نەخۆشانی تالاسیما لە هەولێر بەرهەمە دەستییەکانیان لە پێشانگایەکدا لە هەولێر نمایشکردووە و هەشت ڕۆژ پێشانگاکە بەردەوام دەبێت.
پێشانگاکە ئەمڕۆ لە ماجدی مۆڵی هەولێر لەلایەن گروپی سالاسیما و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و گروپی هاوبەشەوە کراوەتەوە، زیاتر لە ١٥ ژنی تووشبووی نەخۆشیی تالاسیما کارە دەستییەکانیان تێدا نمایشکردووە.
ژنانی بەشداربووی پێشانگاکە بەرهەمەکانی وەک دەستبەن، ملوانکە، کۆڵوانە و پشتوێن و کڵاوی جلی کوردی و کۆمەڵێک بابەتی ئێکسسواراتی دیکەیان نمایشکرابوون، کە سەرجەمیان بەرهەمی دەستیی خۆیانە.
پێشانگاکە ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوام دەبێت و کراوەتە دەرفەتێک تاوەکو ئەو ژنە دەستڕەنگینانە بتوانن لە ڕێگایەوە کارەکانیان ببێتە سەرچاوەی داهات بۆیان.
سروە عەلی
سروە عەلی، ڕێکخەری پێشانگاکە دەڵێت:”ئێمە ژمارەیەک لە ژنانی خاوەن کاری دەستیی خۆمانین، ئەمە چوارم ساڵە لەسەریەک ئەم جۆرە پێشانگایانە لە کۆتایی ساڵدا دەکەینەوە، ئامانجیشمان ساخکردنەوەی بەرهەمەکانە”.
دەشڵێت:”هەبوونی ئەم پێشانگایانە هاوکارە بۆ ژنانی دەستڕەنگین تا بتوانن نمایشی کارە دەستییەکانیان بکەن، کارە دەستییەکانیان لەم جۆرە پێشانگایانە ساغ بکەنەوە و ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆیان”.
سەرچاوە: rojnews