کۆبوونەوەکە بۆ رێککەوتنە لەسەر پەسندکردنی چەند پرۆژەیاسایەک.
نوێنەری سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق (کورد، شیعە و سوننە) لەبارەی پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی حکومەتی بەعس لە کۆبوونەوەدان.
هەریەک لە خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و نوێنەری کورد، محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەری سوننەکان و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان و نوێنەری شیعەکان، لە ماڵی موحسین مەندەلاوی لە کۆبوونەوەدان.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی حکومەتی بەعسە کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی موڵک و زەویی دەستبەسەرداگیراو.
پرۆژەیاساکە بۆ ئەوەیە ئەو زەوی و موڵکانەی لە سەردەمی بەعسدا لە هاووڵاتیان وەرگیراون یان دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
پرۆژەیاساکە ناکۆکی لایەنەکانی لەسەرە؛ کورد داوای دەنگی پەرلەمانتارانی سوننە و شیعە دەکات، سوننە داوای دەنگی هەردوولا دەکات لە پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، شیعەش بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی داوای دەنگی کورد و سوننە دەکات. ئێستا هەر سێ پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی دووەمیان بۆ کراوە و ماوەتەوە دەنگدانیان بۆ بکرێت.
ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر هەر سێ پرۆژەیاساکە دواخرا.
بە گشتی لە سنووری پارێزگای کەرکووک ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی لەنێوان کورد و تورکمان لەگەڵ عەرەبی هاوردە کێشەیان لەسەرە. لە خورماتووش 10 هەزار دۆنم زەوی کێشەیان لەسەرە.
زیاتر لە 130 هەزار دۆنم زەویى هاونیشتمانیانى کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرکووک داگیرکراوە و بۆیان نەگەڕێندراوەتەوە. ئەو زەوییانە هێشتا موڵکدارییان یەکلا نەکراوەتەوە، کە لە لایەن عەرەبی هاوردەوە لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس داگیرکراوە.
زۆرینەى زەوییە داگیرکراوەکانى کورد و تورکمان لە کەرکووک دەکەونە قەزاى دووبز، قەزاى ناوەندیی کەرکووک، ناحیەکانى سەرگەڕان، پردێ، شوان، تۆپزاوا، لەیلان، داقووق، تازە و بەشیر.
زۆرینەى زەویی داگیرکراوی کورد، کە خاوەندارێتیان بەگوێرەى مادەى 140 یەکلایی نەبووەتەوە لە سنوورى قەزاى دووبز، قەزاى ناوەندى کەرکووک، ناحیەکانى سەرگەڕان، پردێ، شوان، تۆپزاوا و داقووقن.
زۆرینەى زەویی داگیرکراوی تورکمان لە پارێزگای کەرکووک لە سنوورى ناحیەکانى لەیلان، تازە و بەشیرن.
سەرچاوە : ڕووداو