كاوە ڕەش_ بهریتانیا
ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەی كاتژمێر ٦.٤٥ خولەكی بەرەبەیان لێكۆڵەرەوەكانیان شانبەشانی ئەفسەرانی یەكەی نیشتیمانی لە شاری گلۆستێرشایر، كوردێكی قاچاغچیان دەستگیرکردوە كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەگیان لەدەستدانی لانیکەم ٢٧ کۆچبەرەوە هەیە، کەلەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا لە هەوڵی پەڕینەوە بەدەربەندی ئینگلیزیدا خنکاون.
بەپێی ئاماژە پێدانی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا، بەناسنامەی قاچاغچیەكە، ناوی "ه. ئ. ئ"_ناوی سیانی لای زهمهن پارێزراوه_ تەمەنی ٣٢ ساڵە، لەناونیشانێک لەناوچەی چێڵتنهام دەستگیرکراوە.
شوێن پێ هەڵگرتن و دەستگیركردنی ئەو قاچاغچییە بەهاوكاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئەنجامدراوە كە كاریان كردوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو كارەساتەی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو کە بووەتە هۆی مردنی خنكانی دەیان كۆچبەر.
ناوبراو یەكێكە لەئەندامی گروپی تاوانە ڕێکخراوەکان، کە دەستی هەبووە لە گواستنەوەو پەڕاندنەوەی چەندین کۆچبەری نایاسایی بۆ بەریتانیا بەبەلەمێکی بچووک. لەنێویاندا یەكێك لەو بەلەمانەی هەوڵی پەڕاندنەوەی داوە بۆ بەریتانیا دوای جێهێشتنی کەناراوەکانی فەرەنسا، ژێر ئاو كەوتووە، بەهۆیەوە جگە لەدوو کەسی ناو بەلەمەكە، هەموویان گیانیان لەدەستداو تائێستاش چوار کۆچبەر بێسەروشوێنن.
دوای دەستگیرکردنی "ه. ئ. ئ"، بڕیارە ناوبراو سبەی لەبەردەم دادگای وێستمینستەردا ئامادەبێت، تا ڕێكارو ڕێوشوێنی ڕادەستکردنەوە دەستپێبكات لەگەڵ دەسەڵتدارانی فەرەنسا، چونكە كارەساتەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئاوی فەرەنسادا ڕوویداوە.
كرایك تۆرنەر، جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێ: ئەم ئۆپهراسیۆنە گرنگ و بەرچاوە، لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراواندا بووە، سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە بوونەتە هۆی خنكانی ئەو كۆچبەرانەی لەو كارەساتە دڵتەزێنەدا بوون لەبەندەرەكەدا.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو قاچاغچییەی ئەمڕۆ دەستگیرکراوە گومان دەکرێت ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووبێت، لەگیان لەدەستدانی بەئەنقەستی ناو بەلەمەكە.
ئەو بەرپرسەی ئاژانسەكە دەڵێ، ئەوان لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە فەرەنسییەكانیان بڕیاریانداوە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافی دادپەروەری بۆ کەسوکاری ئەو کەسانەی کە ژیانیان لەدەست داوە لەو كارەساتەدا، وەهەوڵی بێ ماندوبونیش دەدەن بۆ پەکخستن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی چەپەڵی تاوانکاریی و ڕێکخراوەیی قاچاغچییەكان، ئەوانەی تێوەگلاون لەبازرگانی كردن بەمرۆڤەوە.
وەزیری ناوخۆی بریتانیا، سوێلا براڤەرمان، لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو قاچاغچییەوە دەڵێ: سەرباری هاوخەمیی و هاوسۆزی بەردەوامی من، لەگەڵ خێزانی هەموو ئەو کەسانەی کە بەو شێوەیە کارەساتبار و خەمبارە گیانیان لەدەستدا لەم ڕووداوەدا، سوپاسی هەموو دەزگاکانی دیکە لەسەرانسەری بریتانیاو فەرەنسا دەکەم، بۆ کارە گرنگ و ماندونەناسانەیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و خێزانەکانیان لەڕێگەی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی کەپێمان وایە، بەرپرسیارن لە ڕووداوانە. دەبێ ئێمە دڵنیابین لەوەی، هێزی یاسا بەتەواوی بەسەر تۆمەتباراندا جێبەجێدەكرێت.
لە٢٤نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، بەلەمێكی پەناخوازان كە هەوڵی پەڕینەوەی دەدا لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا بەنایاسایی، لەكەناڵەكەدا تێكشكاو ژێر ئاو كەوت.
لەو ژمارەیە لانی كەم ٢٧پەناخواز خنكان و چوار كەسی دیكەش تائێستاش بێسەروشوێنن و تەنها دووكەس بەزیندووی ڕزگاریان بوو.
پەناخوازەكان زۆربەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێڕاق بوون و لەنێویاندا ٢٠ لەوان خەڵكی شارۆچكەی ڕانیەی سەر بەپارێزگای سلێمانی بوون.
لەساڵیادی ئەو كارەساتە تراجیدییەدا، كەناڵی (ئای تیڤی) بەریتانی، دۆكۆمێنتەریەكی ٦٠ خولەكی دەربارەی ئەو ڕووداوە بڵاوكردوە، كە نزیكەی یەك ساڵی خایاندوە لەبەرهەمهێنانی و تێدا بەشێك لەخێزانی قوربانییەكان و یەكێك لەڕزگاربوەكان، چیرۆكی كارەساتەكە دەگێڕنەوە.
هەروەها كەناڵی ئای تیڤی لەڕێگای ڕۆژنامەوانێكی كوردەوە بەنهێنی شوێن پێی قاچاغچییەكانی، دەنكیغ و كاڵاسی سەرسنوری فەڕەنسا هەڵدەگرێی و، لەوێ ڕەوشی بازرگانیكردن و پەڕاندنەوەی كۆچبەران تۆمار دەكات.
سەرچاوە: پەیسەر