گۆڤاری تایمزی بەریتانی: زانکۆی دهۆک یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و شەشەمی عێراقە

 

گۆڤاری تایمزی بەریتانی، ریزبەندیی زانکۆ عەرەبییەکانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە؛ زانکۆی دهۆک یەکەمی سەر ئاستی کوردستان و شەشەمی عێراقە.

رۆژی پێنجشەممە، 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ریزبەندی باشترین زانکۆ عەرەبییەکان بۆ ساڵی 2024 کە لەلایەن دامەزراوەی (Times Higher Education) بڵاوکراوەتەوە، زانکۆی دهۆک یەکەمى سەر ئاستى زانکۆکانى هەرێمی کوردستان و شەشەمى سەر ئاستى زانکۆکانى عێراقە."

د. داود سلێمان ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت: "خۆشحاڵین کە توانیومانە لە پلەی یەکەمی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بین و لە عێراقیشدا لە پلەکانی سەرەوەی ریزبەندیداین، ئەمە بۆ ئێمە پاڵپشتییەکی زۆر باشە و دەتوانین لە داهاتوو کاری باشتر و گەورەتر بکەین، ئێمە لە هەر پێنج پێوەرەکاندا نمرەی باشمان بەدەستهێناوە."

بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی دهۆک، "ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە کە پلەبەندییەکەی کردووە، پشتی بە چەندین سەرچاوە و رێکاری تایبەتی خۆی بەستووە، لەوانە؛ کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر زانکۆکان، پەیوەندیکردن بە کۆمەڵگە مەدەنییەکان، کۆمپانیاکان و هاوبەشانی زانکۆکان لە شار و وڵاتان بۆ پرسیارکردن دەربارەی زانکۆکان، جگە لەوەی بەشێکی زانیارییەکانیان لە سایتی فەرمیی زانکۆکانەوە کۆدەکەنەوە."

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەکات، "زانکۆی سلێمانى دووەمى هەرێمی کوردستان و نۆیەمى عێراقە؛ هەروەها زانکۆى سەڵاحەدین لە هەولێر سێیەمى سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و دەیەمى عێراقە، لەسەر ئاستی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانیش زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی چوارەمی سەر ئاستی عێراقە، ئەمە جگە لە 10 زانکۆى دیکەی حکومى و تایبەتى هەرێمى کوردستان لە پلەکانی سەرەوەی ریزبەندییەکەدان."

گۆڤاری تایمز بۆ خوێندنی باڵا، بە پشتبەستن بەم پێوەرانە هەڵسەنگاندنی بۆ ئاستی زانکۆکانی 22 وڵاتی عەرەبی کردووە:

- نێوبانگی وانەگوتنەوە

- ژینگەی فێربوون

- کوالێتی توێژینەوەکان

- نێودەوڵەتیبوون

- کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە

ساڵانە گۆڤاری تایمزی بەریتانی، هەڵدەستێت بە هەڵبژاردنی کۆمەڵێک زانکۆ و پۆلێنکردنیان، ساڵی رابردوو زانکۆی سلێمانی یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بوو.

لە ڕیزبەندییەکەی ئەمساڵی گۆڤارەکە، هەڵسەنگاندن بۆ زانکۆکانی ئەم وڵاتانە کراوە: جەزائیر، بەحرەین، کۆمۆرۆس، جیبوتی، میسر، عێراق، ئوردن، کوەیت، لوبنان، لیبیا، مۆریتانیا، مەغریب، عومان، فەلەستین، قەتەر، سعودیە، سۆماڵ، سوودان، سووریا، توونس، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و یەمەن.

زانکۆی شا عەبدوڵڵا لە سعودیە پلەی یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ عەرەبییەکانی لەم ساڵدا گرتووە و لە کۆی 100 نمرە 92.1ـی بەدەستهێناوە. هەروەها زانکۆی دهۆک 59.6ـی بەدەستهێناوە و لە ریزبەندی 43ـیەمینی وڵاتانی عەرەبیدایە.

سەرچاوە : ڕووداودیجیتال