عەلی مەحمود محەمەد
ئێمە جیاین لە حاجی كاروان, بەڵی ئەوەی غەزە جینۆسایدە
لەم رۆژانە گفتوگۆیەكی گەرم لە هەناوی كۆمەڵگای كوردیدا هەیە لەسەر غەزە, گوایە چەپەكان و ئیسلامییەكان لە یەك بەرەدان بۆ غەزە, كورد بۆ ئەوان كێشە نییە .
لە كاتێك ئەم بەڕێزانە ئەم رەخنەیە دەگرن, كە رۆژئاوای كوردستان كەوتە مەترسیەوە سەدان چەپگەرا بگرە هەزارانیش لەسەرتاسەری جیهانەوە چوونە رۆژئاوا بۆ داكۆكی لەو ئەزموونە, زۆریشیان لە بەهەشتەكەی رۆژئاواوە رۆیشتن, لەم پێناوەدا دەیانیان گیانی خۆیان بەخت كرد, ئەم رەخنە گرانەش هەر لە فەیس بووكەوە درووشمیان دەدا, تا ئێستا درووشمێكی خۆیان نەكردووە بە كردار.
ئەوەی ئێستا لە غەزە دەگوزەرێت بە هەموو پێوەرێك جینۆسایدە, غەزە قەلای نگرە سەلمانێكە لە دەرەوەی زیندان, وڵاتێك سەرتاپا كراوە بە نگرە سەلمان, ئێمە وەك كورد كە 4 كەیسی جینۆسایدمان هەیە لە ماوەی 8 ساڵ لە دژمان ئەنجام درابێت, پێویستە لە هەمووان زیاتر هەست بەو جۆرە تاوانە بكەین بەرامبەر بە هەر گەل و نەتەوەو ئاینزایەك پیادە بكرێت, هەرچەندە هێشتا رێژەی مردنەكان غەزە لە چارەكی نگرە سەلمان تێپەڕی نەكردووە, كارەساتەكانی هەڵەبجە و نگرە سەلمان و دووبزو نزاركێ و بارزانی و فەیلی و شەنگال ترسناكتر بوون لە ئێستای غەزە وەك برسیەتییەكە, لەم لەحزەیەش كە هەردوو لامان تاوانی غەزە بە جینۆساید دەناسێنین , كە چەپڵە بۆ تاوان لێ نادەین بە هیچ بەهانەیەك, ئێمە لە گەڵ حاجی كاروانەكان لەم خاڵەشدا یەك ناگرینەوە, چونكە ئەو كۆمەكەكان بۆ یارەكانی خۆی دەنێرێت, ئارد و رۆنەكەی ئەوان بۆ ناو نەفەقەكانە, ئەگەر وانییە بۆ ئەو 180 كەسە لە برسان گیانیان بەختكرد, بۆ هاوكاری حاجی كاروانەكان برسییە راستەقینەكانیان نەدۆزییەوە تا نەمرن؟, هەروەها چاوی ئەوان كورتبینە تەنها هەندێك لە تاوانەكان دەبینێت.
ئێمە هەموو دۆزێك بە پرنسیبی خۆی دەپێوین نەك بە پێوەری ئیمان و هاوباوەڕی و هاوحیزبی, كێشەی ئەوان رێكخراوی حەماس و هاوباوەڕەكانی خۆیانە, كێشەی ئێمە برسییەكان و جۆری چەكی بەكار هاتوو و بەركەوتەی خەڵكی سڤیل و ژن و منداڵ و جۆری تاوانەكەیە, هەر ئەو تەرازوەی ئێمە كە ئەم تاوانەی پێ دەپێوین, تاوانی حەوتی ئۆكتۆبەریش بە جینۆساید دەناسێت كە حەماس ئەنجامی دا, هۆلۆكۆستیش بە جینۆساید دەناسێت, كۆمەڵكوژی ئەرمەن و ئێزیدی بە جینۆساید دەناسێت, لێرەدا چاوێلكەی حاجی كاروان ئەو تاوانانە نابینێت, ئەمەیە جیاوازییەكەمان, كێشەی ئەو خودی تاوانەكە نییە, بەڵكە جۆری ئەو مرۆڤەیە تاوانەكەی بەرامبەر دەكرێت, كێشەی ئێمەش خودی مرۆڤەكەیە كە جۆری تاوانەكەی بەرامبەر دەكرێت, سبەی حەماس سەت حەوتی ئۆكتۆبەر دووبارە بكاتەوە حاجی كاروانەكان چەپڵەی بۆ لێدەدەن.
لە كاتێكدا هیتلەر جووەكانی جینۆساید دەكرد, لەو كاتەدا ئەمین حوسێنی موفتی قودس دەستی لەگەڵ هیتلەرو مۆسۆلۆنی تێكەڵ كردبوو, لێرەدا ئێمە حوسێنی دەكەینە شەریكە تاوانی هیتلەر لە جینۆساید, بەڵام داوای هەڵوێست لە حاجی كاروان بكەین بەرامبەر حوسێنی دەبێت وەڵامی چی بێت؟, ئەمە ئەسڵی جیاوازییەكەمانە.
راستە حەماس دژ بە كورد هەڵوێستی هەبووە, بەڵام نە هەموو غەزە حەماسە, هەر دوێنی دژ بە حەماس هاتنە سەر جادە, نە هەموو هێزە فەڵەستینییەكانیش ئەمە هەڵوێستیان بووە, رۆژگارێك هاوكاریكەری پلە یەكی پێشمەرگە بوون لەو كاتەی هەموو جیهان دژمان بوو.
هاوكات هەڵوێست وەرگرتن لە تاوان بە پێوەری دەستەوایی دیاری ناكرێت, بەڵكە هەڵوێستێكی مرۆڤانەیە بەرامبەر بە خودی تاوان, زمانی وێنەو فلیمەكان ئاشكرای دەكەن ئەوە جینۆسایدە لە غەزە دەگوزەرێت, پێویستە نەتەنیاهۆ راگرترێت نابێت لەبەر تاوانی حەماس هەمووان سزا بدات بە مەرگ, پشتیوانی جینۆساید بەشدارییە لە تاوانەكە, با لە گەلێكی قوربانییەوە نەبینە چەپڵە لێدەری تاوانبار و پشكمان لە خوێنڕژاندن و برسییكردنەكان بەر بكەوێت.