ژیانی خۆت بژی

 

 رۆزا دڵشاد مەریوانی

هەر وەکو چۆن هەموو شتێک لەم ژیانەدا دوو لایەنەیە و لایەنی باش و خراپی هەیە، تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیاش دوو لایەنەیە، رۆژانە باس لە لایەنە خراپەکانی دەکرێت بۆ سەر تاک و کۆمەڵگە بەگشتی، بەتایبەتی لەڕووی ئەوەی هەموو کەسێک بە جیاوازی ئاستی رۆشنبیری و تەمەنیان دەتوانن زۆر بە ئاسانی بچنە سەر پێگە کۆمەڵایەتییەکان و پەیام و بابەتی خراپ و بێ مانا بڵاوبکەنەوە، بەڵام ئەوەی باس ناکرێت یان زۆر بە دەگمەن باسی لێوە دەکرێت کاریگەری پۆزەتیڤی سۆشیال میدیایە لەسەر مرۆڤ لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە. کاتێک کەسانی پسپۆڕ و خاوەن توانای زانستیی و باکگراوندی رۆشنبیری دەیکەنە مینبەری خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی راو بۆچوونەکانیان لەگەڵ پێشکەشکردنی هەندێ بابەت کە کاریگەریی باشیان دەبێت لەسەر تاك و کۆمەڵگە لەڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە بە تایبەتی ئەو کەسانەی پێویستیانە یەکێک باس لە خەم و ئازارەکانیان بکات و رێوشوێن و چارەسەری گونجاویان پێشکەش بکات، تەنانەت کاتێک هیچ جۆرە کێشەیەکی ئەوتۆت نییە بەگوێگرتن لەو کەسانە سەرسام دەبیت و هەندێ وانەی گرنگی ژیان فێردەبیت.
یەکێک لەوانە کە ماوەیەکی کەمە فۆڵۆی ئەکاونتەکەیم کردووە لە ئینستاگرام و هاوکات لە یوتیوب-یش کەناڵی تایبەت بەخۆی هەیە، د.خالید غەتاس-ە لە بواری کیمیا و توێژینەوەی نەخۆشی شێرپەنجە ماستەری هەیە و لە بواری بایۆلۆجیدا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەست هێناوە و لوبنانی-یە، ئەم کەسە لەبواری کێشە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا مینبەرێکی لە سۆشیال میدیا تەرخانکردووە و لە ئینستاگرامەکەیدا نوسیوێتی: «دەمەوێت هەندێ بیرۆکە بکەمە بیرکردنەوەمانەوە، هەندێ ژیان بکەمە ژیانمانەوە، هەندێ مرۆڤبوون بکەمە مرۆڤایەتیمانەوە، پاشان بەوە دنیا بگۆڕین» د. خالید بابەتی زۆر جوان پێشکەش دەکات هەر بە گوێگرتن لێی تێدەگەیت خاوەن رۆشنبیرییەکی دەوڵەمەندە و یەکێکە لەو کەسانەی دەتوانێت کاریگەری پۆزەتیڤ لەسەر ژیانی ئەوانی دیکە جێبێڵێت و چارەسەری گونجاویش پێشکەشدەکات، جیاوازیی د. خالید لەوەدایە زۆر بە نموونەی سادە و بەهێمنی کێشەکانی ژیانی رۆژانە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش دەکات و هاوکات هەر بەو هێمنییەی پێی دەدوێت چارەسەرەکان دەخاتەڕوو، لەم ماوەیەدا ڤیدیۆیەکیم بینی باس لەوە دەکات زۆرێک لە مرۆڤەکان ژیانی خۆیان ناژین و هەمیشە لە نەستیاندا بەخۆیان دەڵێن ئەم ژیانە هی من نییە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئەو ژیانە بژین کە لە وێنای خۆیاندا دایانناوە، تا رۆژێک دێت دەبینن ئەو ژیانە نەژیاون کە لەبەردەستیاندا بووە، نموونەیەک دێنێتەوە کاتێک خوێندکار بووە هەمیشە لەو پاسەی دەبێت پێی بڕوات دوادەکەوێت و سواری پاسی دوای ئەوە دەبێت، ساڵ تێدەپەڕێت نەبووە بە هاوڕێی هیچ کام لەوانەی هەموو رۆژێک لەگەڵیاندا هاتوچۆدەکات، چونکە وێنای خۆی ئەوە بووە ئەمە پاسەکەی من نییە و ئەوەی دیکە هی منە و دەبێت ببمە هاوڕێی ئەوانەی ئەو پاسەی هەرگیز فریای نەکەوتووە، بۆیە دەڵێت: هەندێ مرۆڤیش ژیانیان بەو جۆرەیە.

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ