عەبدولباست عومەر حەمەد
میللەتی کورد، دوای خەباتی دەیان ساڵە و پاش ئەو هەموو بەرخودانەی باشوور، بە چی گەیشتووە؟!
لەجیاتی حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو، دوو ئیدارە و دوو زۆنی زەرد و کەسک!
لەبری ژێرخانێکی ئابووری پتەو، برەودان بە کەرتی تەندرووستی گشتی، پێشخستنی سیستمی زانکۆکان و وەزارەتی پەروەردە، ژێرخانێکی داتەپاو و سیستمێکی تەندرووستی پاشکەفتە و شێوازێکی داڕزاوی خوێندن و پەروەردە.
لە جیاتی حکومەت، دەستووری دیوەخان و لەجیاتی یاسا ، حەز و میزاجی سەرۆکی خێڵ و لەبری دادگا بڕیاری دواکەوتوانەی سەرۆک عەشیرەت.
دوای ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەلەکەمان، گەیشتین بە کوێ؟!
تونێلێکی داخراوی ئەوسەرگیراو بە دزی لە داهاتی گشتی، خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی ڕەشوڕووت و هەژارەکان، تاڵانکردنی دەرامەتی سەرزەمین و ژێرزەمین.
بووین بە خاوەنی حکومەتێکی تاڵانکەری مووچەدزی گیرفانبڕ .
لە هەڕەشە و گوڕەشەی ریفراندۆم و جیابوونەوەوە، لۆ پاڕانەوە و ملکەچکردن بۆ بڕیاری بەغداد.
لە ئابووری سەربەخۆوە، بۆ مەمنوونبوون و داواکردنی شایستە داراییەکان لە حکومەتی مەرکەزی!
لە بانگەشەی درۆینەی هەولێر ئەکەین بە دوبەی، بۆ پیسی و بۆگەنی ئاو هەوا و کەشەکەی.
لە دامەزراندنی سیستمێکی دادپەروەرانەی باج و کرێ و ڕسوماتی حکومییەوە، بۆ کۆمپانیای تایبەتی گرووپەکانی بنەماڵەکان و بەشینەوەی داهات و دەسکەوتی تەواوی کەرتەکانی حکومەت بەسەر مناڵ و تواڵی بنەماڵەکانی خۆیاندا.
ئاخر پێم ناڵێن: کامەیە دەسکەوتی نیشتیمانیتان؟
کوا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکی ئاو و کارەبا و جادەوبانی پێشکەفتی؟
ئێوە نەک سەرکردە نەبوون و نین، بەڵکو فەرهوودچی نەوەتەکان و دزیاری نەفت و گازی هەنووکەن!
ئێوە ڕەگی گولیین بە شادەماری ژیان و گوزەرانی میللەتەکانەوە.
ئێوە ئەبێ بار بکەن و بڕۆن. بڕۆن ناوچەوانی خۆتان ڕەش بکەن و پاشەڵی پیستان دەرخەن.
شکستتان هێناوە و ئەمان شکست.
بڕۆن و بەر بە دواوە نەکەن.
کاتی ئاشبەتاڵی سەدەی بیستویەکتانە و لە دڵی جەماوەردا، بوونە بە چیرۆکێکی بێزراو .
وەک ساڵی 1975 جارێکی دی، کلکتان بخەنە نێو گەڵتان و ئاشبەتاڵێکی نوێی لێ بکەن و سا بەڵکو خودایە کەمێک ئێمەش ئاسوودەبژین و هەوای ئازادی هەڵمژین !