جارێک کچە خوێندکارێک یۆنگ بەوە تاوانبار دەکات بۆتە ئەتایست، "یۆنگ"یش بەسەرسوڕماویەوە لە کچەکە دەپرسێت، ئەو بیرۆکەی لە کوێ هێناوە، کچەکەش گوتەیەکی یۆنگی هێنابۆوە کە لەوێدا خوێندبوویەوە یۆنگ گوتویەتی ئەو بڕوا ناکات خودا هەبێت.
یۆنگیش بە زەردەخەنەیەکەوە دەڵێت "خاتوونی ئازیز، لەسەرخۆبە، کاتێک پەیوەندیمان لەگەل شتێکی تایبەت دەبێت یان ئەزموونێکمان لەگەڵیدا دەبێت ــــ بروا/ئیمان وەک ئەوەی فاکتەرێک بێت کۆتایی پێدێت."
گەر هەڵەنەبم ڕیشەی ئەو گومانە لەو کاتەوە دەستی پێکرد، کە یۆنگ چاوپێکەوتنێکی ئەنجامدا لەگەڵ بەرنامەی ڕووبەڕوو، لە کەناڵێ "BBC"، لە مارسی 1959 و لە 22ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ پێشکەشکرا. بۆ ئەو ئەرکەش "جۆن فریمان" ڕاسپێردرا کە سەردانی ماڵەکەی یۆنگ لەکوسناخت (Küsnacht) بکات. ئەم چاوپێکەوتنە ئاوڕدانەوەیەکی خێرابوو بۆ کار و ژیان و بەشێک لە بیرو و بۆ چوونەکانی یۆنگ. زۆر باس و خواسی تێدا تاوتوێکرا و دەنگدانەوەیەکی گەورەیی لێکەوتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی پشت ئەو دەنگدانەوەش رەنگە پەیوەندی بە ڕاشکاوی ئەو بۆ چوونە هەبێت کە یۆنگ لە وەڵامی پرسیارێکی جۆن فریمان دایەوە، ئەویش کاتێک لێی پرسی "ئێستا باوەرت بەخودا هەیە؟" یۆنگیش دوای ڕامانێک و لە وەڵامدا دەڵێت"ئێستا؟ وەڵامدانەوەی گرانە!. دەزانم (کە هەیە). پێویستم بەوەنیە باوەڕم هەبێت، من دەزانم".
لەڕاستیشدا ئەم وەڵامە بۆ خەڵکێکی زۆر شوکهێنەر بوو، چونکە یۆنگ لە بنەماڵەیەکی ئاینیەوە هاتبوو، هەروەها باوکیشی قەشە بوو، ئەمەش وایکرد رۆژانە نامەیەکی زۆر و زەوەندی پێ بگات و لە کۆتایدا یۆنگ ناچار بوو روونکردنەوەیەک بدات لە گۆڤاری (The listener) و هەڵوێستی خۆی لەو بارەوە ئاشکرا بکات. رەنگە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو گومانە لەسەر یۆنگ هەبێت ئایا باوەڕدار بوو یان بێ بڕوا، یان یۆنگ خودایەکی دیاریکراوی دەناسی یان نا؟
رەنگە یۆنگیش هاوشێوەی پلاتۆن جیاوازی بکات لە نێوان زانین و باوەڕ. هەرشتێک لەسەر بنەمای ڕاستی نەبێت زانین نیە، ئەو زانینەی لە سێبەری سەر دیواری ئەشکەوتەکەوە بەدەستی دەهێنن لای پللاتۆن پێی دەگوترێت بڕوا. یۆنگ لە چاوپێکەوتنێکی تری خۆیدا کە بەر لە چوار ساڵ پێش ئەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنە ئەنجامیدابوو دەڵێت :
" هەموو ئەوەی فێری بووم، هەنگاو دوای هەنگاو بەرەو باوەڕێکی تەواوی بە بوونی خوای بردم. تەنها باوەڕ بەو شتە دەکەم کە دەیزانم. ئەوەش باوەڕکردن لادەبات و نایهێڵێ. لەبەرئەوە بوونی ئەو (خودا) وەک باوەڕ سەیرناکەم- من دەزانم کە ئەو بوونی هەیە."
کەواتە بەتێروانینێکی یۆنگیانە هەتا ئەو کاتەی بروامان بەشتێکە، ئەوشتە ناناسین. وە هەرکات ئەوشتەمان ناسی، چتتر بروامان بەوشتە نامێنێ. لەبەر ئەوەشە دەڵێت "بروام بەخودا نیە، دەیناسم".
لەگەڵ ئەوەشدا یۆنگ لە کتابی "دەروونناسی و ئایین" ئەو ئەگەرە رەتدەکاتەوە کە هەوڵەکانی ئەو بۆ ئەوەبێت کە بیسەلمێنێت خودایەک هەیە، بەڵكو تەنیا شتێک کە هەوڵەکانی ئەو دەسیەلمێنێت بوونی "وێنەی خودا"یە. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەڕوانگەی دەروونناسیەوە ناتوانرێت لەوە زیاتر شتێک لە بارەی خوداوە بڵێێن. هەر لەو نامەیەی کە بۆ گۆڤاری “The listener” ناردبوو دەڵێت :
"من لە چاوپێکەوتنەکدا نەموتووە کە ' خوایەک هەیە' ، من وتم ' دەزانم، پێویستم بەوە نیە باوەرم بە خوداهەبێت'. ئەوەش مانای ئەوە نیە خوایەکی دیاریکراو دەناسم ( زیۆس ،جۆشوا ، اللە ، یان خوای سیانی هتد.). بەلام باشترە بڵێم: ئەوە دەزانم کە من بە ئاشکرایی روبەروی فاکتەرێکی نەناسراو لە خودی خۆیدا بوومەوە و ناومناوە "خودا".
ئەو دەرکەوتە دەروونیەی کە یۆنگ باسی لێوەدەکات سەرچاوەکەی لە "کۆنەست"ەوە دێت، دەرکەوتەی وێنەی خوداش لای هەمووان وەک یەک نیە و هەر لەبەرئەمەشە وێنەگەلێکی جۆراو جۆری خودا دەبینین، هەموو وێنەکانیش جیاوازن لە وێنەی سروشتی خودا.
سەرچاوە :
1. دەروونناسی و ئایین، کارل گۆستاف یۆنگ.
2. https://bit.ly/34Z3j1W
3. نامەی یۆنگ بۆ گۆڤاری " The listener "
کارمەند عەزیز
سەرچاوە: galawej