لەتیف فاتیح فەرەج
دیمەنی دەست ماچكردنەكەی لەیلا زانام بینی ، دەستخۆشیت لێدەكەم ، بەڵام دایك و خوشكی شەهیدەكانی باشوریش ئەگەر دەستیشیان ماچ نەكرێت ، پێویستە ئاوڕیان لێبدرێتەوە، تۆ ئەزانی هەفتا ڕۆژە موچەی وەرنەگیراوە ، هەفتا ڕۆژە كەس نیە داوای لێبوردن لە دایك و خوشكی شەهیدان بكات، هەفتا ڕۆژە میدیا ڕۆژانە هەفتا جار باسی هاتن و نەهاتنی موچە دەكات، تۆ ئەزانی بابت لە ژیاندا بوایە بە هەر جۆرێك بوایە ئەوەی چارەسەر دەكرد ، ما تۆ سەرۆكی یەكێتی نیت، بیستومە دەڵێن كوردی ناخوێنیتەوە ، هیوادارم ئەم پەیامەی من یان خۆت بیخوێنیتەوە یانی بۆتی وەخوێنن، ئاگاداری دۆخی ئەو زۆنەی كە ئێوەو حزبی ئێوە حاكمین ، ئاگاداری شارۆكەی چەمچەماڵ كە 13 ڕۆژ جارێك ئاویان بۆ دەنێردرێت و ئەویش كەمتر لە سێ كاتژمێر ، شەوانیش دەبێت ئێشكگری هاتنی ئاو بكێشن.
ئاگاداری جادەكەی كە لە كۆیە بە ناوی مام جەلال نراوە بوو بەو جادەی ئاسنەی دەڵێن دەچێتە شاخی هەورامانەوە ، دۆخی ئەو زۆنە دەبینی، لەكوێی دنیا بووە هاونیشتمانی خۆت كارەبای نەبێت و كارەبا بدەی بە شوێن و جێگەی تر ، لە كوێی دنیا ئەوەهەیە لە نێوان كەمتر لە بیست كیلۆ مەترا بەنزین لە قەرە هەنجیر بە 450 دینار بێت لیترێكی و لە چەمچەماڵ نزیكەی هەزار دینار بێت، ئێ تۆ لەو كۆشكانەوەی بارو دۆخی خەڵك لەكوچەو كۆڵانەكانی وڵات نابینی ، لەوەش ناچێت كەس بۆتانی باس بكات ، لەبەر ئەوەی چەند ساڵ لەمەوبەربڕیارم دا بە كورتی نامەیەكی نیو دێڕیت بۆ بنووسم ، نووسیم دامە دەست بەرپرسێكی باڵای حزبەكەت دیار بوو نەیناردبوو نەیگەیاندبوو ، نەیوێرابوو بینێرێت ، نامەكەش هەر ئەوەندە بوو " بە شوێن پێی مام جەلالدا بڕۆ بۆ ئاشتبونەوەو پێكەوە بوون" .
دەستت خۆش بۆ ماچكردنی قامكی لەیلا زانا ، لێ قامكی ژنە ئەنفالزەدەكانیش قامكی ماندوی ژنگەلێكی بە ڕومەتن ، دەكرێت بە شانازیەوە ماچ بكرێن ، وەرە ئەو دەستە ماندو شەقار شەقارانەی ژیان و حەسرەت ببینە ، قوربان ئەم ناوچەیە ماندوە ، زۆر ماندوە، ئێوە ئەركتان ئەوەیە لە خەمی ئەو خەڵكەدا بن، گەورەیی ئەوەیە چەند خزمەتی ئەوانی دیكە بكەی ما پیرە مێردی مەزن نافەرموێ " سوراحی سەر فرو دێنێ لە بۆ پیاڵە كە تێكا بۆی " زۆركار هەیە دەتوانن بیكەن بۆ نایكەن ن ئەوە بۆ خۆی مایەی سەر سامیە!!.
سەرچاوە : خەندان