
سیروان رەحیم
سەرباری کرانەوەی دونیا یان بچووکبوونەوەی دونیا، هێشتا زۆر ناو، زۆر بابەت و زۆر شتی گرنگی کورد هەن کە بەشێکی بەرچاو لە کوردستان پێی ئاشنا نین، یان هەر نەیانبیستوون. یەکێک لەو ناوە گرنگانە جەمیل هۆرۆیە.
سەرباری ئەوەی دەنگبێژێکی نایاب بوو، دەنگبێژێک بوو سینگی کردبووە گەنجینەی پاراستنی زمان و سترانی کوردی، دەنگبێژێک تاوەکو قوڵایی ناخ "نەتەوە و زمانی خۆی" خۆشدەویست و بە سترانی داستانئامێز، پەیامی هۆشیاریی پێدەبەخشین، دەنگبێژێک ئازادی ژن و یەکسانی بەلاوە ئامانج بوو، سەرباری ئەوەی بەرهەم و کردەوەی رەنگڕێژ بوون بەم بنەما گرنگانەی ژیان، کەچی بۆ نموونە بەشێکی بەرچاو لە باشوور و لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ناوە ناناسن.
جەمیل هۆرۆ ( 1934- 1989) نەک هەر ئەڤینداری دۆزی کوردستان، بەڵکو هاوکات دەنگبێژێکیش بەردەوام خەمگین بوو بۆ دۆخێک کە نەتەوەکەی تێدایە و رەخنەگرێکی بەردەوامی کۆمەڵگەکەی خۆیشی بوو. رەخنەی لە نەزانی و لە ئەستۆخواری جڤاکی خۆی دەگرت.
رۆژی 10ـی ئازاری 1934 لە گوندی سەرینجەک لە ئامێزی چیای کورمێنج (کرمانج)، لە عەفرینی رەنگین، جەمیل هۆرۆ لە دایک دەبێت. خوێندنی دەستپێک لە گوندی چۆلاق تەواو دەکات، پاشان زانستی ئیسلامی دەخوێنێت. جەمیل هۆرۆ لەجیاتی ئەوەی ببێتە بانگخواز و پیاوێکی ئایینی، دەبێتە دەنگبێژێکی نایاب و ناسراو، دەنگبێژێک کە سینەی دەکاتە گەنجینەی پاراستنی زمان و بەیت و داستانی کوردی. سینەی دەکاتە کۆگای پاراستنی ئەو کەرەستانەی کە؛ ئەگەر کەسانی وەکو جەمیل هۆرۆ نەبان، لە سۆنگەی قەدەخەکردنی زمان و پەلاماردانی کوردەوە، لە مێژبوو نەمابوون.
سەرچاوەی تراوما، چاڤکانیی زەبری دەروونیی نەتەوەیەک هەر بۆردوومان و کوشتنی جەستەیی نییە، نەخێر؛ قەدەخەکردنی زمان و کولتووریش سەرچاوەی تراومایە، جەمیل هۆرۆ تێدەکۆشا لە رێگەی ستران و دەنگبێژییەوە لە دژی ئەو قەدەخەکردنە وەکو چیای کرمێنج خۆڕاگر بێت. هەروەها لە ئاستێکی تێگەیشتنی وەهادا بوو، دەیزانی دەبێت زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی و قەدەخەی لەسەر هەڵبگیرێت. لە رۆژگاری نوورەدین ئاتاسی دا، کە ئەو رۆژگارە سەرۆکوەزیرانی سووریا بوو، هەوڵدانی جەمیل هۆرۆ بۆ بە فەرمیکردنی زمانی کوردی لە هەرێمی عەفرین، بە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی خۆی کۆتایی دێت.
یەکەم جار لە تەمەنی 16 ساڵی دا زیندانی دەکرێت. ساڵی 1950 لە زیندانەکانی سووریا یەکەمین ئەشکەنجەدان دەژی، تاوانیش؛ کوردبوون بوو.
پاشان هۆرۆ لە سووریاوە بەرەو تورکیا رادەکات. لە تورکیا بە ناوێکی خواستراوەوە خۆی دەناسێنێت. لە تورکیاش بێبەش نابێت لە زیندان و لە ئەشکەنجەدان. جەمیل هۆرۆ کە دەنگێکی ئاسمانی پێوەیە و ستران بۆ یەکسانی، بۆ ئەڤین و بۆ ئازادی دەڵێت؛ کەچی لەجیاتی خەڵات و ئافەرین، ئەشکەنجە، زیندان و راونان دەبنە تانوپۆی ژیانی.
رەنگبێت داگیرکەرانی کوردستان لەو بوارەدا داهێنەربن، کە دەتوانن لە رێگەی جەمیل هۆرۆ و کەسانی وەهاوە؛ زمان و داستان و هێزی ئەڤینی کوردستانیش ئەشکەنجە بدەن. لەجیاتی پێداهەڵگوتن، سترانی بۆ خاک، بۆ نەتەوە و زمانە خەمگینەکەی دەچڕی. شەڕی نەزانی و پاشکەوتنی دەکرد و سەرسەختانە داکۆکی لە مافی ژن دەکرد. یەکسانی وەکو بنەمای ژیان، لە هاوژین و لە کچەکانی خۆیەوە دەست پێکردبوو، بەشێوەیەک؛ جارێک لە گرتنیدا کە منداڵەکانی لە لای خەسووی بەجێدەحێڵێت بە هاوژینەکەی دەڵێت: گەر مردم تکایە تۆ شوو بکەوە.
سەرباری ئەوەی دەیزانی باجی کوردبوون گرانە، بەڵام جەمیل هۆرۆ کوردایەتی دەکرد، نەک حیزبایەتی، کوردبوونی ئەو سنووری نەدەناسی، چوونی بۆ لای کوردانی باکووری کوردستان و بەتایبەتیش سازکردنی کۆنسێرت و چەند بەرهەمی هاوبەش لەگەڵ سترانبێژی گەورە ئایشە شان و دواتریش هاتنی [سەرەتای حەفتاکانی سەتەی رابردوو] بۆ زاخۆ و مانەوەی لەو شارە نزیکەی دوو ساڵێک، بەڵگەی ئەوە بوون هەموو شوێنیکی کوردستانی بە ماڵی خۆی دەزانی. جەمیل هۆرۆ گەرووی سترانەکانی تژیبوون لە برینی ئەو پرسیار و مژارانەی باس لە چارەنووس و مانەوە دەکەن؛ بە جۆرێک تەنانەت سترانی ئەڤینیشی گۆتبا، رەنگڕێژی دەکرد بە هەستی کوردایەتی و خەمی نەتەوەکەی. سڵاڤی بۆ سوڵتانی کوردان دەنارد، چونکە خوازیار بوو کورد بگات بەوەی خۆی دەسەڵاتداری نیشتمانەکەی بێت. دەسەڵات و قەوارەی گەرەک بوو بۆ نەتەوەکەی. یەکێک بوو لەوانەی لەوە تێگەیشتبوو؛ دەسەڵاتت نەبێت؛ نەک مافی بڕیاردان، نەک شکۆ، تەنانەت باوەڕ و دڵ و مێشکیش بە تاڵان دەچن.
جەمیل هۆرۆ بەرجەستەیەکی تاقانەیە لە چڕینی لاوک و گێڕانەوەی داستان دا، گەروویەکی هەبوو نەوای نیشتمانی کوردانی لێ دەچۆڕا. لە رێگەی دەنگی ناوازە و هۆشیاریی خۆیەوە فۆرمێکی دەنگبێژی نوێی داهێنا، بە جۆرێک دەکرێت بڵێین؛ ئەو داهێنانەی یاشار کەمال بە رۆمان دەیکرد و کردی، هۆرۆ بە شاکارەکانی کەلام و بە دەنگدانەوەی داستان و بە گوتنی چیرۆکە پڕ کارەساتەکان کردی.
رۆژی 19-9-1989 جەمیل هۆرۆ لە کەشێکی خەمگین دا دەمرێت. لە بەخاکسپاردنی ئەم دەنگە ئاسمانییەدا نزیکەی 10 بۆ 12 کەسێک بەشدار دەبن. دەنگێک، دەنگبێژێک ماڵی هەموو کوردێک ئاوەدان دەکاتەوە، بەڵام نەکرا شکۆدارانە بگەڕێتەوە باوەشی خاک. دیارە لە وڵاتێکی بندەست دا، داگیرکەر بە ئاسانی داگیرکراو دەکاتە کەرەستەی بەگژیەکدا کردن. لە زێدی داگیرکراودا، داگیرکەر بەر لە هەموو شتێک شکۆی مرۆڤی داگیرکراو ورد و خاش دەکات، بەڵام هیچ داگیرکارێک ناتوانێت دەنگی دۆزێک ورد و خاش بکات، بۆیە دەنگی هۆرۆ بەردەوام دەڕوات و شەپۆل دەدات، دەگاتە هەموو ماڵە کوردێک. دەنگی جەمیل هۆرۆ، دەنگێکی ئاسایی نەبوو، هاوار بوو، هاواری لە گەرووی چیای کورمێنجەوە سەرچاوەی گرتبوو، هاوارێک کە داستانەکانی، کەلام و سترانەکانی بۆ وڵات و بۆ ژن و بۆ ئازادی، لە ماڵی هەموومان و لە دڵ و دەروونی هەموواندایە.
دەنگی هۆرۆ شوێنی گرنگ و کاریگەریی لە هزر و لە یادەوەریی هەمووماندا نەخشاندووە.
خاڵی گرنگ کە کەمتر باسی لێوە کراوە، سەرچاوەی ئەم هونەری دەنگبێژییە لە کن هۆرۆ، سەرچاوەی خۆشەویستیی وی بۆ هونەر و ستران، دایکی بووە. هۆرۆ دەنگێک بە هەژاری ژیا و بە هەژاری مرد، بەڵام دەوڵەمەندیی بەخشی بە مێژووی ستران و بە موزیکی کوردی و بە چێژی مرۆڤی کورد. "ئەگەر کوردستان ئازاد بوو؛ وەرنە سەر گۆڕەکەم و بە دەف و زوڕناوە ئەو مزگێنییەم پێبدەن". ئەوە راسپاردەی جەمیل هۆرۆ بووە.
شادمانین کە بەرهەمی رەنجێکی یەک ساڵەمان لە بەڵگەفیلمێکی تۆڕی میدیایی رووداو دا "هاواری چیای کورمێنج"، تایبەت بە هۆرۆ تەواو کرد و هیوام وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا بینەران بیبینن.
سەرچاوە : ڕووداو