
رەنگین مەلا سەمەد
لێرەو لەوێ کاتێک دەستەواژەی سەرکردەمان گوێ لێ ئەبێت بیرو هۆشمان بۆ لای کەسایەتییەکی سیاسی دەچێت، لامان وایە سەرکردەبوون تەنیا لە سیاسەتدایەو کراوە بە بەرگی ئەوان، بێئاگا لەوەی لە واتاو مەغزای قووڵی سەرکردەبوون تێبگەین و بزانین ئەو بەرگە بۆ کێی تر شیاوەو بەباڵای دووراوە.
کێ سەرکردەیە؟
بەکێ ئەوترێ سەرکردە؟
چی شتێک وا ئەکات ببینە سەرکردە؟
کێن ئەوانەی ڕۆڵی سەرکردەیەکی سەرکەوتوو ئەبینن؟
سەرکردە تەنیا دەسەڵات و پۆست و پلە ناگرێتەوە، بەڵکو بەو کەسایەتییانەش ئەوترێت کە خاوەن تواناو هێزو ئیرادەیەکی بەرهەمدارن لە ژیانیان و بۆ هەر قۆناغ و وێستگەیەکی ژیانیان پلان و بەرنامەی ئامانجدار دادەڕێژن.
( بەهێزبوون، خۆڕاگریی، بەرگەگرتن لە هەر پێشهات و ڕووداوێکی نەخوازراو، بلیمەتیی و دانایی و ژیریی لە مامەڵە، نەوەستان و هەوڵدانی بێوچان، قەناعەت و پێزانین بە تەواوی دەستکەوتەکان، ئیدارەدانی تەواوی یاساکانی ژیان، قبووڵکردنی واقع بەو جۆرەی هەیە، ڕاستگۆیی لەگەڵ خودو دەوروبەر، دەتگەیەنێتە ئەوجی باڵا لە کەسایەتیی بوون.
وا دەکات ببیتە تاکێکی کاراو کارامەو کاریگەرو خاوەن ئەزموونێکی پڕ لە دەستکەوت.
سەرکردەبوون چی دەبەخشێ؟
پێشەوایە بۆ کۆمەڵگاو پێشڕەوییە لە گەیاندنی بەها باڵاکان.
ڕێگایەکە بۆ پیشاندانی ڕاستگۆیی بە بەرامبەر.
سەکۆیە بۆ بانگەشەو بڵاوکردنەوەی ئەخلاقییەت.
وانەیە بۆ فێربوونی بنەما جوانەکانی مرۆڤبوون.
کێڵگەیە بۆ چاندنی سنوورو پاراستنی بەهاو کلتوورو نەریتە ڕەسەنەکان.
سەرکردەبوون، پیرۆزییەکان بە پیرۆزیی دەهێڵێتەوەو جوانییەکان بونیاددەنێت.
کەسایەتییەکەی ناترسێت و ناکەوێت، شکست بە شکست دەهێنێت.
حەوسەڵەی ئاڵنگاریی و هاودەمیی زۆرە.
هونەرێکە تاک ئامادەدەکات بەرەو کارێزمابوون.
زۆرن ئەوانەی لە هەموو بوارەکان ڕۆڵی سەرکردەیان گێڕاوەو ئەو ناوەیان بردووەتەوە، لەسایەی مامەڵەی حەکیم و سەنگینیانەوە لە سەرکردەوە بەرەو کارێزمابوون هەنگاویان ناوەو وەکو ئەستێرەیەکی درەوشاوە بەسەر ئاسمانی مرۆڤایەتییەوە ئەدرەوشێنەوەو هەتا هەتایە ئەبریسکێنەوە.
زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان، ژنان، گەنجان، هەموو تاکەکانی تری ناو کۆمەڵ هەن کە ڕۆڵی سەرکردەیەکی سەرکەوتوو ئەگێڕن.
ئەمانەی وتمان لەسایەی پەیڕەوکردنی ئەو ڕەوتارانەوەیە کە کەسایەتییمان بۆ سەرکردەبوون دروستەکەن، بەڵام سەرکردەیەکی تر هەیە کە تەواو جیاوازەو بێ پەیڕەوکردنی ئەو ڕەوتارانە، خۆڕسکانە ڕۆڵ ئەگێڕێ ئەویش دایکە کە ئەو سەرکردەیەیە بێ هیچ هەنگاوێک هەموو ئاکارە ئەرێنییەکانی سەرکردەبوونی تێدا کۆکراوەتەوە، بەجۆرێک هەموو سەرکردەکانی دونیا ناتوانن پێی بگەن.
سەرچاوە : سپی میدیا