هەندێک ڕامانی فەلسەفی دەربارەی دۆخی کوردستان

 

 

هەندێک ڕامانی فەلسەفی دەربارەی دۆخی کوردستان

سەردار عەزیز

ئەم هەڵبژاردنەی کە کرا، لە زۆر ڕووەوە جیاواز بوو. بۆ یەکێتی و پارتی قورسترین و گرانبەهاترین هەڵبژاردن بوو. بە جۆرێک دووبارەکردنەوەی مەحاڵە. بۆیە بە ناچاری دەبێت بیر لە شێوازی تر بکرێتەوە.

یەکێتی و پارتی لە سی ساڵی ڕابردوودا لەسەر فەلسەفەی زاڵبوون و بردنی هەموو شتێک حوکمی کوردستانیان کردوە. ئێستا بە جۆرێکە کە دەبێت هەموو دەنگێک بکڕن هەتا بتوانن حوکم بکەن. بەم پێیە ئێمە لەبەردەم پرسی شەرعیەت و هەروەها پرسێکی زۆر قوڵترداین کە متمانەیە. لە کتێبی دژ-دیموکراسیی بیرمەندی فەرەنسی پییر رۆسانڤالۆن باس لەوە دەکات کە چۆن لە دیموکراسیدا هەڵبژاردن بەکاردێت بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەت و متمانە، بەڵام بە ڕای ئەو ئەگەر شەرعیەت بە دەست بێت ئەوا ئەستەمە بتوانرێت متمانە بە دەستبێت.

کەواتە سیستەمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک گرێکوێرەی سەختدایە. یەکەم، کاتێک دەخوازێت زاڵبێت، بەڵام نە شەرعیەتی هەیەو نە متمانە، ئەوا بەردەوام پێویستی بە داهاتی زیاترە هەتا زاڵبوونی مسۆگەر بکات.

دووەم، کێشەی کڕینی زاڵبوون لەوەدایە کە مارکس واتەنی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت، چونکە پێویستی بە بردن و دەستبەسەراگرتنی زیاتری داهاتە، بۆیە خەڵک ڕەزامەندی دەدات بە سیستەمێک کە نە بە شەرعی دەزانێت و نە متمانەی پێیەتی، چونکە ئێستا دەنگ کاڵایە. کاڵاش بە ڕێسای بازاڕ بەڕێوەدەچێت.

سێیەم، ئەگەر هۆکاری نەمانی شەرعیەت و متمانە گەندەڵییە، ئەوا گەندەڵی زیاتر پێویستە بۆ درێژەدانی مانەوە. بەڵام وابزانم داهات سنوری هەیە. بۆ نمونە ئێمە چەند مانگێکی تر لەبەردەم هەڵبژاردنێکی ترداین ئایا دەتوانرێت بەهەما شێوە بکڕدرێت. دیارە دیاردەی کڕین ئالۆزو جۆراو جۆرە.

لێرەدا دێنە سەر پرسی ئەوەی دەکرێت چی بکرێت.

مۆدێلی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر مۆدێلی نیزامی هۆبزییە. وەک تەلکۆت پارسنس دەڵێت کێشەی نیزامی هۆبزی. نیزامی هۆبزی کرۆکەکەی ئەوەیە کە بۆ ئەوەی نیزام هەبێت دەبێت ڕکەبەریی یان کێبڕکێ یان بوونی جیاواز کۆتایی پێبهێنرێت و هەموو دەسەڵات لای سەروەربێت. پارتی حەزی لەمەیە بیکات بەڵام یەکێتی ڕێگەی پێنادات. یەکێتی حەزی لەمەیە بەڵام پارتی ڕێگەی پێنادات. پارتی و یەکێتی پێکەوە حەزیان لەمەیە، بەڵام بۆیان ناکرێت.

لە ئەنجامی ئەمەدا دەبینین ئۆپۆزسیون دروستبووە. دیارە دیاردەی ئۆپۆزسیون لە کوردستان پڕ سەیرو سەمەرەیە. جگە لە گۆڕان لە ٢٠٠٩ هەموو ئۆپۆزسیونەکانی تر جیاوازی هاوشێوەن. بەو مانایە تەنها لەو خەسڵەتانەدا جیاوازن کە ناتوانن بەدەستی بهێنن بۆ نمونە وەک هێزی چەکدار، ئەگینا لە ڕەفتارو مامەڵەی و ستراکتۆردا تەواوی تەواو یەکێتی و پارتین. حوکمی شەخس و حکومی بنەماڵەو میدیای تایبەتی پڕ پڕوپاگەندەو سەرۆکی هەمیشەیی و نەبوونی دیموکراسیی ناوخۆیی و نەبوونی ستراکتۆری حیزبی و هەبوونی بەرژەوەندی ئابوری و زۆری شتی تریش.

لێرەدا دێمە سەر مۆدێلێکی تر لە دروستکردنی نیزام، ئەویش مۆدێلی ماکیاڤیللییە. ماکیاڤیللی بە پێچەوانەی هۆبزەوە بڕوای وەهایە کە ڕکەبەریی و ململانێ و گرژی نەک لەناوناچێت بەڵکو ئەو خەسڵەتەیە کە کۆمەڵگاو سیاسەت لەسەری بونیادنراون و لە ڕێگایەوە خۆیان دەناسنەوە. کاتێک توانای لە ناوبردنی ڕکەبەریی نیە، بە تایبەتی لە دۆخی کوردستاندا دەستی دەرەکی ناهێڵێت ئەو ڕکەبەرییە لەناوچێت و سیاسی کوردیش خاوەن هێندە ئاگایی و بەرپرسیاریی نیە هەوڵی کەمکردنەوەی بدات، بەڵکو بە گشتی دەبنە نێچیریی.

کەواتە چۆن یەک کوردستان و یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان دروست بکەین، وەک مەسعود بەرزانی داوای دەکات؟ تەنهاو تەنها لە ڕێگای دەزگاوە. چۆن دەزگا دروست دەکەیت؟ یان چۆن دەزگای تایبەت بە کوردستان دروست دەکەیت دەبێت قوتابخانە زۆرەکانی دەزگای تەقیلیدی ودەزگای نوێ و دژە دەزگاکان هەموو هەڵبسەنگێنین. کێ ئەمە دەکات؟

 

سەرچاوە : میدیای درەو