قەیسەر ڕەحمان
''من داناترین پیاوم لە ژیاندا، چونکە یەک شت دەزانم، ئەویش ئەوەیە کە هیچ نازانم'' سوقرات
گفتوگۆکەمان لەگەڵ بەڕێز سوقرات لە ئاکرۆپۆلیس بوو، لەسەر گردێکی بەردین کە قەڵایەکی سەرنج ڕاکێشی لێیە و دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئەسینا، لەو بەرزاییەوە بەشێکی زۆری شارەکە دەبینیت، کە دیمەنێکی زۆر ناوازەی هەیە.
سەرەتا بڕیاربوو لەگەڵ ئەفلاتون گفتوگۆ بکەم، بەڵام دوایی بڕیارمدا لەگەڵ سوقراتدا باشترە چونکە ئەویش وەک کورد باوەڕی بەنوسین نییە و لەوەتەی بووە لاپەڕەیەک شتی نەنوسیوە وهەر قسەکردووە، خەڵکی لای ئێمەش زۆر کەیفیان بەوکەسانە نایەت کە بنوسن و بخوێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سوقرات مامۆستای ئەفلاتونە جوان نییە لەگەڵ قوتابیەکەی گفتوگۆ بکەم و ڕۆڵی مامۆستاکەی لەبەرچاونەگرم.
بەڕێز سوقرات ئێوە داهێنەری سیستەمی دیموکراسی بوون و لە یەکەمەکان بوون لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە لە ئەسینادا، بەڵام تکایە باسی ئەوەم بۆ مەکە کە ''وشەی ''دیموکراسی'' لە دوو وشەی یۆنانیەوە هاتووە کە بە واتای خەڵک (دیمۆس) و حوکمڕان (کراتۆس) دێت، دیموکراسی ئەو بیرۆکەیە کە هاووڵاتیانی وڵاتێک ڕۆڵێکی کارا لە حکومەتی وڵاتەکەیاندا بگێڕن و ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوەوە بەڕێوەی بەرن، جگە لەوەش پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکات کە خەڵک دەتوانێت لە ڕێگەی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتەوە جێگەی حکومەتەکەی بگرێتەوە نەک ڕاپەڕین یان شۆڕشێکی توندوتیژانە''. خۆشبەختانە زۆرینەی هاوڵاتیانمان ئەو پێناسەیەیان لەبەرە، بەڵام دەمەوێ بزانم بۆ ئەو سیستەمە بۆ هەندێک لە وڵاتان بوەتە مایەی خەیر و خۆشی و بۆ ئێمەش بوەتە مایەی نائومێدی و بێ متمانەیی بەو پرۆسەیە؟
سوقرات: ئێوە میللەتێکن زۆر پەلەتانە، هەوڵ نادەن و پلانتان نییە، دیموکراسی پێویستی بە خەباتێکی مەدەنی و ناوخۆیی هەیە، سەرەتا دەبێت لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری پێشکەون، پاشان ئەنجامدانی پرۆسەی دیموکراسی.
لە دوایین هەڵبژاردندنی هەرێمەکەماندا ئامێرەکان لە بری ئێمە دەنگیان دا و دەڵێن کۆی پرۆسەکە دیزاین کراوە لەو دۆخەدا ئێمە چیبکەین؟
سوقرات: ئەوەی تۆباسی دەکەی فڕی بە دیموکراسیەوەنییە و لەوانەیە داهێنانێکی نوێی خۆتانبێت. ئێوە ئەوەی لەسەرشانتان بووە بۆ پرۆسەکە کردوتانە، بەڵام ئەو پرۆسەیەی ناویان ناوە دیموکراسی ئەنجامێکی باشی نابێت و دیزاینەکە تەمەنی زۆر کورت دەبێت.
هۆکار چی بوو کە سەردەمانێک لە یۆنان کۆیلەکان مافی دەنگدانیان نەبوو؟ کە ئەوە پێچەوانەی ئەو پێناسەیە کە بۆ دیموکراسی کراوە.
سوقرات: ڕاستە، چونکە ''کۆیلەکان هەر ئاغا و گەورەکانی خۆیان هەڵدەبژارد ئەگەرچی زۆر دڵنیابوون کە دز و گەندەڵن''. لەبەر ئەوە ئەو مافەمان پێنەدان تا لە کۆیلایەتی رزگاریان بوو.
دەکرێت بزانم کۆیلەکانی ئێوە چۆن بوون و چیان دەکرد ئەوکاتە و بەتایبەت لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا؟
سوقرات: خەڵکانێکی بێدەنگ و بێوەی بوون، بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیان بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە نەبوو، تەنیا خزمەتی ئاغاکانیان دەکرد، ئەی لەو هەرێمەی ئێوە و لە سەدەی ٢١ دا کۆیلە هەیە؟ ئاوا پرسیار لەو بارەیەوە دەکەی.
زۆر بەداخەوە، بەڵێ کۆیلەمان هەیە، بەڵام زۆر جیاوازن، ئەوانەی لای ئێمە شەڕ بۆ ئاغاکانیان دەکەن، درۆیان بۆ دەکەن، دزیان بۆدەکەن و زۆر شتی تر کەلێرەدا شەرمدەکەم باسیان بکەم، ببورن.
بەڕێز سوقرات لە کۆتا پرسیاردا تکاتان لێدەکەم کە بە ڕستەیەک ڕێنمایمان بکەی بۆ ئەوەی لەو نەهامەتی و دۆخە خراپە ڕوزگارمانبێت.
سوقرات: نائومێد مەبن، زۆر بخوێننەوە و بنوسن، گەشت بۆ وڵاتانی تر بکەن و لە ئەزمونە باشەکانیانەوە فێربن.