لەدووتووێی (1010) لاپەڕەدا کتێبی «کەشکۆڵی نەجمەدین مەلا یادی شەوێكی بەكرەجۆ» کەوتە بەردەستی خوێنەرانی. کەشکۆڵەکە «خەلیل عەبدوڵڵا» سەرپەرشتی کردووە و پێداچوونەوە و هەڵەبڕی و رێنووسی «عوسمان محەمەد هەورامی»یە. کتێبەکە كەشكۆڵێكی دەوڵەمەندی مامۆستا نەجمەدین مەلایە، كە ژیاننامەی 57 شاعیری كلاسیكو نموونەیەك لەشیعرەكانیانی لەخۆگرتووە و (594)لاپەڕەی كەشكۆڵەكە تایپكراوە و مامۆستا (عوسمان هەورامی) گۆڕیوویەتی بۆ رێنووسی ئێستاو پەراوێزی بۆ نووسیووە، دەستنووسەكەی مامۆستا نەجمەدین مەلاش سكان كراوە و (416) لاپەڕەیە و وەك پاشكۆی كتێبەكە دانراوەو كتێبەكە بەگشتی بۆتە (1010) لاپەڕە.
دەربارەی چیرۆكی دەستكەوتنی ئەم كەشكۆڵە «خەلیل عەبدوڵڵا» نووسیووێتی: رۆژی 15ی نیسانی 2017 لەگەڵ هاوڕێی خۆشەویستم (محەمەد مەردان) سەردانی نووسەرو رووناكبیر مامۆستا (بەیاد عەبدولقادر)مان لە قەیوان ستی شاری سلێمانی كرد، لەهەواڵی تەندروستیمان پرسیو چەپكە گوڵی رێزو وەفاو خۆشەویستیمان پێشكەش كرد. لەو دیدارەدا مامۆستا (بەیاد عەبدولقادر) كەشكۆڵێكی دەستنووسی مامۆستا (نەجمەدین مەلا)ی دامێ كە دوو دەفتەری گەورەی 416 لاپەڕەیی نووسراو بوو، كەشكۆڵەكە گەنجینەیەكی بەنرخی ئەدەبیو مێژووییە، كە ژیاننامەو شیعری 57 شاعیری كلاسیكی لەخۆگرتووە، مامۆستا (نەجمەدین مەلا) بەخەتی خۆی نوسیوویەتیو بەناوی (یادی شەوێكی بەكرەجۆ)، كە لە 13ی ئەیلولی 1954پێشكەش بە(ع. بەسۆز)ی شاعیری كردووە، بۆیەش كەشكۆڵەكەی ناوناوە (یادی شەوێكی بەكرەجۆ)، چونكە شەوی 12 لەسەر 13ی مانگی ئابی 1954 لەگەڵ مامۆستا (ع. بەسۆز)ی شاعیرو نووسەر، سەیرانێكیان كردووە بۆ باخەكانی بەكرەجۆ و شەوێكی خۆشیان بەسەر بردووە.
سەرچاوە: knwe