ڕۆژی جیهانی مین..

ئا:  گەلان
- ئەمڕۆ چواری نیسان ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوەیە لە مەترسییەکانی مین.
لە 8 ی کانوونی یەکەمی 2005، ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە 4ی نیسانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانی هۆشیاری مین دابندرێت.
- بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە ساڵی 2021 لانی کەم 50 هاوڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی کە ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2020، 12 حاڵەت واتە %32 بەرزبوونەوەی بە خۆی بینیوە.
لە کۆی ئەو ٥٠ کەسەی کە بوونەتە قوربانی 12 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 38 کەسیش بریندار و کەم ئەندام بوون. ساڵی پێشتر 10 هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لە دەست دابوو و 28 کەسیش بریندار بوون.
زیاتر لە 60 ساڵە مینی 37 وڵات لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەبووە وهەیە، زۆرترینیان مینی ئیتاڵی، ئیسرائیلی و ئەمریکین، سەرۆکی گشتیی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت زیاتر لە دوو ملیۆن مین لەکوردستاندا ماون.
-ئاگاداری گرنگ سەبارەت مەترسی مین و پاشماوەکانی تەقەمەنی جەنگ و ئامێری بۆمبی چێنراو
بە گشتی لەسەر مین
• لەسەر ئەو ڕێگەیانە بمێنەرەوە کە زۆر بەکاردێن لە لایەن خەڵکانی دیکەوە.
• ئەگەر کرا، پرسیار لە خەڵک بکە تا بزانیت چ شوێنێک پارێزراوە و چ شوێنێک پارێزراو نیە.
• دوور بکەوەرەوە لە ناوچەیەک کە زۆر گیای تێدا ڕواوە و هەروەها دوور بکەوەرەوە لە بازگەی سەربازی و کەلوپەلی سەربازی.
• ئەگەر هەر شتێکت بینی کە بۆی هەبوو تەقەمەنیی سەربازیی بێت، خێرا بە یەکێکی لەخۆت گەورەتر یان بە پۆلیس بڵێ.
• هەرگیز دەستیان لێ مەدە، هەڵیان مەگرە و شەقیان لە مەدە.
-مین
• لە وڵاتەکەتدا کێڵگەی مین هەیە کە ئامێری تەقەمەنیان تێدایە کە بە مەبەستی کوشتن یان بریندارکردنی خەڵکی دانراون کاتێک کە پێی لەسەر دادەنێن یاخود کاتێک وایەرێک دەقرتێنن.
• زۆر جار ئەم مین و تەقەمەنیانە ناتوانرێت ببینرێت یان شاردراونەتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە لە کەسانی ئەو ناوچەیە بپرسیت چ شوێنێک پارێزراوە و دەتوانیت پێیدا بڕۆیت.
• دوور بکەوەرەوە لە بازگەی سەربازی کۆن یاخود شوێنێک کە ئاژەڵی مردووی تێدایە.
• هەندێک لە ڕێگاکانی هەتووچۆی وڵاتەکەت مینیان لەسەرن.
• ئەمانە ئامێری بەهێزی تەقینەوەن کە ئەگەر سەیارە یان پاس بەسەریاندا بڕوات دەتەقنەوە و دەبن بەهۆی کوشتنی گەلێک کەس.
• لە خەڵک بپرسە و بزانە چ ڕێگەیەک پارێزراوە. ئەگەر شکت هەبوو لە ڕێگەیەک، خۆتی لێ بەدوور بگرە.