هاوبیر
نیکۆس کازانتزاکیی بیرمەندی باڵای گریک، لە دوا بەرهەمیدا (ڕاپۆرتێک بۆ گریک) کە یەکێکە لە شابەرهەمەکانی، دان بەوەدا دەنێت کە هەژموونی ئەو هاوارە هەڵقوڵاوەی ڕۆحی هەوێنی هەمیشەیی هەموو بەرهەمەکانی بووە. جا هاواری منیش پتر لەوەی هزرێک بێت، هەستێکە کە هەژموونێکی هێندەی بەسەرمەوەیە کە ڕەنگڕێژی ڕێگای ژیانمی کردووە و بڕستی بە بوونیشم بەخشیوە. بۆیە تەنیا تکام لە خوێنەرانی ئەوەیە، کە وەک خۆی لێی تێبگەن و تێگەیشتنی لابەلای بۆ نەکەن.
دەگوترێت کە مرۆڤ لە ژێر کاریگەریی دابونهریت و لایهنگیرێتیی نەتەوە، هۆز، ڕهگهز، ژهندهر، ئایدیا و ... تاد. دایە و ئەمانە پێکەوە و تاک تاکیش دەتوانن مەرجداری بکەن و بیخەنە جۆلانێ. بەڵام ئۆشۆ گوتەنی، کە هەوڵمان وابێت دڵمان سەردار و ئاوەزمان شوێنکەوتەی بێت، ئیدی ئەوسا هیچکام لەوانە ناتوانن لە گۆشەیەکدا گیرمان بدەن.
تۆ سەیر کە، کەسێک کە بە بێدەنگی گوێی لە موزیکی گەردوونە و بە تێڕامان لە خۆی و لە بوون دیندارییەکی وا دەکات، کە دەرگا داخراوەکانی ڕاستێتی بۆ دەکاتەوە، چ کاری بە نێوبژیکەرێک نییە بۆی ببێتە پردی پەیوەندی لەتەک پەروەردگارا. دیارە حەزرەتی (مەحوی)یش باش لە بەزمی ئەو نێوبژیکەرانە بەئاگا بووە، بۆیە پێیان دەڵێت:
''چـڵـوچـۆکـەر مـەدە دەورم خـودا حـافیـز نـەسـیـحەتـگەر
لە شەکوەی عیشق و لۆمەی عەقڵ ئەمن هەم لاڵم و هەم کەڕ
زوبـان و گـوێ گـله و پهنـدی نه لێ دهبیـهن نه پێ دهبیهن
عـهبـهس دێـن و دهچـن بـهم جۆشــه غهممـاز و مـهلامهتگهر''
خوێنەری بەڕێز، تۆ بڵێی هەر ئەم خۆ بە بریکارانەی خودا نەبووبێتن وەک خۆرە بەر بووبێتنە گیانی نەتەوە و خەرمانی پڕ خەلەی مێژووی کوردیان بە با دابێت؟
فەرموو دادوەری لەم دوو نموونەیەدا بکە و پاشان بزانە ئاخۆ ڕۆچوون بە ڕابوردووی پڕ ڕەسەنایەتیتدا گریانە لەسەر کەلاوەکانی مێژوو (وەکوو ئەوان پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن)، یاخود هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو تەڵەزگانەی سەر ڕێی ئێستا و داهاتوو و هیوایەکە بۆ هەستانەوە و هەبوون؟
ــ یەکەمیان، ئەو باسەی (ئەبوبەکر ئەحمەد عەلی)ـی ناسراو بە ئیبنی وەحشییەی نەبەتیی کەزدانییە کە هەندێک بە ئیبن وەحشییەی کەلدانی ناوی دێنن. ئیبنی وەحشییە کە بە کوردی دەکاتە نەوەی کێوی یان دڕندەی مێیینە، زانا و زمانناسێکی بە نێوبانگی عارەب بووە، کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆهەم هاتووەتە دنیا و لە ساڵی 930ز. مردووە. واتا لە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عەبباسیدا ژیاوە.
ئیبنی وەحشییە لە کتێبی (شوق المستهام فی معرفه رموز الاقلام ــ تاسەی ئارەزوومەندەکە لە زانینی هێمای پێنووسەکان)دا، لێکدانەوەی بۆ پیت و ئەلفوبێیەکانی دەیان زمانی زوو دەکات، کە کوردییش یەکێکیانە و بە یەکێک لەو زمانە دێرینانە و شانبەشانی ئەلفوبێی یۆنانی و میسری کۆن و ئەوانی دی خستوویە ڕوو. لەو کتێبەیدا دەنووسێت:
''سەبارەت بە کلدانییەکان، ئەوان شارەزاترین خەڵکانی کاتی خۆیان بوون لە زانست و دانایی و پیشە دەستییەکاندا، کوردەکان ویستوویانە مشتومڕیان لەتەکدا بکەن و لاساییان بکەنەوە ..." تا دەگاتە ئەوەی دەنووسێت: ''لە ڕاستیدا داهێنانی یەکەمی کوردان لە پیشەی چاندن و تایبەتمەندێتیی ڕووەکدا بوون ... بە ڕاستی کوردەکان لە پیشەی جووتیاری و ڕووەکناسیدا شارەزا بوون. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە نەوەی بەنوشادن و ئەو نامەی جووتیاریی لە ئادەم (د.خ.) بۆ هێناون ...''. تا ئەوەی دەربارەی نووسینی کوردی دەڵێت: ''لە پیتە دەگمەن و سەیرەکانن، لە بەغدا سی نووسراوم بینی کە بەو زمانە نووسراون، کە دووانیانم لە شام لابوو، یەکێکیان دەربارەی چاندنی ڕەز و خورما و ئەوی دی دەربارەی کێشەکانی ئاو و چۆنێتیی دەرهێنانی لە زەوییە سەختەکاندا بوو، کە لە زمانی کوردییەوە وەرمگێڕا بۆ زمانی عارەبی، تاوەکوو هەموو کەس سوودی لێ ببینێت ...''.
وەکوو مامۆستا مەردۆخی دەڵێت، کە ئەو پیتانەی ئیبنی وەحشییە لە کتێبەکەیدا نیشانی دەدا هەر لەو ئەلفوبێیە کوردییە دەچێت کە ئاڤێستای پێ نووسراوە. ئەمانە 37پیتن و کوردین، نەک پیتی زمانێکی دی. جا کە ئێمە دەزانین نووسین بە زمانێک نیشانەی بوونی شارستانێتی بووە لای ئاخێوەرانی ئەو زمانە، ئیدی چۆن بە لامانەوە شەرم و شوورەیی نەبێت گەر ئەم گەواهییە گەردێک گومانی گەورەیی کوردی لای کەس گل دابێتەوە؟
خودایا ئەوە چ کەچی و کەمایەسێتییەکە وا کەسانێکی کەلەلا و کۆڵەوار کردووە، کە ئەم ڕابوردووە کەنار دەخەن و کەساسانە خۆیان و نەتەوەیان ناکەسبەچە نیشان دەدەن؟
- دووهەمیان، ئەو لێکۆڵینەوەیەی نووسەری ئێراقی، دکتۆر زاهیر شەممەرییە، کە دەربارەی مێژووی کۆنی حیللە و دروستکردنێتی، کە بە سەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی زانکۆی بابل، مەڵبەندی بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوەکانی حیللە کراوە و لە ژمارە 4ی ساڵی 2008ی کۆڤاری (زانکۆی بابل)ـدا بڵاو کراوەتەوە. کاکی شەممەری لەنێو لێکۆڵینەوەکەیدا کە باسی دروستکردنی حیللە دەکات لە ساڵی 1101 زایینیدا، ئەوە ئاشکرا دەکات کە لە سەرەتاوە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە فوراتییە ناو نراوە گەڕەکی کوردەکان، لەبەرئەوەی دانیشتوانەکەی لە خێڵە کوردەکانی گاوانییەکان و شاهگانییەکانی نیشتەجێی ئەو دەڤەرە بوون.
تەنانەت دەڵێت ناوچەکەیان هەندێک بەرز بووە، بۆیە بۆ ئاودانی باخەکانیان ئامێرێکیان بەکارهێناوە ناوی (کورد) بووە. هەروەها باسی ئەوە دەکات کە پێش بنیاتنانی شارەکەش بە درێژایی مێژووی ناوچەکە کوردەکان ڕۆڵی گەورە و گرنگیان هەبووە و زۆریش ئازا بوون و ناوی چەند کەسایەتییەکی هێناوە وەکوو میر لەبی شوجاع عاسم گاوانی، کە بە ئازا و ئەدیبی ناو دەهێنێت و باسی دوو کوڕەکەشی دەکات، عەنتەر و موهەلهەل کوردی.
عەنتەر کە پلەیەکی بەرزی سەربازیی هەبووە، مامۆستا و پەروەردەکەری (سەدەقەی کوڕی دوبێس)ـی بنیاتنەری شاری حیللە بوو، موهەلهەل کوردییش لە سوپادا پلەدارێکی بەرز بوو، سەرپەرشتی محەممەدی برای سەدەقەی دەکرد. لە مێژووی نوێشدا باسی عەلی حەممادی حەسەن دەکات، کە بە ئاشکرا لە دیوەخانەکەی خۆی و لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی ڕۆژی پێنجی حوزەیرانی ساڵی 1920 لە مزگەوتی گەورەی ئەو شارە، لێدوانی دژی داگیرکەرانی بەریتانیایی هەبووە و لەسەر ئەوە گیراوە و بۆ دوورگەی هەنگام لە گەرووی هورمز لە کەنداو دوور خراوەتەوە.
لە دوای دەستخۆشی لە کاکی شەممەری بۆ ئەوەی کە نیشانی داوە کورد لە پاڵ عارەبدا شاری حیللەیان دروست کردووە و باسی لەوە کردووە کە چۆن لە دوێنێدا کورد بەشێکی گرنگی جوگرافیا و مێژووی ناوچەیەک بوون کە پتر لە 120 کیلۆمەتر لە خوار بەغدایە. بە ڕاستی هەر ئەوەندە و پێی ناوێ بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژگارەکانی کەونارا کە باوەگەورەی کوردان خاوەنی ڕەسەنی سنوورێک بوون کە لە سەرووی ئاترۆپایگان (ئازەربایجان)ـەوە دەست پێدەکات و بەرەو خوار دێت و هەموو زاگرۆس دەگرێتەوە و بە خۆرهەڵاتی دیجلەدا تا سەر کەناراوەکانی کەنداو درێژ دەبێتەوە و لە هەندێک شوێنیشدا پەڕیوەتەوە خۆرئاوای دیجلە و تا سەر فوڕات بووە، کە ئەمە چەندان جار لەوەی ئێستای فراوانتر و زۆرترە.
جا ئەگەر تۆ و منی کورد واز لە خۆنەخوێندنەوە و خۆخەریککردن بەخۆوە بێنین و لەوە ورد بینەوە کە:
ــ لە دوێنێدا ئەوە بووین کە عارەبی دەسەڵاتدار دوای پتر لە سێسەد ساڵی حوکمداری ناچار بوون بەرهەمی زانستی ئێمە وەربگێڕنە سەر زمانی خۆیان و سوودی لێ ببینن.
ــ لە لایەکی دییەوە پاش پێنج سەد ساڵ لە حوکمیان و ئەو هەموو ئەنفال و قاتوقڕییەی بەسەر کوردانیاندا هێناوە، هێشتا کورد لە جوگرافیایەک نیشتەجێ بوون و ڕۆڵی گەورەیان تیایدا هەبووە کە سەدان کیلۆمەتر لەو ڕووبەرە بچووکەی کوردستانەوە دوورە کە ئێستا پێمان ڕەوا نابینرێت!
دیارە کە ئەمەمان زانی، ئیدی بە وردی دەگەڕێین بە دوای وەڵامی کۆمەڵێ پرسیار، لەوانە:
- گەلۆ ئەم چوونەوەیەکەی جوگرافیاکەمان بۆ و تاکەی؟
- باشە کە کورد سەدان ساڵ توانیبێتی رووبەڕووی ئەو هەموو شمشێرلێدانانە بووبێتەوە کە لە جەرگی چەقێندراون و هێشتا کۆشکی شکۆداری هزروانی و ئاوەزمەندیی خۆی و ئەستونەکانی تاوڵی بوونی لەو پادەشتانەی گەرمەسێر هێشتبێتەوە، ئەوە بێشکۆیی نییە وا شووڵی لێ هەڵکێشاوە شەرم لە خۆچەماندنەوە ناکات و خەریکە بە ئابڕوویەکی تکاوەوە نەک هەر گەرمیان، بەڵکوو زۆزان و بەندەنانی کوردستانیش دەبەخشێتەوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە و زۆری تری لەوانەچوو، دەکرێت بڵێین:
لە ڕاستیدا تێگەیشتنێکی قووڵمان ناوێت تا لەوە بگەین کە سەرلێشێواوی و سەرگەردانی نەتەوە سەرئەنجامی نەبوونی ئەو ڕایەڵەیەیە بە ڕابوردوویەوە کە بتوانێت ڕاڤە و ڕامانێکی بۆ ڕووداوەکان پێ بکات. لەمەشدا تێز و تیۆرەکانی تاریکپەرستانن کە تارمایی بەسەر ئاگایی تاکدا دێنن و تاسەی تێڕامانی پێناهێڵێن. بۆیە هەر کە ڕەوانمان بە ڕێنماییە ڕاستەکان ڕوون کردەوە، ڕەوشێکی وامان لا پەیدا دەبێت کە بتوانین باجێکی سەخت بۆ ئەو بۆرەپیاوانە دابنێین کە بە بێباکی و بوودەڵەیی ڕەنجی کوردیان بەبا داوە و بە بای دەدەن.
بە دەسکارییەوە لە کتێبی (مرۆڤ و ئافراندن)ـی نووسەر وەرگیراوە
چاوەڕوانی بەشەکانی دی بکەن
سەرچاوە: ماڵپەری باسنیوز