پێکەوەژیانی نەتەوەکانی کەرکوک..

 

ئا/ ڕزگار شوانی 

خاتوو فاتیمە بەیرەقدار بۆ کوردستانی نوێ :

بەرنامەی (بەیانیت باش) بە زمانی توركمانی پێشكەش دەكەم

 

خاتوو فاتیمە عیسام جەمالەدین رەفیق ناسراو بە (فاتیمە بەیرەقدار)، لە نەتەوەی توركمانە و بێژەر و پێشكەشكاری بەرنامەی توركمانییە لەكەناڵی ئاسمانی كەركوك، لەدایكبووی ساڵی (1994)ە، ئەم خاتوونە هەرچەندە ماوەیەكی كەمە دەستی بە كاری میدیایی كردووە، بەڵام توانیویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێ لەو بوارەدا.
خاتوو فاتیمە بەدوالاپەڕەی وت: هیوا و ئاواتم ئەوەبوو رۆژێ لە رۆژان بچمە نێو دنیای راگەیاندنەوە، تا ساڵی 2023 داواكاریم پێشكەش بە كەناڵی ئاسمانی كەركوك كرد دابمەزرێم وەك بێژەری توركمانی، پاش ئەوەی تاقیكرامەوە، سوپاس بۆ خوا توانیم سەركەوتوو ببم و خەونەكەم بێتەدی كە لە شاشە جوانەكەی ئەو كەناڵەوە خزمەت بە راگەیاندن بكەم .
خاتوو فاتیمە وتی: بۆ یەكەمجار چوومە بەر كامێرای ستۆدیۆی تەلەفزیۆن، جۆرێ لە شپرزەیی و دڵەڕاوكێ دایگرتم، بەڵام  دواتر توانیم زاڵ بم.
 وتیشی: ئێستا بەرنامەی (بەیانیت باش) بە زمانی توركمانی هەموو رۆژانی پێنجشەممە پێشكەش بە بینەران دەكات تێیدا چاوپێكەوتنی جیاجیا لەگەڵ چین وتوێژەكانی شاری كەركوك -دا دەكات.
خاتوو فاتیمە ستایشی رۆڵی دایكی كرد كە ئەو هەردەم پاڵپشتی سەرەكیی بووە، تا بە خواستەكانی بگات.
خاتوو فاتیمە بەیرەقدار هیوای زیاتری پێشكەوتنی لە كاری میدیایی لەو كەناڵەدا خواست و وتی: كەناڵی ئاسمانیی كەركوك بە كەناڵی پێكەوەژیان ناسراوە كە خزمەت بە هەموو نەتەوەكانی ئەو شارە دەكات بەبێ جیاوازی.

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ