نووسەر و سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد کۆچی دوایی کرد

 

 

 

 

 

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤ کامیل ژیر نوسەر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری کوردستان کۆچی دوایی کرد. 

کامیل نیزامەدین جەلال ناسراو بە (کامیل ژیر) ئەدیب، نووسەر، سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری کوردستان، ئەمڕۆ لە تەمەنی (٩٠) ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد. 

کامیل نیزامەدین جەلال ناسراو بە کامیل ژیر لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٤ لە سلێمانی لە دایکبووە، دەرچووی کۆلێجی مافە لە بەغداد، ھەشت کۆرس زمانی ئینگلیزی لە پەیمانگەی ئەمەریکی و یەک کۆرس زمانی ئەڵمانی لە پەیمانگەی گۆتە لە بەغداد خوێندووە.

کامیل ژیر بۆ ماوەی ساڵێکیش لە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکان لە بەغداد ھونەری نواندن و دەرھێنانی خوێندووە، هەروەها دوو بڕوانامەی لە بواری کارگێڕیدا لە بەغداد وەرگرتووە و و حەوت خەڵاتی رێزلێنانیشی لە بواری رۆشنبیریدا پێبەخشراوە. 

ساڵی ١٩٦٧ هاوسەرگیری لەگەڵ نەجات مەئروف ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵن بە ناوەکانی (چیا، چرا، ئارا، شارا). 

ئەندامی حزبی شیوعی عێراقی بووە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٨ بۆ ١٩٥٨ کە بەھۆی چالاکییەکانی لەو حیزبە و ڕێکخراوەکانیدا، چەند جار زیندانیکراوە.

دامەزرێنەر و ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی ئازادی و ژ‌یانەوە و یەکێتی کورد (کاژ‌یک) بووە کە بۆ ماوەی (١٥) ساڵ لە خەباتی نھێنی و ژ‌ێر زەمینیدابووە، لە ساڵی ٢٠٠٤ یشدا کۆڕی سەربەخۆی کوردستانی دامەزراندووە. 

سەرچاوە : سپیمیدیا