨
-سەروا
-شا عەباسی گەورە
-فەرهەنگی کێشناسی
-فەرهەنگی مەم وزینی خانی
-قوتیل
-قۆڵبڕ
-قەننە
-کچەی فەرماندە
-کۆمیدیا
-کێشناسی کوردی
-کاریگەریی گۆرانی لەسەر کوردیی ناوەڕاست
-گفتوگۆ لەگەڵ مێژودا
-گێلەکانی چێلم و مێژویان
-گەشتەکانی گەلیڤەر
-لاوەچ
-لەشکری روسی لە جەنگی عێراقدا
-لەگەڵ منداڵانی گوندەکەماندا
-ماینی چل جوانوو
-مەسەلەکە
-نامەیەک بۆ ئەو کۆرپە نێرینەیەی کە هەرگیز لەدایک نەبوو
-نامەیەک لە پەکینەوە
-هەقایەتی کوردەواری سێ دەتمام
-هەقایەتەکانی مەشدی گەلین خانم
-هەندێ باوەری ئاینی مەندائی
-هەندێ بەستەی کوردی
-هەندێ چیرۆکی ئیزۆپ
-یەزداندۆخت
سەرچاوە؛ هەتوانی کوردستان