باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە ئێران لە تویتێکدا بەخشینی خەڵاتی مافی مرۆڤی ساڵی 2022ی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیا، بە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران راگەیاند.
رۆژی یەکشەممە 11-12-2022، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تاران لە تویتێکدا بە بۆنەی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤەوە رایگەیاند، "فەرەنسا و ئەڵمانیا، بە مەبەستی رێزگرتن لە خەباتی ژنانی ئێران لە رێگەی ئازادی، مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسادا، خەڵاتی ساڵی 2022ی مافی مرۆڤ دەبەخشنە ژینا ئەمینی."
کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پەیامێکدا گوتی: "ئەو خەڵاتە بۆ رێزگرتنە لەو خۆپێشاندەرانەی کە لەماوەی سێ مانگی رابردوودا کوژراون و لەسێدارەدراون؛ بە تایبەت بۆ رێزگرتن لە گیانلەدەستدانی دەیان منداڵ و مێرمنداڵ، دەبەخشرێتە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران."
هەروەها ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەبارەت بە پێدانی ئەو خەڵاتە بە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران رایگەیاند، "ئێمە ئەمڕۆ، لەگەڵ فەرەنسا رێز لە ژینا ئەمینی و خەڵکی ئێران دەگرین بەهۆی هەڵوێستی بوێرانەیان لەسەر مافەکانی مرۆڤ." دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵ هاوڕێ فەرەنسییەکانمان، بە خۆڕاگرییەوە لەپشت ژنان و پیاوانی ئێران دەوەستین."
ساڵانە ئەڵمانیا و فەرەنسا لە رۆژی 11-12ی ساڵدا کە تایبەتە بە رۆژی مافی مرۆڤ، خەڵاتێکی هاوبەش دەبەخشنە ئەو کەس یان لایەنانەی کە بە شیاوی رێزگرتن لە بواری مافەکانی مرۆڤیان دەزانن.
سەرچاوە: rudaw