وەختی ئاشتییەکی ناوەخت

 

 

هاوار محەمەد

دوای بڵاوبوونەوەی بانگهێشتەکەی عەبدوڵا ئۆجالان وا پێویست بوو، خۆمان لە کاردانەوەی ڕاستەوخۆ و حەماسی بپارێزین، دەبوو تێگەیشتن و حوکمدانی کۆتاییمان دەربارەی مانای پەیامەکە بڕێک دوا بخەین و هەندێک بیری لێ بکەینەوە، بەم جۆرە کەمێ "سەبر"ی فیکریمان نیشان دەدا، کە ڕەنگە ژان-لوک نانسی لەوەدا یارمەتیمان بدات سەبر وەک مەرجێکی جەوهەریی بۆ فیکر و فەلسەفە بناسینەوە، کاتێک بڕوای وایە لە جیهانێکی بێ سەبر و پەلەدا، سەبرگرتن ئەکتێکی سیاسییە.

بەشبەحاڵی خۆم، لەم چەند ڕۆژەدا کە لە پەیامەکە و ئەم پرسی "ئاشتی" و دانانی چەکە ڕادەمێنم، ناتوانم بیخەمڵێنم کە دۆخەکانی دواتر چۆن دەبن و چی ڕوودەدات. لە لایەک متمانەم بە توانای بیرکردنەوە و دووربینیی سیاسیی ئاپۆ هەیە و لەلایەکیتر لەم جیهانە نادڵنیایەدا و لەم سەروەختی گۆڕانە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوە دڵنیا نیم داخۆ چەکدانان لە بەرژەوەندیی کوردە یان نا. وێڕای ئەوەش لە چەند خاڵێکدا سەرنجی خۆم دەربارەی پەیامەکە و هەلومەرجیی "ئاشتی" کورت دەکەمەوە:

۱-پێش ئەوەی باسێکی جددی "چەکدانان"ی پەکەکە لە گۆڕێ بێت، ساڵی پێشوو گروپە چەكدارە ئەرمینییەكان لە هەرێمى "ناگۆرنۆ قەرەباغ" خۆیان لە چەک داماڵی. پێنج شەش ساڵێک لەوەوپێشیش دوو ڕووداوى دیكەى هاوشێوە، ڕوویاندا، یەكەمیان پڵنگەكانى تامیل، کە بزووتنەوەیەكى ناسیۆنالیستى سەربەخۆخواز بوون لە سریلانكا، دواى نزیكەى چل ساڵ لە خەباتى چەكدارى لەپێناو وەرگرتنى سەربەخۆیی بۆ ناوچەى "ئیلام"دا، چەكیان دانا و خۆیان ڕادەستى دەسەڵاتى سریلانكا كرد. ساڵى دواتریش گەورەترین هێزى چەپى خەباتگێڕى ئینتەرناسیۆنالى ئەمریكاى لاتین، فارك FARC چەكى دانا و بە ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتەكانى ئەمریكاى باكور و باشوور، بڕیاریدا دەست بە "خەباتى مەدەنى" بكات. لە کۆتایی سەدەی پێشووەوە سەرەتای لاوازبوونى مۆدێلی بزووتنەوەكانى ڕزگاریى نیشتمانى و بزووتنەوە گەریلاییە جیهانییەكان دەرکەوت، تا ئەوەی بە ڕادەستبوونى خەباتگێڕانى فارك و پڵنگەكانى تامیل، وەک بڵێی سەردەمێك كۆتایى دێت، سەردەمێك كە دوو جۆر تێكۆشانى مەزنى خەباتگێڕیی تێدابوو، هەندێجار بە تەنیشت یەكەوە و هەندێجار دژ بە یەك: خەباتى ناسیۆنالیستى و خەباتى ئینتەرناسیۆنالیستى. لەم کۆتاییانەدا لایەنیكەم دوو بزووتنەوەى خەباتگێڕیی چەکداریی بەهێز هێشتا ماون کە ڕوون نییە چارەنووسیان چی دەبێت، بەڵام هیچ نەبێ پێویستیان بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەکانی خەباتی گەریلاییە لەمڕۆی جیهاندا، یەکەمیان زاپاتیستەکانن، دووەمیان پەکەکەیە. یەکەمیان لە چیاپاسی مەکسیک و دووەمیان لە قەندیلی کوردستان. پێدەچێت ئۆجالان دەرکی بەم "ئاوابوون"ـەی پارادایمی سەدەی بیست بۆ خەباتی چەکداریی کردبێت، وەک بڵێی بیەوێت نارەزایەتی و بەرهەڵستی لە قەندیلەوە بباتە نێو جەرگەی تورکیا و کۆمەڵگا بۆ خەباتگەلی هەمەجۆر ئامادە بکاتەوە، واتە شێوەی تۆڕبەندییەک بە پەکەکە یان بە خەبات بدات.

۲- پەیامەکە دەبێت ڕاستەوخۆ، حەرفی و بێ تەفسیر وەربگرین، نەک وەک "کۆد و هێما و ئاماژە و دوو دیوو" کە گوایە پێویستی بە تەفسیر و تەئویلە، یان وا بزانین ئۆجالان "پەیامێکی نهێنیی" لە ژێریدا شاردۆتەوە دەبێت ئەو دیوی دێڕەکانی بۆ بگەڕێین، بۆ نموونە بڵێین کاتێک دەڵێت "چەک دابنێن، مەبەستی ئەوەیە چەک دامەنێن". بە بڕوای من ئۆجالان وەک ئۆکۆڵتییەکان بە ڕەمز و هێما قسە ناکات و نهێنییەکی گەورەیشی لە پەیامەکەدا نەشاردۆتەوە، ڕوونیەکەی خۆی نهێنییەکەیە. کاتێک ئەو دەڵێت کە ئێمە درەنگ لەوە تێدەگەین، ڕەنگە لەبەرئەوە بێت، ئێمە مانا ڕاستەوخۆکەی نووسینەکانی وەرناگرین و بۆ دوور دەڕۆین، بۆ شوێنێک کە ئۆجالان هیچ نهێنییەکی لەوێ دانەناوە و ئێمە پێمانوایە دایناوە. لایەنیکەم ئەم پەیامەی ڕوون و بێگرێیە: گەر بە هەڵوەشانەوەی پەکەکە، تورکیا نەچێتە نێو پرۆسەی ئاشتییەوە، گەرچی درێژیش بێت، ئەوا یان خەبات بە جۆریتر دەستپێدەکاتەوە یان دەوڵەت خۆشی دەکەوێتە بەردەم واقیعی هەڵوەشانەوەوە.

۳ـ بۆ ئێمەی کورد ئەوە گومانی تێدا نەماوە کە "کوردبێزی" لە تورکیا واقیعییە. تورک، چ وەک دەوڵەت و چ وەک زۆرینەی کۆمەڵگە، بەرامبەر بە کوردەکان فاشیستن. من لەوەدا هاوڕای مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدم کە تورکان گەورەترین و سەسەختترین دوژمی کورد و ڕێگریی هەرە گەورەشن لە بەردەم پرسی کورد. بەڵێ کورد لە ئێران و عێراق و سوریاش دەچەوسێنرێتەوە، بەڵام ئەم سێ دەوڵەتە خۆیان فشۆڵن و وەک تورکیاش لەسەر هێڵی ناتۆ نین. بەم پێیە کورد دەبێ قورسایی خەباتی خۆی دژ بە تورک ئاڕاستە بکات، هەڵبەت بێ لەبیرکردنی داگیرکەرەکانی دیکەی. بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە "خەبات" و "جەنگ" هەمان مانایان نییە؛ پەکەکە خەباتگێڕە و تورکیا دەوڵەتی جەنگ. ئەوەی جەنگ دەکات ئاشتی بۆ هەمیشە دوادەخات، کەچی خەبات تەنیا "لەپێناو ئاشتییەکی ئێستاییدا" بەهای هەیە، لە پێناو ئاشتییەکی "ناوەخت"دا کە هەموو کات وەختیەتی. خەبات نە بۆ درێژکردنەوەی جەنگە، نە بۆ لەناوبردنی ئەویتر، بۆ ئاشتییە لەنێوان "من" و "ئەویتر"دا لە ئێستادا و ئەم ئاشتییەیش هەموو کات کاتیەتی تەنانەت گەر ئەم ساتەوەختەی ئێستا کاتیشی نەبێت.

۳-گەر ئەویتر ئاشیخواز نییە و ئاشتیی ناوێت، ئەوا خەبات ناوەستێت، تەنانەت لە غیابی چەکیشدا. خەبات فرەیی خەباتە لە کۆمەڵێک کایە و ئاستی هەمەجۆردا کە شێوەی "تۆڕ" وەردەگرێت. گەر تورکیا نەچێتە نێو پرۆسەی ئاشتییەوە، خەبات نامرێت، لە پنت و ڕووبەری دیکەوە سەرهەڵدەداتەوە، تەنانەت ڕەنگە بەشێوە چەکدارییەکەشی بێتەوە.

٤-ئۆجالان یەک سەرەداوی گرنگ دەردەخات: "پارتی کرێکارانی کوردستان لە سەدەی بیستەمدا لەدایک بوو، کە توندوتیژترین سەردەمی مێژوو بوو، لە سایەی دوو جەنگی جیهانی، سۆشیالیزمی واقیعی و کەشوهەوای جەنگی سارد کە جیهان بەخۆیەوەبینی“. هەروەها: "لە رووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە، حیزبەکە بە تووندی کاریگەر بوو بە سیستەمی سۆشیالیزمی واقیعیی سەدەی بیستەم. لەگەڵ رووخانی سۆشیالیزمی واقیعی لە نەوەدەکان بەهۆی هۆکاری نێوخۆیی و لەگەڵ پاشەکشەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتدا و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە ئازادی دەربڕیندا روویاندا، حیزبەکە گرنگیی خۆی لەدەستدا و دووچاری دووبارەبوونەوەی زێدەڕۆیانە بوو". لێرە ئۆجالان چیی دەڵێت؟ لاموایە یەک خاڵی گرنگ دەڵێت: "پارتی کرێکاران" ماوەکەی بەسەرچووە، چونکە پرسی "کرێکار" وەک داینەمۆی شۆڕش بەسەرچووە. حزبەکە لە ژێر کاریگەریی شەپۆلی شۆڕشە سۆسیالیستییە کرێکارییەکاندا و لەنێو هەلومەرجی سۆڤیەتدا دروستبوو، ئێستا نە سۆڤیەت و تەنانەت نە میراتەکەشی ماوە و نە پرسی کرێکاران و شۆڕشە کرێکارییەکانیش. کەوایە پەکەکە بەم ناو و ستراتیژ و تاکتیک و تیۆرانەی ئێستایەوە ناتوانێت پشتیوانیی نێودەڵەتی و ڕەنگە تەنانەت پشتیوانیی بەرە و بزووتنەوە چەپە نوێیەکانیش بەدەست بهێنێت. ئەمە سەلمێنەری ئەو گۆڕانەیە کە لە بیری ئاپۆدا ڕوویداوە و لە "چەپی کلاسیکی"ـەوە بەرەو جۆرێک چەپ لە ژێر کاریگەریی فەیلەسوف و بیریارە نوێیەکاندا.

٥-"لە ئەنجامدا، وەکو هاوتاکانی رۆڵی خۆی تەواو کرد و هەڵوەشاندنەوەی بووە پێویستییەک". لێرەدا ئۆجالان وەک زۆر پارت و بزووتنەوەی چەپی مۆدێرن داوای "هەڵوەشانەوە"ی حزبەکە دەکات. گەر ئەم پەیامە هیچ دەستکەوتێکی نەبێت، هێنانی ئەم نەریتە بۆ کورد و بە تایبەت بۆ باشوور دەستکەوتە. لای ئێمە حزب کە دروست بوو، بۆ ئەبەد هەڵناوەشێتەوە؛ نەک تەنیا لە دۆخی ئەوپەڕی هێزیاندا وەک پەکەکە، بەڵکو تەنانەت حزبی سۆسیالیستی گوڵەخانە و بزووتنەوەی ئیسلامی و زەحمەتکێشانیش نایانەوێت ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لە هەڵوەشاندنەوەی خۆیان بکەنەوە؛ گەرچی زۆر دەمێکەیە هیچ زەروورەتێکیان نەماوە و بگرە بوون بە بارێکی گران بەسەر شانی کۆمەڵگە و سامانی وڵاتەوە. گرنگە حزبێک بە گوێرەی زەروورەتی نەتەوە و کۆمەڵگەکەی دابمەزرێت یان هەڵبوەشێتەوە. پەکەکە هێشتا زەروورەتە، بەڵام ڕەنگە دوای هەڵوەشانەوە بەشێوەیەکی زەرووریتر خۆی بونیاد بنێتەوە.

٦-بە ئەگەری زۆر "ڕۆژئاڤا"، واتە "هەسەدە" خۆی لە هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان دەبوێرێت. گەر لەم دۆخەدا، هەڵوەشانەوەی پەکەکە، تەنیا ڕۆژئاڤاشی پێ بپارێزرێت، کە بەرهەمی پەروەردەی پەکەکە و بەرهەمی بیری ئۆجالانە، ئەوا مانای وایە ئاپۆ ناوەندی هێز بۆ ڕۆژئاڤا پاڵدەنێت و لێدەگەرێت بە کپبوونی بەرپرسانی قەندیل، مەزڵوم عەبدی ببێتە فیگوری یاریکەر لە گۆڕانە چاوەڕوانکراوەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کەواتە بەپێچەوانەی ئەو دەهۆڵەی چەند ڕۆژێکە دەکوترێت و گوایە ئۆجالان "ڕەنجی چل ساڵ" خەبات بەفیڕۆ دەدات، گەر تەنیا ڕۆژئاوا بەرهەمەکەی بێت و ئیدی پەکەکە کۆتاییشی بێت، ئەوا دەستکەوتی مێژوویی خۆی و بەخشندەیی خۆی پێشکەش بە کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، ئەوەش بەخشینی "پارادیمێک بۆ دیموکراسی و پێکەوەژیانی فرەیی"ـیە، کە بە واتای "ئاشتی"ی نێوان شوناسە زۆر و هەمەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. گەر ئەم فرەییانە نەتوانن دیموکراتییانە پێکەوەبژین، ئەوا لۆژیکی جەنگ، وەک چۆن هەمیشە زاڵ بووە، هەر زاڵ دەبێت. بەڵام وەک وترا: خەبات جەنگ نییە.

سەرچاوە : هاوڵاتی