کتێبی بیبلۆگرافیای راگەیاندن چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبی بیبلۆگرافیای راگەیاندن لە نووسینی ئەکرەم فەرەیدوون، لە دووتوێی کتێبێکی 2000 لاپەڕەییدا چاپ و بڵاوکرایەوە.
دکتۆر ئەکرەم فەرەیدوون حەمەئەمین، مامۆستای راگەیاندن لە زانکۆی سەلاحەدین و نووسەری کتێبەکە بە رووداوی راگەیاند، کتێبی بیبلۆگرافیای راگەیاندن، کۆکراوەی 150 نامەی ماستەر و دکتۆرای کوردە لە بواری میدیادا، کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان نووسیویانە و ئەوانەی بە زمانی دیکە نووسراون، وەرمگێڕاون بۆسەر زمانی کوردی.

نووسەری کتێبەکە گوتیشی، "کتێبەکە چەند بەرگێکە، ئێستا چوار بەرگی چاپ کراون و بڵاوکراونەتەوە، سەرقاڵی نووسینی بەرگی پێنج و شەشمم، کە نامەی ماستەر و دکتۆرای کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەخۆدەگرێت."

بە گوتەی دکتۆر ئەکرەم، ئەو وڵاتانەی خوێندکاری کوردیان لێیە، داوایان کردووە کتێبەکە وەربگێڕن، لەوانەش تورکیا، ئێران، میسر، قوبرس و لوبنان "دەیانەوێت لە نامەی ماستەر و دکتۆرای خوێندکارە کوردەکان دڵنیاببنەوە کە وەریاننەگرتووە و هی خۆیانە."

دکتۆر ئەکرەم فەرەیدوون حەمەئەمین لە ساڵی 1976 لە هەڵەبجە لەدایکبووە، لە زانکۆی سلێمانی بەکالۆریۆسی لە راگەیاندن بەدەستهێناوە، دوای ئەوە لە لوبنان ماستەری بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2018ش بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی سەلاحەدین بەدەستهێناوە. تاوەکو ئێستا حەوت کتێبی لە بواری راگەیاندندا نووسیوە.

 

سەرچاوە: rudaw