کتێبخانە گشتییەکان: سلێمانی لە سەردانیکردنی کتێبخانەدا یەکەمە

بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆرترین سەردانیکردنی کتێبخانە گشتییەکان لە ئەمساڵدا لە سلێمانی بووە و زۆرترین ژمارەی سپاردنی کتێبیش لە هەولێر بووە، کۆیەش زۆرترین چالاکیی رۆشنبیری تێدا بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2022، دیاری وەستا عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایتییەکان بەهەردوو بواردا کاریگەرییان لەسەر سەردانیکردنی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە. لە لایەک ژمارەی سەردانی بۆ کتێبخانەکان و خوێندنەوە و خواستنی کتێبی کەمکردووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە بووەتە کارئاسانی بۆ بەردەستخستنی کتێب بە شێوازی پی دی ئێف، بەڵام زیاتر کاریگەری لەسە یەکەم خاڵ داناوە."

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا 92 كتێبخانه‌ی گشتی هەن کە 858 هەزار و 951 کتێب و گۆڤاریان تێدایە. به‌ گوێره‌ی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م كتێبخانه‌كاندا 28 و 539 جار سه‌ردان تۆماركراون

بەپێی ئامارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، دابه‌شبوونی جوگرافیی خوێنه‌رانی كتێبخانه‌ گشتییه‌كان به‌م جۆره‌یه‌:
- لە هه‌ولێر و سۆران: 30 كتێبخانه‌ی گشتی هه‌ن. ژماره‌ی سه‌ردانكردن 7.647 خوێنه‌ر.

- لە سلێمانی 26 كتێبخانه‌ی گشتی هه‌ن کە ژماره‌ی سه‌ردانكردنیان 14.052 خوێنه‌ربووە.

- لە دهۆك و زاخۆ هەشت كتێبخانه‌ی گشتی هه‌ن کە ژماره‌ی سه‌ردانكردنیان 3.246 خوێنه‌ربووە.

- لە هه‌ڵه‌بجه شەش كتێبخانه‌ی گشتی هه‌ن کە ژماره‌ی سه‌ردانكردنیان 1.339 خوێنه‌ربووە.

- لە گه‌رمیان 10 كتێبخانه‌ی گشتی هەن کە ژماره‌ی سه‌ردانكردنیان 413 خوێنه‌ربووە.

- لە راپه‌ڕین 12 كتێبخانه‌ی گشتی هه‌ن کە ژماره‌ی سه‌ردانكردنیان 1.842 خوێنه‌ربوو.

هەر بە پێی ئامارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، له‌ سه‌رجه‌م كتێبخانه‌ گشتییه‌كاندا 858 هه‌زار و 951 كتێب و گۆڤار به‌ زمانه‌ جیاجیاكان به‌رده‌ستن به‌م جۆره‌‌:

- هه‌ولێر: 2.796.866 ناونیشانی كتێب.

- سلێمانی: 350.984 ناونیشانی كتێب.

- گەرمیان: 84.493 ناونیشانی كتێب. 

- دهۆك: 74.230 ناونیشانی كتێب.

هەڵەبجە: 32.689 ناونیشانی كتێب.

راپەڕین: 39.689 ناونیشانی كتێب.

پەیوەست بە ئاماری ژماره‌ی سپاردن له‌ كتێبخانه‌ گشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بەقسەی بەڕێوەبەری گشتیی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، هیچ کتێبێکی هیچ نووسەرێک لە ئەمساڵدا رەتنەکراوەتەوە، 1937 ژماره‌ی سپاردن له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ دراوه‌ بۆ چاپكردنی كتێب.
ژمارەی سپاردنەکانیش بەمشێوەیە بووە:

- هه‌ولێر: 857 ژماره‌ی سپاردن.

- سلێمانی: 756 ژماره‌ی سپاردن.

- دهۆك: 324 ژماره‌ی سپاردن.

 

سەرچاوە: rudaw- هێمن بابان ڕەحیم