کچە کوردێکی کەرکووکی بەربژێرە بۆ پەرلەمانی فینلاند

کچە کوردێکی خەڵکی شاری کەرکووک، کە بەربژێرە بۆ پەرلەمانی فینلاند دەڵێت، کورد کە تائێستا دەوڵەتی نییە، گرنگە نوێنەری لە پەرلەمانی وڵاتاندا هەبێت. داواش دەکات کوردانی ئەو وڵاتە دەنگی پێبدەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-03-2023، دەستیپێکرد، کۆتا رۆژی دەنگدانیش 02-04-2023 دەبێت، بۆ ئەم هەڵبژاردنە سێ کورد بەربژێرن، یەکێکیان گەشاو بیبانییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، گەشاو بیبانیی تەمەن 35 ساڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند خۆم بەربژێر کردووە، دەمەوێت وەکو کوردێک بۆ یەکەم جار بگەمە پەرلەمانی فینلاند، کە تائێستا هیچ کوردێک نەبووەتە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە".

گەشاو بیبانی کە لە تەمەنی 7 ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا روویان لە فینلاند کردووە، بەربژێری پارتی یەکێتیی چەپی فینلاندە و دەڵێت: "کورد دەوڵەتی نییە و هەبوونی نوێنەری کورد لە پەرلەمانی وڵاتاندا زۆر گرنگە" داوا لە کوردانی فینلاندیش دەکات، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگی پێبدەن.

بە گوتەی بیبانی، رەگەزپەرستی لە فینلاند زیادیکردووە و دەڵێت: "لە پەرلەمانی فینلاندیش قسەی زۆر ناشرین بە پەنابەران دەگوترێت؛ هەر گرفتێکی ئابووری هەبێت دەیخەنە ئەستۆی پەنابەران، بۆیە گرنگە لە بەرامبەردا کەسێکیش هەبێت داکۆکی لە مافی پەنابەرانی وڵاتەکە بکات و هاوسەنگی رابگرێت".

ئەو کچە کوردە سەرکەوتنی خۆی بۆ پەرلەمانی فینلاند بۆ ئەو هاونیشتمانییانەش بە گرنگ دەزانێت لەو وڵاتە دەژین. بیبانی چاوی لە دەنگی هاونیشتمانییانە کە بە گوتەی ئەو نزیکەی 20 هەزار کورد لە فینلاند دەژین. گوتیشی: "بۆ سەرکەوتن بۆ پەرلەمانی فینلاند لە هەڵبژاردنی رابردوودا دوو هەزار و 500 بۆ سێ هەزار دەنگ پێویست بووە".

پەرلەمانی فینلاند 200 کورسیی هەیە؛ لەو ژمارەیە حیزبەکەی گەشاو بیبانی ئێستا 16 کورسی پەرلەمانییان هەیە.

گەشاو بیبانی ساڵی 1987 لە شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان لەدایکبووە؛ لە ساڵی 1995ـەوە لە فینلاند دەژی؛ چەند ساڵێک وەکو چالاکڤانی مرۆیی کاری کردووە و نزیکەی سێ ساڵیشە تێکەڵی کاری سیاسیی بووە.

 

سەرچاوە: ڕوداو دیجیتاڵ