*یه‌كه‌مین كتێبت (جۆزیف كۆنراد و ڕۆمانی بایۆگرافی) كه له ساڵی 1966دا بڵاوبوه‌وه‌و تێزه‌ی دكتۆراكه‌ی بوو له‌زانكۆی هارڤه‌رد، یه‌كه‌مین لێكۆڵینه‌وه بوو باسی له‌په‌یوه‌ندی نێوان نامه تایبه‌ته‌كانی "كۆنراد"و نۆڤلێتهكانی بكات. له‌و كتێبه‌دا گرنگی به‌چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌ده‌یت، وه‌ك: (شوناس، خود، فینۆمینۆلۆژیای بون، ئه‌وروپا مه‌ركه‌زی و.... هتد) كه دواتر ده‌بنه بابه‌تی سه‌ره‌كی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ڕۆمان. ئایا ئه‌م كتێبه هه‌نگاوێكی سه‌ره‌كی بوو به‌ره‌و سیستمێكی میتۆدی ده‌رباره‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌راوردكاری؟
- ئه‌م كتێبه‌و كتێبی (سه‌ره‌تاكان: مه‌به‌ست و میتۆد) دو كتێبی گرنگ بون. من به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوم زه‌مینه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ كێشه زۆر قوڵه‌كانی ژیانی رۆژانه بدۆزمه‌وه، ئه‌م كێشه‌یه‌ش لای "كۆنراد" كێشه‌ی شوناسه، یان راستر بڵێم كێشه‌ی نه‌بونی شوناس و هه‌ڵكه‌نران و كێشه‌ی زمان و به‌رده‌وامێتییه.
بۆیه بایه‌خم بهنۆڤلێت دا، چونكه هه‌ستمكرد ئه‌و پێگه‌یه‌یه كه "كۆنراد" ده‌یه‌وێت لێیه‌وه په‌ره بهنۆڤلێت بدات به‌ره‌و رۆمانی درێژ، یان بڵێم له‌فۆرمی كورت و بچوكه‌وه به‌ره‌و فۆرمی گه‌وره بڕوات، مه‌سه‌له‌یه‌ك كه به‌رده‌وام كێشه بوه. به‌مجۆره كهوتمهی تاوتوێكردنی تێكڕای ئه‌و لایه‌نه ئیشكالیانه لای "كۆنراد" و هه‌وڵمدا تابیخهمه ناو كۆنسێپتێكی كه‌م تا زۆر بابه‌تی لای خوێنه‌ر: (ژیانی كۆنراد، رێڕه‌وی، سه‌ركه‌وتنی، شكستی، هاوڕێیانی، ده‌ریاكان، پۆڵۆنیا....).
لێره‌وه ده‌ستمكرد به‌گه‌شه‌پێدانی میتۆدێك بۆ تاوتوێكردنی دو مه‌سه‌له به‌یه‌كه‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌راوردكاریانه. پێموایه به‌شێوه‌یه‌كی خاكیانه له‌و پرۆسه‌یه‌دا سهركهوتوبوم، به‌ڵام لێره‌دا پشتم زۆر به‌فه‌لسه‌فه‌ی بونخوازی و فینۆمینۆلۆژیای "میرلۆپۆنتی" و "مارتن هایدگه‌ر" به‌ستبو.
وه‌ك باسمكرد له‌كتێبی (سه‌ره‌تاكان)دا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوم رێچكایهكی نوێ بۆ خۆم بدۆزمه‌وه. پێموایه له‌و مه‌سه‌له‌یه‌شدا "فیكۆ" رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بو، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س بو به‌رچاوڕونی دامێ كه (سه‌ره‌تاكان كه‌شف ناكرێن، به‌ڵكو دروست ده‌كرێن و ده‌خوڵقێنرێن و فۆرمه‌لا ده‌كرێن). مه‌به‌ستمه بڵێم: (من كاتێك له‌ته‌مه‌نی سی ساڵیدا بوم، شته تهقلیدیهكانم ته‌واوكردبو، كتێبێك و هه‌ندێ وتار و لێكۆڵینه‌وه‌م نوسی بو. دوای ئه‌وه پێویستی ده‌كرد ناوێكم هه‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی تر).
ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش زۆری خایاند. له‌ساڵی 1966 ده‌ستی پێكردو به‌هۆی شه‌ڕه‌وه پچڕا، دوای ئه‌وه هه‌ستمكرد پێویسته گرنگی بهمیتۆدێك بده‌م بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌یه‌ك. ده‌ستنیشانكردنی میتۆد، فۆرمێك بو لهفۆرمهكانی سه‌ره‌تا، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ده‌ق و حیكایه‌ته‌كه بو.
مرۆڤ له‌كوێوه ده‌ست پێبكات؟ به‌ره‌و كوێ بڕوات؟ هه‌ردو كتێبی سه‌ره‌تام كه نوسیم، ده‌ره‌نجامی باشیان هه‌بو، چونكه هه‌ردوكیان ته‌واو هه‌ماهه‌نگ بون له‌گه‌ڵ شه‌ڕی 1967و گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ جیهانی عه‌ره‌ب. ساڵی 1969 چوم بۆ ئوردون و ساڵی 1970 كه روداوه‌كانی ئه‌یلولی ره‌ش رویاندا له‌وێ بوم، پاشان تێكه‌ڵ به‌بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی فه‌له‌ستینی بوم. هه‌مان ساڵیش ژنێكی لوبنانیم هێنا به‌ناوی "مریه‌م".
له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1972-1973، كتێبی (سه‌ره‌تاكان)م له‌به‌یروت ته‌واوكردو ده‌ستم به‌خوێندنی زمانی عه‌ره‌بی كرد، چونكه پێشتر ئه‌وكاره‌م به‌جدی نه‌گرتبو له‌قوتابخانه. من له‌ته‌مه‌نی پانزه ساڵیه‌وه، وازم له‌خوێندنی عه‌ره‌بی هێنابو. رۆژانه "ئه‌نیس فریحه" وانه‌ی پێدهوتمو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌ستم به‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ده‌قێكی مۆدێرن و كلاسیك كرد: "ته‌ها حسێن، تۆفیق حه‌كیم، نه‌جیب مه‌حفوز". پاشان ده‌گه‌ڕاینه‌وه لای كه‌له‌پور، بۆئه‌وه‌ی "غه‌زالی" و "ئیبن خه‌لدون" بخوێنینه‌وه كه بۆ من له‌و ماوه‌یه‌دا دۆزینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی فیكری بون. ئه‌مه‌و سه‌رباری خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندین ده‌قی شیعری و مێژویی.
وه‌ك پێموایه ئه‌و شتانه به‌ره‌و مه‌سه‌له‌ی خۆرههڵاتناسیان بردم. كاتێكیش له‌ساڵێ 1974 وه‌ك مامۆستایه‌كی میوان گه‌ڕامه‌وه هارڤه‌رد، جارێكی تر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هاته‌وه به‌مێشكمدا. ئه‌وه سه‌روه‌ختی شه‌ڕی 1973 بو، سه‌یرمكرد چۆن بتوانین روداوه‌كان بهتهمسیلیه میللیه‌كانه‌وه گرێ بده‌ین، روداوهوكان شتی سه‌ره‌كی بون و دوای ئه‌وه كێشه‌ی نواندن دێت كه مه‌سه‌له‌ی دوه‌مه. به‌مجۆره بایه‌خدانم به‌م شتانه ده‌ستی پێكرد، تا له‌دوایدا بو به‌كتێبی (خۆرهه‌ڵاتناسی).
*به‌رله‌وه‌ی بێینه سه‌ر باسی كتێبی (خۆرهه‌ڵاتناسی)، خاڵێك هه‌یه په‌یوه‌ندی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه هه‌یه حه‌ز ده‌كه‌م باسیكهین. زۆربه‌ی زۆری ئه‌و نوسینانه‌ی باس له‌ئیسلام و خۆرهه‌ڵات ده‌كه‌ن به‌گشتی، زیاتر بایه‌خ به‌و شوێنانه ده‌ده‌ن كه ده‌كرێت بهناوهندو سه‌نته‌ره‌كانی شارستانی ناویان به‌رین، یاخود گرنگی بهژێدهر و ده‌قه‌كان ده‌ده‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رچی كۆمه‌ڵگه‌و ژیانی رۆژانه‌و كه‌له‌پوری زاره‌كی و كولتوری زاره‌كیه، هیچ ئامادهگیهكیان نییه. ئه‌م دیارده‌یه چۆن سه‌یر ده‌كه‌یت و لێكدانه‌وه‌ت بۆی چییه؟
- سه‌ره‌تای هه‌شتاكان به‌قوتابخانه‌یه‌كی مێژونوسانی هیندستان ئاشنابوم پێیان ده‌ڵێن (دراسات التابع)، كۆی ئیشه‌كه‌یان پشت به‌سه‌رچاوه نهنوسراوهكان ده‌به‌ستێت. قوتابخانه‌یه‌ك له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژویی هه‌یه، پێیوایه مێژوی هیندستان بریتیه له‌و مێژوه‌ی ده‌سته‌یه‌كی ناسیۆنالست له‌ژێر كاریگه‌ری به‌ریتانیه‌كاندا نوسیویه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شوێن بایه‌خی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌یه ئه‌وه‌یه كه مێژوی هیند له‌میانه‌ی ململانێی هه‌ژارانی شاره‌كان‌و جه‌ماوه‌ری ئه‌و گوندانه‌وه ده‌بینێت كه هیچ ده‌ق و تێكستێك شك نابه‌ن.
تا ئه‌وكاته‌ی په‌یم به‌م قوتابخانه‌یه نهبردبو، نه‌مده‌زانی مێژوی دیكه هه‌یه، مێژویه‌كی میللی و نه‌نوسراو. ده‌كرێت میتۆدێكی ته‌واو و تایبه‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه بهێنرێته ئارا، وه‌ك ئه‌وه‌ی مێژونوسانی هند ده‌یكه‌ن، به‌ڵام من ئه‌م شته‌م له‌وڵاتانی عه‌ره‌بیدا نه‌بینی. من بۆ خۆم سه‌روكارم له‌گه‌ڵ فۆلكلۆر و سروته میللیه‌كاندا نیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی من به‌ڕه‌گه‌ز شاریم، به‌ڵام بایه‌خ به‌بونی ئه‌ده‌بی دیكه ده‌ده‌م كهزارهكیهو نه‌نوسراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش شتێكه كه وه‌ك گروپ هیچ قوتابخانه‌یه‌ك له‌قوتابخانه‌كانی مێژونوسانی عه‌ره‌ب ئاوڕیان لێنه‌داوه‌ته‌وه. ئه‌مه كارێكه ده‌بێت به‌گروپ بكرێت.
هندستان به‌درێژایی چوار سه‌د ساڵ كۆلۆنهی به‌ریتانیا بو، خوێندن له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیه‌كاندا بو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی رۆشنبیرانی هندستان توانیان دوای سه‌ربه‌خۆیی له‌ساڵی 1937دا، سود له‌و شتانه ببینن كه له‌سه‌ر ده‌ستی به‌ریتانیه‌كان فێری بون و ئه‌وه‌ش بكه‌نه كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌و تاوتوێكردنی "ماركس" و "گرامشی" و "رۆلان بارت" و .... هتد. ئه‌م هارمۆنیه‌ته نوێیه‌ش به‌كاربهێنن و به‌سه‌ر مێژوی تایبه‌تی خۆیاندا پراكتیزه‌ی بكه‌ن.
من پێموایه ئێمه له‌وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ته‌نها فۆتۆكۆپی راسته‌وخۆ ده‌كه‌ین. هه‌ركه‌سێك كتێبێكی "فۆكۆ" یان "گرامشی" ده‌خوێنێته‌وه، ده‌ستبه‌جێ حه‌ز ده‌كات ببێته گرامشهوی و فۆكۆوی. هه‌وڵێك نییه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و دیدوبۆچونانه بگۆڕێت بۆ شتێك كه په‌یوه‌ندی به‌جیهانی عه‌ره‌بیه‌وه هه‌بێت. ئێمه تائێستاش له‌ژێر كاریگه‌ری خۆرئاواداین، له‌ئاستێكی زۆر نزم و دۆنیداین. سه‌یری ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خه‌ڵكانی باكوری ئه‌فریقا ده‌كه‌م كه پێشتر كۆلۆنهی فه‌ره‌نسا بون، وا ده‌نوسن وه‌ك ئه‌وه‌ی قوتابی "فۆكۆ" یان "دێریدا" یاخود "تزڤیتان تۆدرۆف"بن. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جۆرێكه له‌فانتازیای دوباره‌كردنه‌وه و جوینه‌وه كه زۆرجار مایه‌ی گاڵته و پێكه‌نینه، به‌بڕوای من به‌شی زۆریشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێكی نوقسان هه‌یه ده‌رهه‌ق بهههقیهقتی خۆرئاوا و خۆرئاوای راسته‌قینه.
ئه‌وانه‌ی لای ئێمه ته‌نها گرنگی به‌لایه‌نێك ده‌ده‌ن. بۆ نمونه، یه‌كێك هه‌ڵده‌ستێت به‌نوسینی باسێك ده‌رباره‌ی فه‌ره‌نسا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك ده‌رباره‌ی جیهانی ئه‌نگلۆ - سه‌كسۆنی بزانێت. تۆ نا‌توانیت به‌وشێوه‌یه باسی خۆرئاوا بكه‌یت، هه‌روه‌ك پێموایه نا‌توانیت ئه‌و كاره بكه‌یت، گه‌ر زۆر شت ده‌رباره‌ی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا نه‌زانیت، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر نه‌ك خۆرئاوا به‌ته‌نها، به‌ڵكو له‌سه‌ر ته‌واوی وڵاتانی جیهان به‌گشتی. له‌هیچ زانكۆیه‌كی عه‌ره‌بیدا یه‌ك كۆلێژ نییه تایبه‌ت به‌ئه‌مریكا. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی شتێكی سه‌یره.
دو زانكۆی گه‌وره و سه‌ره‌كی ئه‌مریكی هه‌ن له‌وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، یه‌كێكیان له لوبنان و ئه‌وی دیكه‌یان له قاهیره، به‌ڵام هیچ یه‌كێكیان له ئه‌مریكایان نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه. ئه‌مه ئیماژهیهك نیه له‌دژی ئه‌وان، به‌ڵكو له‌دژی ئێمه‌یه، چونكه ئێمه داواماننهكردوه زانكۆكانمان كۆلێژی وا له‌خۆی بگرێت كه تایبه‌ت بێت به ئهمریكاناسی و به شێوه‌یه‌كی جدی و زانستی له‌ئه‌مریكا بكۆڵێته‌وه. ئێمه ته‌نها یه‌كێك له‌م دوشته شك ده‌به‌ین: یان دروشمی قه‌به دژی خۆرئاوا (كۆلۆنیالیزم، ئیمپریالیزم..)، یان چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی بچوك له لاسایكهرهوهكان (هیگڵییه‌كان، ماركسیسته‌كان، دێریداییهكان)، ئه‌وانه‌ی به‌چاكی زمانه‌كه‌ش نازانن. بۆ نمونه "گرامشی" له‌ئینگلیزیه‌وه كراوه به‌عه‌ره‌بی نه‌ك له ئیتاڵیه‌وه، "لۆكاچ" له‌فه‌ره‌نسیه‌وه وه‌رگێڕدراوه نه‌ك له ئه‌ڵمانیه‌وه. "ماركس"یش له ئینگلیزیه‌وه كراوه.
ئه‌مه‌ش بۆ خۆی مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر ئیشكالیه. من پێموایه ئێمه تائێستاش وه‌ك پێویست له‌رۆشنگه‌ری و ئازادی (به‌مانا فیكریه‌كه‌ی)، به‌هره‌مه‌ند نه‌بوین. له‌م مه‌سه‌له‌یه‌شدا به‌بڕوای من رۆشنبیران به‌رپرسیارن و نابێت شته‌كه بخه‌ینه ئه‌ستۆی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و سه‌ركۆنه‌ی ئه‌وان كه‌ین.
*له‌كتێبی (خۆرهه‌ڵاتناسی) قه‌ڵه‌مبازێكی رادیكاڵانه له‌گرنگی دانی تۆدا به‌هێزی سیاسی رویدا، به‌وپێیه‌ی جۆرێكه لهدیسكۆرس و باست لهوهكردوه كه خۆرهه‌ڵاتناسی وه‌ك بزاوتێكی ئایدیۆلۆژی و میتۆدێك، ئامرازێكه بۆ به‌رهه‌مهێنانی شوناسی خۆرئاوا، وه‌ك چۆن ئامرازێكه بۆ دروستكردنی شوناسی فانتازیانه‌ی خۆرهه‌ڵات. هه‌روه‌ها ئامرازێكیشه بۆ به‌هێزكردنی ئیراده‌ی خۆرئاوا، به‌مه‌به‌ستی سه‌پاندنی هه‌ژمونی خۆرئاوا به‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتدا. ئه‌م قه‌ڵه‌مباز و گۆڕانكاریه بۆ یه‌كه‌مین جار كه‌ی رویدا؟
- وه‌ك پێشتر باسمكرد، پێموایه مه‌سه‌له‌كه له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ساڵی 1973دا ده‌ستی پێكرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌چاوی خۆم بینیم چی له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا روده‌دات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆشم ده‌مزانی، هیچ یه‌ك له‌مانه له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی له‌میدیاكانی ئه‌مریكادا باسده‌كران، وه‌ك یه‌ك نه‌بون.
دواتر هه‌ستمكرد ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌خۆرئاوادا ده‌یبینێت و ده‌یخوێنێته‌وه، به‌شێكه له‌و سیستمی وێناكردنه‌ی تا ئه‌وكاته به‌شێوه‌یه‌كی قوڵ و میتۆدی باسی لێوهنهكرابو، لێره‌وه من ئه‌و ئه‌ركه‌م گرته ئه‌ستۆو ده‌ستم به‌و كاره كرد. كاره‌كه‌م له‌زستانی 1973 ده‌ستپێكرد، سه‌رده‌مێك كه خه‌ریكی هه‌ڵه‌چنی ره‌شنوسی كتێبی (سه‌ره‌تاكان) بوم. ئه‌وكات لههارڤهرد بوم. پاشان نۆ مانگی دوای ئه‌وه، پڕۆژه‌كه وه‌كو پێویست به‌ره‌وپێشچو. ئه‌وكاته زۆر سه‌رقاڵ و ماندو بوم. كچێکمان بو، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی وانهوتنهوهیهكی چڕوپڕم هه‌بو. له‌كۆتاییه‌كانی ساڵی 1973دا پڕۆژه‌ی كتێبه‌كه‌م داڕشت، له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوم ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنهوهكان قایل بكه‌م، بۆم چاپ بكه‌ن.
بیرمه سه‌ره‌تا زۆر به‌پیرمه‌وه نه‌ده‌هاتن، به‌ڵام باشترین شتێك كه له‌و ماوه‌یه‌دا به‌سه‌رمداهات، ئه‌وه‌بو له‌كانونی دوه‌م یان شوباتی ساڵی 1975دا، بواری ئه‌وه‌م بۆرهخسا كه ساڵی خوێندنی 1975 -1976 پڕاوپڕ له‌كالیفۆرنیا به‌سه‌ربه‌رم. ده‌توانم ئه‌و ماوه‌یه‌ش له‌ڕوی فیكریه‌وه، به‌پیترین و پڕ به‌رهه‌مترین ساڵه‌كانی ژیانم دابنێم.
له‌وماوه‌یه‌دا ته‌واو له‌وانه‌وتنه‌وه دوركهوتبومهوه (ئه‌وكاته لهبرنستۆن بوم له‌سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ره‌فتارناسی). ته‌له‌فۆنم نه‌بو، بوارێكی چاكم بۆ رهخسابو، هه‌ربۆیه دنیام وه‌لاوه‌ناو، ته‌نها خه‌ریكی خوێندنه‌وه بوم. هه‌رچی شتێك په‌یوه‌ندی به‌و ئامانجه‌وه هه‌بو كه‌ناوی (خۆرهه‌ڵات)ه، ده‌مخوێنده‌وه.
ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م و دو منداڵه بچكۆلهكهمدا له‌كالیفۆرنیا بوم، شه‌ڕی ناوخۆ له‌لوبنان هه‌ڵایسا. هاوكات هه‌ر له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، شه‌ڕی ناوخۆ خه‌ریكبو جیهانی عه‌ره‌بی وێراندهكرد. یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی (خۆرهه‌ڵاتناسی) بهنوسینێكی رۆژنامه‌نوسی فه‌ره‌نسی "تیری دیگاردان" ده‌ستپێده‌كات كه سه‌درانی بێروتی كردبو، به‌داخ و كه‌سه‌رێكی زۆره‌وه له‌ناوجه‌رگه‌ی ئه‌و شاره وێرانه‌وه نوسیویه‌تی: (بێروت وا دێته پێشچاو، وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژێك له‌رۆژان سه‌ر به‌خۆرهه‌ڵاتی شاتۆبریان و جیرار دو نێرڤاڵ بوبێت).
له‌كاره‌كه‌مدا چوبومه پێش، به‌ڵام ده‌بو ده‌سپێك و مه‌به‌ست و میتۆدێك بدۆزمه‌وه، بۆئه‌وه‌ی ده‌مویست بینوسم. له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوم بگه‌مه ئاكامێك، بتوانێت ته‌واوی سیستمی وێناكردن رزگاربكات. من بۆخۆم نازانم له‌و هه‌وڵه‌مدا سهركهوتوبوم یان نا، به‌ڵام بیرۆكه‌ی كاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌بو كه سیستمی هه‌ژمونگه‌ری و خراپه‌كاری وێناكردن كه ناوی (خۆرهه‌ڵاتناسی)یه، بهفهزایهك بگۆڕم رێگه‌مان پێبدات وه‌ك میلله‌تێك تا مێژوی تایبه‌تی خۆمان بنوسینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستی بێت پرۆسه‌ی نوسینه‌وه‌ی ئه‌و مێژوه روینه‌دا.
*ئایا پێناسه‌یه‌كی پانوپۆڕو هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه بۆ خۆرئاوا؟ چۆن باس له‌و هه‌مو جیاوازیه زۆره كولتوری
و مێژووی و ئابوریانه بكه‌ین؟ بۆ نمونه ژاپۆن له‌كوێی ئه‌و پێناسه‌یه‌دا داده‌نێیت؟ به‌واتایه‌كی دی شتێك هه‌یه بتوانین پێی بڵێین خۆرئاوا؟
- زیاد لهخۆرئاوایهك هه‌یه. هه‌رگیز قه‌ناعه‌تم به‌وه نه‌بوه كه خۆرئاوا تاك ره‌هه‌ند و چونیهكه. من هاوڕام له‌گه‌ڵ تۆ كه جۆرێك لههارمۆنیهتی ئه‌وروپی هه‌یه له‌ڕوی كولتوریهوهو ده‌توانین په‌ی پێبه‌رین. ئه‌مه ئه‌مریكاش ده‌گرێته‌وه، به‌تایبه‌ت كاتێك سه‌رنج له‌و مشتومڕو گفتوگۆیانه ده‌ده‌ین كه ده‌رباره‌ی فره کولتورییە له‌ئارادایه، نه‌یارانی ئه‌م فره كلتوریه ده‌ڵێن: (ئه‌مریكا به‌شێكه له‌كه‌له‌پوری خۆرئاوا، كه‌له‌پوری یه‌هودی - مه‌سیحی). گرنگترین شتێك له‌م مشتومڕو گفتوگۆیانه‌دا (كه من ده‌مه‌وێت زۆر وردبم له‌گه‌ڵیدا)، ئه‌وه‌یه هه‌مویان گوتار و به‌ڵگه‌ی ململانێ و وێناكردنن و وه‌ك خۆیان بونیان نیه.
رێگه بده لێره‌دا باس له (ئیسلام) بكه‌ین. (ئیسلام) بریتیه له پێگه‌یه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ی ناكۆك و دژ به‌یه‌ك، ئه‌مه‌ش واده‌كات خه‌ڵكی بڵێن: (ئیسلام ئائه‌مه‌یه)، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌ك بۆ (ئیسلام) له‌به‌رده‌ستدا نیه. دواجار ئه‌مه بوه جێ بایه‌خی من، چونكه گه‌ر هاتو بڕوات به‌وه هێنا كه كو‌لتور خه‌سڵه‌تێكی نه‌گۆڕی هه‌یه‌و شوناس ئه‌وه‌یه كه هه‌یه‌و ناگۆڕێت، ئه‌وا ئه‌وكات مێژو مه‌حف ده‌بێته‌وه‌و نامێنێت، توانای ئه‌وه‌ت نابێت مێژو بنوسیت، یاخود بیر لهمیژو یان تیۆره یاخود هه‌ر شتێكی تر بكه‌یته‌وه كه په‌یوه‌ندی بهمێژوهوه هه‌بێت.
ئه‌وكات مێژو ده‌بێته تۆماری ئه‌و شتانه‌ی رویانداوه‌و روده‌ده‌ن، به‌ڵام من پێموایه مێژونوس یان لێكۆڵیار یان هه‌ر سیفه‌تێكی دیكه كه كه‌سێكی وه‌كو من هه‌ڵگری بێت (له‌م روه‌وه من خۆم نازانم كێم)، به‌شێكی یان لایه‌نێكی سه‌ره‌كیه له‌م كێشه‌یه‌دا. به‌مجۆره مرۆڤ هه‌ڵده‌ستێت به‌و جیاكاری و جیاوازیانه‌ی باسمكرد:(خۆرئاوا هه‌یه، بیرۆكه‌ی كولتوریی ده‌رباره‌ی خۆرئاوا و ده‌سه‌ڵاتی ئابوریی خۆرئاوا.. شتی له‌مجۆره هه‌یه).
*یه‌كێك له‌و ره‌خنه سه‌ره‌كیانه‌ی ئاڕاسته‌ی كتێبی (خۆرهه‌ڵاتناسی) ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه تۆ كه‌متازۆر هه‌وڵی خۆرهه‌ڵاتناسه ئهڵمانیهكانت فه‌رامۆشكردوه. هاوكات لهباسوخواسی خۆرهه‌ڵاتناسیدا، دیدگایه‌كی ره‌خنه‌یی به‌رفراوانتر هه‌یه كه "ئه‌لبێر حۆرانی" و "مه‌كسیم رۆدنسۆن" نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و ره‌خنه ئاڕاسته‌ی تێزه‌كانی تۆ ده‌كه‌ن، وه‌ڵامت بۆ ئه‌م دو مه‌سه‌له‌یه چیه؟
- من زۆر به‌ڕونی باسم له‌وه كردوه ئه‌وه‌ی من ده‌رباره‌ی خۆرهه‌ڵاتناسی ده‌یكه‌م، هه‌مو ئه‌و شتانه نیه كه باس له‌خۆرهه‌ڵات ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ته‌نها باسم له‌دیدگای ئه‌و هێزانه كردوه كه به‌رژه‌وه‌ندی كۆلۆنیالیان له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بوه، وه‌ك: (فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و پاشان وڵاته یه‌كگرتوه‌كان له‌دوای دوه‌م جه‌نگی جیهانیه‌وه).
خه‌ڵك ده‌توانن چۆنیان پێخۆشه، به‌وجۆره خۆرهه‌ڵاتناسی ئه‌ڵمانی بخوێننه‌وه. دیدگای من به‌تایبه‌تی، گرنگیدان نه‌بو به ئێپستمۆلۆژیای تێكڕای لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌رباره‌ی خۆرهه‌ڵات، به‌ڵكو بایه‌خدان بوه به‌و به‌شه‌ی ده‌رگیری پرۆژه‌ی ئیمپریالیزم بوه. گه‌مژه‌یی ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام ئه‌م ره‌خنانه دوباره‌ده‌كه‌نه‌وه (گه‌ر بشێت ناوی ره‌خنه‌ی لـێ بنێین)، وام لێده‌كات بڵێم ئامانجی ئه‌وانه ده‌رخستنی زیره‌كی و شاره‌زایی خۆیانه‌و ده‌یانه‌وێت بڵێن، ئێمه ده‌زانین كتێبگهلێكی ئه‌ڵمانی هه‌یه ده‌رباره‌ی خۆرهه‌ڵات، به‌ڵام حه‌زده‌كه‌م یه‌كێك له‌وانه بێت و پێمبڵێت، چ شتێك لهخۆرههڵاتناسی ئه‌ڵمانیدا به‌كه‌ڵكی بابه‌ته‌كه‌ی من دێت.
من خۆم رێز له‌هه‌مو ره‌خنه‌یه‌كی جدی و تۆكمه ده‌گرم، به‌ڵام خه‌ڵكانی وه‌ك "ئه‌لبێر حۆرانی" و "مه‌كسیم رۆدنسۆن" كه وه‌ك یه‌ك رێزیان لێده‌گرم، هه‌رگیز له‌و به‌هانه جه‌وهه‌ریه حاڵی نه‌بون كه بریتیه له‌په‌یوه‌ندی نێوان مه‌عریفه و ده‌سه‌ڵات. ئه‌ڵبه‌ت هه‌ریه‌ك له‌وان وه‌ك خۆرهه‌ڵاتناسێك قسه ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دایه به‌رگری له‌و شتانه بكات كه به‌رهه‌می هێناون.
من لۆمه‌یان ناكه‌م و له‌هه‌ڵوێستیان تێده‌گه‌م، به‌ڵام به‌گشتی باس له‌شتێك ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نیه كه من نوسیومه. ئه‌كادیمیسته دۆگماكان، ئه‌وانه‌ی له‌باره‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه نوسیویانه، له‌وانه‌ش "لویس ماسینیۆن" و "هامیلتۆن جیب" كه رێزیان لێده‌گرم، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی رێزیان ناگرم، هه‌ر ئه‌وانه‌ن تا هه‌نوكه‌ش باڵاده‌ستن له‌كایه‌ی خۆرهه‌ڵاتناسیدا.
با وه‌ك نمونه‌یه‌ك "ئه‌لبێر حۆرانی" وه‌ربگرین. راوبۆچونی ئه‌و ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پشت ئه‌ستوره به‌سیاسه‌تی ئه‌عیان و بهسیاسهتێك كه به‌ره‌نجامی جۆرێكی دیاریكراوی په‌یوه‌ندی دو لایه‌نه‌یه، له‌نێوان ده‌سته‌بژێری نه‌ته‌وه‌یی و هێزه ئیمپریالیسته‌كان.
"ئه‌لبێر حۆرانی" به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌رهه‌می ئه‌و پهیوهندیانهبو. من ره‌خنه‌م قبوڵه، به‌ڵام پێموایه بۆچونه‌كانی ئه‌و به‌دحاڵی بونه له‌وه‌ی من وتومه. باری سه‌رنجه‌كانی "مه‌كسیم رۆدنسۆن"یش ناقۆڵایهو به‌وپێیه‌شی كۆنه ستالینیه، ناتوانێت له‌هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه تێبگات. من پێموایه ره‌خنه‌گر نیه‌و له‌ره‌خنه و میتۆدی ره‌خنه‌یش تێناگات.
*له‌وتاره بهناوبانگهكهتدا (چاوخشاندنه‌وه بهخۆرههڵاتناسی)دا، رستێك كێشه‌ی زۆر گه‌وره و گرنگ باسدهكهیت كه په‌یوه‌ندیان به‌ئاقاری مێژوگهرێتی خۆرئاواوه هه‌یه، لای هه‌ریه‌ك له: "ڤیكۆ و هیگڵ و ماركس". پێتوایه هه‌وڵه‌كانی تۆ به‌تایبه‌تی و له‌گه‌ڵ هه‌وڵی كه‌سانی وه‌ك: "هایدن وایت" و "ریچارد ئۆمان" و "ریچارد بوارییر" و "فردریك جیمسۆن" و "ئیقبال ئه‌حمه‌د" و "ماساو میوشی"، بتوانێت ئه‌و بازنه‌ی ههژمونگهریه تێكبشكێنێت كه به‌رهه‌می مێژوگهرێتی ئه‌وروپیه؟ ئایا ئه‌م هه‌وڵانه ده‌بنه ئه‌لته‌رناتیڤی خۆرهه‌ڵاتناسی وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌ك؟
- به‌ڵێ پێموایه‌و ته‌واو له‌گه‌ڵ بۆچونهكهتدام، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه هیچ یه‌ك له‌وانه‌ی ناوت هێناون، وه‌ك ئایدیایه‌ك بایه‌خ بهخۆرههڵاتناسی ناده‌ن. بۆ نمونه "هایدن وایت"، ده‌رباره‌ی سه‌رو مێژو له‌گه‌ڵ شتگه‌لێكی گرنگی تر نوسیویه‌تی لهكایهیهكی تیۆریدا.
ئه‌وه‌ی پێویستمان پێیه‌تی ئه‌وه‌یه، هه‌وڵبده‌ین ئه‌و رێوشوێنه تیۆریانه‌ی ئه‌وانه‌ی تۆ ناوت بردن پێشكه‌شیان كردوه، وه‌ربگرین و پاشان به‌سه‌ر كایه‌یه‌كی دیهكدا، جیاواز لهتیۆریاو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی پراكتیزه‌ی بكه‌ین."ماساو میوشی" له‌كتێبه‌كه‌یدا (دور له‌سه‌نته‌ر) هه‌وڵێكی له‌وجۆره‌ی داوه. ئه‌مه‌ش هه‌وڵێكی ده‌گمه‌نه، به‌ڵام من پێموایه ئێمه له‌ناوچه‌كه‌ی خۆماندا پێویستمان به‌هه‌وڵی زیاتره، چونكه ئه‌مجۆره له‌ڕه‌خنه ده‌توانێت نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی فیكری، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی سیاسیش كار بكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تاچه‌نده به‌رهه‌می ئه‌وانه ناسراوه له‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌دا؟ هه‌روه‌ها بڕێكی زۆر له‌ناوچه‌گه‌رێتی به‌كار و به‌رهه‌می ئه‌وانه‌وه دیاره.
له‌مباره‌یه‌وه نمونه‌یه‌كت ده‌ده‌مێ. زۆرێك لهروناكبیرانی عه‌ره‌ب كه دێن بۆ ئه‌مریكا تا وانە بڵێنه‌وه یاخود ده‌رباره‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بنوسن، گرنگی به‌و شتانه‌ی تر ناده‌ن كه له‌ده‌وریان روده‌دات. "سادق جه‌لال ئه‌لعه‌زم" كه گوایه ره‌خنه‌گرێكی مه‌زنه، ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ئه‌مریكا بو، هه‌مو ئه‌وه‌ی كه كردی ئه‌وه‌بو ده‌رباره‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وانه‌ی به‌منداڵانی ئه‌مریكا ده‌وته‌وه. ئه‌مه جۆرێكه له‌هه‌رێم چێتی و ناوچه‌گه‌رێتی، جۆره نێرگسیهتێك لای هه‌ندێك له‌رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب كه جێگه‌ی داخه.
"ئه‌نوه‌ر عه‌بدولمالك" تاڕاده‌یه‌ك توانی وه‌ك پێویست ئاگاداری مه‌سه‌له‌كانی خۆرئاوا بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌می سه‌ره‌كی جیهانی عه‌ره‌بی بێت، به‌ڵام وازی له‌مه هێناو گه‌ڕایه‌وه سه‌رئه‌وه‌ی به‌ته‌نها گرنگی به‌كاروباره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بدات. لێره‌دا كێشه‌مان هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نها بایه‌خ به‌خۆمان ده‌ده‌ین.
بۆ نابێت وه‌ك عه‌ره‌ب به‌شداری زۆر گرنگمان، له‌باس و لێكۆڵینهوهنوسین له‌سه‌ر فه‌ره‌نسا یان ئه‌ڵمانیا یاخود ئه‌مریكا هه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی كتێبخانه‌كان بده‌یت لێره له‌پاریس، ده‌بینیت عه‌ره‌ب كۆت و ده‌ستبه‌سراوی حاڵهتێكن له (گیتۆ)، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌فه‌ره‌نسی ده‌رباره‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب ده‌نوسن و وه‌ك سیخوڕیی لۆكاڵی سه‌یریان ده‌كرێت.
چه‌ندین رۆشنبیری لاوی عه‌ره‌ب بۆ نمونه له لوبنانه‌وه دێن بۆ وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، تا تێزێك ده‌رباره‌ی لوبنان بنوسن و لێیان ده‌پرسم: (بۆ له‌باره‌ی ئه‌مریكاوه نانوسن؟ ئێوه بۆ ئه‌وه لێره نین تا له‌باره‌ی خۆتانه‌وه بنوسن. ده‌توانن له لوبنان ده‌رباره‌ی لوبنان بنوسن. لێره پێویسته له‌سه‌رتان ده‌رباره‌ی ئه‌مریكا بنوسن و به‌شداربن له‌و دیبه‌یتانه‌دا كه سه‌باره‌ت به‌ئه‌مریكا ده‌كرێت).
*هه‌نوكه دۆخێكی ناخۆش و دژوار ده‌ژین، به‌ده‌ست ژماره‌یه‌ك ئه‌نسرۆپۆلۆژیست و سۆسیۆلۆژیست و سیاسهتناسهوه كه به‌چڕی و به‌رده‌وام ده‌رباره‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌نوسن، بێ هیچ زانیاریه‌ك و ته‌نانه‌ت بێ ئه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بیش بزانن. تۆ پێت وانیه ئه‌وانه زۆر خراپترن له‌وانه‌ی خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره كۆنه‌كان بون لهخۆرههڵاتناسی ته‌قلیدیدا؟
- تۆ زۆر راست ده‌كه‌یت، به‌تایبه‌ت بۆ رۆژنامه‌نوسان. بۆ نمونه له‌رۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز)دا كچه رۆژنامه‌نوسێك هه‌یه، ناوی "جودێت میلله‌ر"ه. ئه‌م كچه زیاد له بیست ساڵه ده‌رباره‌ی ئیسلام و جیهانی عه‌ره‌بی ده‌نوسێت و وه‌ك خۆی ئیعتراف ده‌كات یه‌ك وشه عه‌ره‌بی نازانێت، كه‌چی پسپۆڕه له‌كاروباری ئیسلام و جیهانی عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
"ئه‌رنست گیڵنه‌ر"یش نمونه‌یه‌كی زه‌قی تره. ئه‌م پیاوه ئهنسرۆپۆلۆژیستهو یه‌ك وشه عه‌ره‌بی نازانێت، به‌ڵام ده‌رباره‌ی عه‌ره‌ب ده‌نوسێت. به‌ناوێكی گه‌وره‌ی ئه‌نسرۆپۆلۆژی داده‌نرێت له‌كاروباری مهغریبیداو كه‌سیش شان نادات له‌شانی!. ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر باو و بڵاوه‌و من هاوڕام له‌گه‌ڵتدا كه ئه‌وانه بهدترن له‌شوێنه‌واره كۆكه‌ره‌وه‌كانی نه‌وه‌ی پێش‌و. هه‌ر ئه‌مه‌شه بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی من رێزێكی زۆرم بۆ كه‌سانی وه‌ك "لویس ماسینیۆن" هه‌بێت كه پیاوێكی زۆر زانا بو. ئه‌م پیاوه نه‌ك هه‌ر عه‌ره‌بی بگره فارسی و زمانه خۆرههڵاتیهكانی دیكه‌شی ده‌زانی و له‌وێش ده‌ژیا.
*"ئه‌رنست گلنه‌ر" له‌پاشكۆی ئه‌ده‌بی (تایمز)دا ره‌خنه لهكتێبهكهت ده‌گرێت (كلتور و ئیمپریالیزم) 1993، قسه‌ت چیه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی؟
- پێموانیه ئه‌وه‌ی نوسیویه‌تی ره‌خنه بێت لهكتێبهكهم، به‌ڵكو هێرشه بۆ سه‌ر خودی خۆم. من لای ئه‌و كه‌سێكم هیچ گرنگیه‌ك به‌كاره‌كانی ناده‌م، پێشموایه كاره‌كانی زۆر روكه‌ش و به‌تاڵ و بێمانان. ئه‌و ده‌یه‌وێت وا خۆی نیشان بدات كه پیاوێكه نوێنه‌رایه‌تی راستڕه‌وه‌كان ده‌كات، له‌ڕێی په‌لاماردانی كه‌سایه‌تی منه‌وه. به‌ئاشكرا دیاره كه كتێبه‌كه‌ی نه‌خوێندۆته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی من له‌و به‌شانه‌ی تایبه‌تن بهجهزائیر شتگه‌لێكی زۆرم وروژاندوه‌و پشتم به‌چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی به‌ستوه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسیان ناكات و هیچی نیه له‌باره‌ی "ئه‌لبێركامۆ"ه‌وه بیڵێت.
هه‌وڵه‌كانی تایبه‌تن بهئاخنینی تیۆریاكه‌ی خۆی ده‌رباره‌ی ژماره‌یه‌ك نوسه‌ری فه‌ره‌نسی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانێت به‌زمانی عه‌ره‌بی بخوێنێته‌وه. ئه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌وه بسه‌لمێنێ كه بۆچونی من ده‌رباره‌ی ئیمپریالیزم له‌ناوه‌ڕۆكدا مه‌سه‌له‌ی (مۆد)هو باویه‌تی و تێڕوانینێكی جیهانی سێهه‌مه بۆ مه‌سه‌له‌كه، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ته‌واو هه‌ڵه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی من ره‌خنه‌ی هه‌مو ئه‌و شتانه ده‌كات.
شوان ئەحمەد کردوویەتی بەکوردی
سەرچاوە: galawej