کاتێک خوێنەران ئەم دۆسێ تایبەتە لەسەر ژیان، بەرهەم، پەروەردە و کۆششی هونەرمەند شەهرامی نازری دەخوێننەوە و رۆدەچنە ناو ئەو هەموو بەخشش و کۆششەوە، جگەلەوەی شانازیی دەکەن کە بلیمەتی وەک نازریی لە نەتەوەکەی ئەواندا هەڵکەوتووە، هاوکات هەستێکیشیان لەلا دروست دەبێت کە مانشێتی دۆسێکە غەدرێکە لەو هونەرمەندە مەزنە و پڕ بە پێگە و مەقامی ئەم شۆڕەسوارە نییە، چونکە نەک ئێمە، بەڵکو ئەوە موزیسیان و شاعیران و ئاوازدانەرانی غەیرە کوردن ئەو شایەتییەی بۆ دەدەن کە نازری سومبولی موزیکی ئێرانە و پاشای ئەدەب و هونەری عیرفانییە.
ئەوە تەنها ئێمەی کورد و فارس و گەلانی ئێران نین کە لەگەڵ دەنگە ژێکانی نازریدا هەموو گیانمان مچوڕکی پێدا دێت، بەڵکو خەڵاتی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان ئەو پێگەو مەقامەی بەرزدەنرخێنن ئەگەرچی لە زمانە کوردی یان فارسییەکەی گۆرانی و مەقامەکانیشی حاڵی نابن، بەڵام لەو هەست و نەستە هونەرییە پڕ‌و پاراوە تێدەگەن کە تەژییە لە بەهرە و داهێنان و ئەفراندن.
ئەوەی زیاتریش ئەم هونەرمەندە مەزنە لای ئێمەی هاوزمانی گەورەتر دەکات، ئەو هەستە نەتەوەییە بەرزەیە کە خەڵاتەکەی باشووری کوردستان لە هەموو خەڵاتە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان بە گەورە و گرنگتر دەبینێت، نەک لە سۆنگەی رەگەزپەرستییەوە، بەڵکو لە سۆنگەی شانازی‌کردن بە بنەچە و رەسەنی خۆیەوە، کە زۆربەی ئاوازدانەر و موزسیانە فارسەکانیش ئاماژەیان بەوە داوە کە گەنجینەی موزیک و کەلتوری کوردی لەپشت داهێنانەکانی مامۆستا نازرییەوەیە.
شه‌هرام نازری هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد، هونه‌رمه‌ندێك كه هه‌ندێك كه‌س به سوارچاكی ئاوازی كوردی ناوی ده‌به‌ن. خاوه‌نی ده‌نگێكی پڕ سۆز و ئەفسانەییە، ده‌نگێك له سه‌رزه‌مینی كرماشان، خاكی پاڵه‌وانانی كورد. سه‌رزه‌مینی شیرین و فه‌رهاد، شاری گه‌وره‌ی كوردنشین، شاری فه‌رهادی كێوشكێن، شاری تاق بوستان، سه‌رزه‌مینی شانامه. ده‌نگێك له‌سه‌ر زه‌مینی یارسان و ئه‌هلی حه‌ق.
شه‌هرام به‌مشێوه‌یه باس له خۆی ده‌كات
هه‌میشه وتوومه و ئێستاش دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، دایكم یه‌كه‌م كه‌س بوو كه منی بۆ لای هونه‌ر په‌لكێش كرد. دایكم ئه‌هلی ئه‌ده‌ب و موزیک بوو. ژنێكی جددی و رێك‌وپێك بوو. له سێ ساڵییه‌وه له‌گه‌ڵ من كاری شیعر و موزیکی ده‌كرد. باوكم سازی لێده‌دا و گۆرانی ده‌چڕی. به گشتی بنه‌ماڵه‌ی باوكم هه‌موویان ئه‌هلی ئه‌ده‌ب و موزیک بوون. ماڵی نازرییهكان یه‌كه‌مین شوێن بوو كه بۆ موزیک له كرماشان دامه‌زرا. دایكم جگه له ئه‌ركی دایكاتی زۆر به جددی كاری موزیکی دەكرد و حه‌زی زۆر له موزیک بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد كه ئه‌و حه‌زه بۆ من بگوازێته‌وه و هه‌ر واشی كرد. مه‌شق و راهێنان و پرۆڤه‌كانی دایكم له‌گه‌ڵ من له‌سه‌ر ویست و حه‌ز بوو، نه‌ك به زۆری. شیرین‌ترین كاته‌كانی منداڵیم، ئه‌و كاتانه بوو كه دایكم له‌لام داده‌نیشت و شیعری بۆ ده‌خوێندمه‌وه، پوورهكانیشم چیرۆكه‌كانی شانامه‌یان بۆ ده‌گێڕامه‌وه.
دایكم بۆ من قوتابخانه بوو
هه‌موو رۆژێ له‌گه‌ڵ دایكم پڕۆڤه‌ی موزیکم ده‌كرد و ئه‌مه‌ش چێژی پێده‌به‌خشین و هه‌ستم به ماندووێتی نه‌ده‌كرد، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردبوو كه دایكم دڵنیابێت كه من رۆژ له دوای رۆژ له‌سه‌ر شیعر و موسیقا سوورترم و پێداگری ده‌كه‌م، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردبوو كه هه‌موو رۆژێک دایكم هه‌وڵم له‌گه‌ڵدا بدات.
به منداڵی شیعرم ده‌وت، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه كاتێك كه پووره‌كانم شیعری شانامه‌یان بۆ ده‌خوێندمه‌وه، دواتر خۆم به شێوه‌یه‌كی دیكه شیعره‌كانم دادەڕشتهوه و بۆ ئه‌وانم ده‌خوێنده‌وه.
هه‌ر له منداڵییه‌وه ده‌ستم به گۆرانی وتن كرد
من له گه‌ڕه‌كی به‌رزه ده‌ماغ له كرماشان له دایكبووم. كۆڵانێك هه‌بوو ناوی «یه‌خچاڵ (به‌فرگر) ئه‌و كاته هه‌موو ماڵه‌كان به‌فرگریان نه‌بوو، ماڵی ئێمه به‌فرگرمان هه‌بوو، به باوكمیان ده‌وت «ئه‌بو یه‌خچاڵ». له خوار ئه‌و كۆڵانه‌وه قوتابخایه‌كی لێ بوو كه ناوی قوتابخانه‌ی «كووروش» بوو. شانسم هێنای كه به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و قوتابخانه‌یه مامۆستایه‌ك بوو به‌ناوی «نیكڕهوش» (ئاكارخاس) كه خۆی ئه‌هلی ئه‌ده‌ب و ده‌ستی نووسینی هه‌بوو. جێگری بهڕێوهبهكهش مامۆستایه‌ك بوو به ناوی ئاغای هیمه‌تی كه ئه‌ویش شیعری ده‌نووسی و سه‌نتووری لێده‌دا و ئاوازدانهربوو. له رادیۆ كرماشانیش به‌رنامه‌ی موزیکی هه‌بوو. ئه‌مه‌ش وایكرد كه ئه‌و قوتابخانه شه‌وق و زه‌وق و به‌هره‌ی من په‌روه‌رده بكه‌ن و هانده‌رم بن.
له بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا هونه‌رمه‌ند زۆر هه‌بوو، من به جددی حه‌زم لێ بوو و بیرم ده‌كرده‌وه كه منیش وه‌ك ئه‌ندامانی دیكه‌ی بنهماڵهکەم ببم به هونه‌رمه‌ند، حه‌زێكی زۆرم بۆ هونه‌ر هه‌بوو و ئه‌مه‌ش سه‌رقاڵی ده‌كردم و رێگه‌ی ژیانی منی گۆڕی.
چونكه به‌ڕێوه‌به‌ر و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌م ئه‌هلی ئه‌ده‌ب و موزیک بوون و له هونه‌ر تێده‌گه‌یشتن، ئه‌وه بۆ من هانده‌رێكی باش بوو، چونكه به‌یانیان له قوتابخانه به‌ر له‌وه‌ی بچینه پۆله‌كانه‌وه، بانگیان ده‌كردم و له‌به‌رده‌م قوتابییه‌كاندا گۆرانیم ده‌وت. هه‌ندێك جار كه له‌ناو پۆلدا بووم، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه یان جێگره‌كه‌ی ده‌هاته ژووره‌وه و منیان بانگ ده‌كرد بۆ لای ته‌خته‌كه و داوایان ده‌كرد كه گۆرانیان بۆ بڵێم. به‌لایانه‌وه سه‌یر بوو كه قوتابییه‌ك به‌و ته‌مه‌نه‌وه گۆرانی بڵێت.
بۆ هونه‌رمه‌ندێك كه له منداڵییه‌وه هونه‌ر فێرببێت و هونه‌ر له خوێن و دهماریدابێت، بۆ پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی زۆر گرنگه، وه‌ك موعجیزه‌یه‌كی گه‌وره وایه. به‌ڕای من كاریگه‌ریی ئه‌و فیربوونه زۆر له‌وه زیاتره كه كه‌سێك له ته‌مه‌نی گه‌وره‌ییدا به‌نیازی ئه‌وه بێت كه هونه‌ر فێرببێت.
به موزیكی كوردی شیعری ئه‌ده‌بیاتی ئێرانم ده‌خوێنده‌وه، هه‌رچه‌ندە راسته ره‌نگه له‌و ده‌مه‌دا له مانای قووڵی ئه‌و شیعرانه تێنه‌گه‌یشتبێتم، به‌ڵام ورده ورده خووم پێوە گرتن و توانیم دواتر به باشی له‌گه‌ڵ مانا و ناوەڕۆکی شیعره‌كاندا په‌یوه‌ندی دروست بكه‌م.
دایكم له بواری ده‌روونناسی ده‌یزانی كه چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ مندا بكات و هان و دنه‌م بدات كه چۆن كاریگه‌رییان له‌سه‌رم هه‌بێت. به‌یانییه‌ك له‌خه‌و هه‌ستام ویستم له هۆڵه‌كه بچمه ده‌ره‌وه تا له حه‌وشه نانی به‌یانی بخۆم، بینیم له‌ناوه‌ڕاستی ژوورهكەدا كتێبێك به كراوه‌یی دانراوه، سەیرمكرد دیوانێكی كۆنی شیعری حافزی شیرازییه. له دایكم پرسی ئه‌م كتێبه له‌كوێوه هاتووه؟ چونكه سه‌یری هه‌موو كتێبی كتێبخانه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌م كردبوو ئه‌و كتێبه‌ی حافزم نه‌بینیبوو، دایكم به سه‌رسووڕمانه‌وه وتی: «نازانم، له‌وانه‌یه ئه‌م كتێبه ئاسمانی بێت و له ئاسمانه‌وه هاتبێته خواره‌وه.» هه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی دایكم بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه من ئه‌و كتێبه وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخ بپارێزم و هیچ كات له خۆمی دوور ناخه‌مه‌وه. هه‌ڵسوكه‌وت و كرداره‌كانی دایكم وایان كرد من هۆگری كتێب ببم و به تامه‌زرۆییه‌وه كتێب بخوێنمه‌وه و دیوانه‌كه‌ی حافز بۆ من وه‌ك دیارییه‌كی خودایی و ئاسمانی بوو.
ده‌روێشێك دنیای بیر و هزری منی گۆڕی
له‌گه‌ڵ ده‌روێشێك به ناوی نیعمه‌ت عه‌لی خراباتی ناسیاوییم په‌یداكرد، وتی: ئه‌م منداڵه له داهاتوودا ده‌بێت به شتێك، ساڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ژیام. ئه‌و ده‌روێشه وه‌ك فەرهەنگێک وابوو. فەرهەنگێک پڕ له ئه‌ده‌بیات و موزیک و مێژووی ئه‌ده‌ب، زۆر شتی لێ فێر بووم. ئه‌و تۆوەی كه دایكم له‌باره‌ی ئهدهبیاتەوە له مندا چاندی، ده‌روێش په‌روه‌رده‌ی كرد، تا بووم به‌وه‌ی كه ئێستا هه‌م. ده‌روێش ئه‌ده‌بی كلاسیك و ئه‌ده‌بی عیرفانی و ئه‌ده‌بی حەماسیی فێركردم. دواتر كه گه‌وره بووم له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین مامۆستای ئه‌ده‌بی كرماشان، مامۆستا به‌هزاد كرماشانی ئاشنابووم. ئه‌و هاوڕێی خاڵم بوو. له‌ڕاستیدا من ئه‌ده‌بیات به گشتی له‌لای ئه‌و به ته‌واوه‌تی فێربووم. پێگه‌یه‌كی مه‌زن و به‌رزی هه‌بوو.
بنه‌ماڵه‌ی نازرییهكان
مهنوچەهرخان مامم بوو، فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره بوو، پیاوێكی مه‌ند و ره‌ند بوو. نوسرهتوڵڵاخان مامم بوو، تاری لێده‌دا. حاجی خانی نازری گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ی نازری هه‌م لە بواری موزیک‌دا شاره‌زا بوو، هه‌م تاریشی دەژەند. كه‌یخوسره‌و پوور نازری یه‌كێك له گه‌وره‌ترین مامۆستاكانی موزیکی نیشتمانی ئێران بوو. زۆربه‌ی خزم و كه‌سوكارمان و ته‌نانه‌ت دۆست و هاوڕێكانیشمان ئه‌هلی ئه‌ده‌ب و موزیک بوون و هه‌موو ئه‌وانه بۆ من هانده‌ر و یارمه‌تیده‌ر بوون و هه‌ر ئه‌وانیش وایان كرد كه له‌نێوان من و موزیک‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و نه‌پچڕاو دروست ببێت.
له شه‌ش ساڵییه‌وه گۆرانی ده‌ڵێم
له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵییه‌وه ئه‌وكاته‌ی كه له قوتابخانه بووم به جددی گۆرانیم ده‌وت. به‌ڕێوه‌به‌ر و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانه‌كه گۆرانییه‌كانی منیان تۆمار ده‌كرد و پاشان له رادیۆ كرماشان بڵاوده‌بوونه‌وه. له ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا له كاتی كردنه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنی شاری تاران به شێوه‌ی راسته‌وخۆ گۆرانیم وت، كه بووه جێی سه‌رسووڕمانی زۆربه‌ی موزیكژه‌نه‌كان و مامۆستایانی موزیك، به‌لایانه‌وه سه‌یر بوو له‌و ته‌مه‌نه‌دا من خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگه بم. هه‌ر بۆیه داوایان له باوكم كرد كه له تاران بمێنمه‌وه و بچم بۆ په‌یمانگەی باڵای موزیك، به‌ڵام باوكم رازی نه‌بوو، تا ئه‌وه‌ی كه خوشكم بۆ به‌شی پزیشكی تاران وه‌رگیرا و ئێمه به ماڵ و منداڵه‌وه روومان کردە تاران. ت
اران مه‌یلی منی بۆ گۆرانی زیاد كرد
مامه‌كانم زۆربه‌یان له شه‌قامی مهجددهوله له گه‌ڕه‌كی نیاوه‌ران له تاران ده‌ژیان، هاوینان یان ئێمه ده‌چووین بۆ تاران و هه‌ندێكجار دوو مانگ له‌وێ ده‌ماینه‌وه. من تارانم زۆر پێخۆش بوو (هه‌ڵبه‌ت ئه‌و سه‌رده‌مانه). شارێكی ئارام و خۆش بوو، به تایبه‌تی كه ده‌چووین بۆ سه‌ر پردی «ته‌جریش»، ئه‌وه‌نده خۆش و دڵگیربوو هه‌ر نه‌بێته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا وا نییه. كه چوومه تاران مه‌یل و حه‌زم بۆ موزیک زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، به‌ڵام نه‌گۆڕام و هه‌ر پابه‌ندی موزیک مامه‌وه.
چوار ساڵ چوومه په‌یمانگەی موزیک و له بواری ساز و ئاواز مه‌شق و راهێنانێكی زۆرم بینی و به شێوه‌ی زانستی خوێندم.
هه‌میشه بڕوام به‌وه بووه كه مرۆڤ ده‌بێت له سفره‌وه ده‌ستپێبكات بۆئه‌وه‌ی به باشی فێر ببێت، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه (فێرخوازبوون) ئێستاش له مندا هه‌ر ماوه. ئه‌گه‌ر كاره‌كانم تام و بۆن و ره‌نگی خۆیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ده‌نگم هه‌ست و سۆزی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ناودار و به‌ناوبانگم، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه من كه‌سێكی لاسایی كه‌ره‌وه نیم و ئه‌هلی داهێنان و خوڵقاندنم و خۆڕسكانه كارده‌كه‌م و داهێنانهكانیشم ئاشكرا و دیارن. ئه‌وه‌ش بزانن كه به لاسایی كردنه‌وه ناتوانین داهێنان بكه‌ین و شته‌كان بدۆزینه‌وه. ئێستاش هه‌ر خۆم به قوتابی و فێرخواز ده‌زانم و هیچ كات نه‌مویستووه وه‌ك مامۆستایه‌ك له‌سه‌ر كورسی دابنیشم و هه‌میشه وه‌ك قوتابی خۆم ده‌بینم.
ساڵی 1974 مامۆستا نوور عه‌لی برومه‌ند هانیدام بچمه رادیۆی ئێران و چووم، یه‌كه‌مین كاری خۆم كه به‌رهه‌مێك بوو له شیعری هه‌ردوو شاعیری ئێرانی مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی و شێخ به‌هایی بوو كه محه‌مه‌د ره‌زا لوتفی تاری بۆ لێدام و پاشان به‌رهه‌مه‌كه بڵاوكرایه‌وه و له یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌كانی موزیكی ئێران به یه‌كه‌م ده‌رچووم. دواتر له‌لایه‌ن مامۆستا نوور عه‌لی برومه‌ند بۆ فێستیڤاڵی جیهانی تووس له ساڵی 1978 هه‌ڵبژێردرام و پاشان له فێستیڤاڵی هونه‌ری شیراز له ساڵی 1979 به‌شداریم كرد و به‌شداریكردنم له‌و دوو فێستیڤاڵه بۆ منێكی گه‌نجی ته‌مه‌ن 23 ساڵان دوو رووداوی گرنگ بوو.
له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی جیهانی تووس هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران ره‌خنه‌یان گرت كه بۆچی بۆ ئه‌و فێستیڤاڵه كه‌سانی به ئه‌زموون ده‌ستنیشان نه‌كراون، هۆشه‌نگ ئیبتیهاج و مامۆستا برومه‌ند وتیان: ئه‌م گه‌نجه (مه‌به‌ست شه‌هرام نازری) له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانی دیكه جیاوازیی هه‌یه. مامۆستا برومه‌ند هه‌موو جارێك ده‌یوت كه حه‌زی له ده‌نگی منه و ئاماژه‌ی به‌وه ده‌كرد كه ده‌نگی من زیاتر بۆنی ئێرانی لێدێت. له‌پاڵ مامۆستا برومه‌ند، مامۆستا داریوش سه‌فوه‌ت كه یه‌كێك بوو له كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی موزیكی ئێران و دامه‌زرێنه‌ری ناوه‌ندی پاراستن و په‌ره‌پێدانی موزیك، زۆر هانی منی ده‌دا و منی فێركرد كه ده‌نگی خۆم بناسم و خۆم بدۆزمه‌وه.
مامۆستا داریوش سه‌فوه‌ت ده‌یوت: «ده‌نگی شەهرام فه‌زایه‌كی حه‌ماسی هه‌یه و ئه‌و جۆره ده‌نگه مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه كه بۆ چه‌ند سه‌ده لهمهوپێش ده‌گه‌ڕێته‌وه».
من له هه‌موو بواره جیاوازه‌كانی موزیك و گۆرانی كارم كردووه و ئه‌گه‌ر به دوای هه‌ر كارێكی موزیكدا رۆیشتبێتم به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی و ریشه‌یی كارم كردووه. بۆ نموونه بۆ یه‌كه‌مین جار من له به‌رهه‌مه‌كانی خۆمدا ته‌نبوورم به‌كارهێناوه، له‌كاتێكدا تا ئه‌وكاته كه‌س ته‌نبووری نه‌ده‌ناسی. چونكه ته‌نبوور ته‌نها یه‌ك ئامێر نییه، یه‌ك ساز نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به كهلتورێكەوە هه‌یه كه ئه‌ویش هی نه‌ته‌وه‌یه‌كه به ناوی «یارسان» كه تایبه‌تە به ناوچه‌ی كرماشان و كورد.
من تائێستا خاوه‌نی كۆمپانیایه‌ك یان نووسینگه‌یه‌ك نیم و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌م نییه، بۆیه هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه بڵاوبوونه‌ته‌وه نه‌متوانیوه كۆیان بكه‌مه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك لای خۆم هه‌ڵیان بگرم و بییانپارێزم، ئه‌وه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئاشقانه كارم كردووه و هیچ مه‌به‌ستێكی دیكه‌م نه‌بووه.
به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌كه‌وێت كه گوێم له شیعرێك بێت و ده‌ستبه‌جێ ئاوازی بۆ دابنێم، به‌ڵكو جاری وا هه‌یه شیعرێك بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ هه‌ر له مێشكی خۆمدا ده‌یهێنم و ده‌یبه‌م و هێشتا ئاوازم بۆ دانه‌ناوه. له‌ماڵه‌وه‌ش ته‌نیا نیم به به‌رده‌وامی خوێندكاران یان هۆگرانی ده‌نگم یان رۆژنامه‌نووسان سه‌ردانم ده‌كه‌ن. گه‌وره‌ترین ئاره‌زووی من ئه‌وه‌یه بۆ چه‌ند ساتێك له ژووره‌كه‌ی خۆمدا بتوانم له ئارامی و ئاسووده‌ییدا بم. ماوه‌یه‌كی زۆره كه كاتم نییه، هه‌ربۆیه ئاره‌زوومه بچم بۆ شوێنێكی دوورە ده‌ست، به‌شێوه‌یه‌ك دوور بم له ته‌له‌فۆن و ئامڕازه‌كانی په‌یوه‌ندی و بۆ چه‌ند رۆژێك له‌گه‌ڵ سروشتدا بژیم. هه‌مووان سه‌باره‌ت به من رێز و لوتفیان هه‌یه، به‌تایبه‌تی به‌خشینی ئه‌م هه‌موو خه‌ڵاته ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی منیان زیاتركردووه. هه‌رچی به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چم هه‌ست ده‌كه‌م به‌رپرسیارێتیم قورس‌تر ده‌بێت و ده‌بێت كاری گه‌وره‌تر و مه‌زنتر بكه‌م. من ته‌نها ئاواز و گۆرانیم نه‌وتووه، به‌ڵكو هه‌وڵم داوه كه ژیانم، هه‌ڵسوكه‌وتم و جوانپه‌رستیم هه‌مووی به‌شێوه‌یه‌ك بێت له‌پێناوی خزمه‌تكردن.
ئه‌گه‌ر بڕیار بێت له‌گه‌ڵ كه‌سێك گه‌شت بكه‌م، پێمخۆشه له‌گه‌ڵ حافزی كوڕم سه‌فه‌ر بكه‌م، چونكه حافز زۆر هۆگری موزیكه و پیانۆ و سێ تار و دەف دەژەنێت و تیۆری موزیکی لای چه‌ند مامۆستایه‌كی شاره‌زا خوێندووه و ده‌یه‌وێت شاره‌زایی له هه‌موو جۆره موزیكێكی جیهانی هه‌بێت.
هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه، به‌خشنده و دلۆڤانه
هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه به دوور له سزا و سه‌ركوتكردن درێژه به كاری خۆی ده‌دات، چونكه هۆگری كاره‌كه‌ی خۆیه‌تی و بڕوای به كاری خۆی هه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌ش واده‌كات كه كه‌ند و كۆسپ و له‌مپه‌ره‌كانی سه‌ر رێگای خۆی لاببات. هه‌ربۆیه ژماره‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه ده‌مێننه‌وه زۆر كه‌من، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ژماره كه‌مه توانیویانه مانا و واتایه‌كی تایبه‌ت به جیهان و مرۆڤایه‌تی ببه‌خشن.
به وته‌ی میلان كۆندێرا، ته‌نها ئه‌و كه‌سانه به نه‌مری ده‌مێننه‌وه كه له بیری مانه‌وه‌دا نین. من ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی كه وه‌رمگرتوون له‌به‌ر ده‌نگه‌كه‌م نه‌بووه، به‌ڵكو به‌گشتی ئه‌و خهڵاتانهم له‌به‌ر شێوازی بیركردنه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وتكردن و چۆنێتی ژیانی خۆم بووه. هونه‌رمه‌ند ده‌بێت بتوانێت به رۆحی به‌خشنده‌یی و ئاوێنه‌ئاسا درێژه به كاری خۆی له هونه‌ردا بدات، چونكه له راستیدا هونه‌رمه‌ند ده‌بێت به‌خشنده و دلۆڤان و عاشق بێت، بۆئه‌وه‌ی بگات به جێگایه‌ك. له‌به‌رئه‌وه‌ی به رای من هونه‌ر دیارییه‌كی ئاسمانییه و لوتفی خودایه بۆ هونه‌رمه‌ندان. ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێك شایسته‌ی ئه‌وه نه‌بێت كه ئه‌و دیارییه بپارێزێت ئه‌وه لێی دهسەندرێتهوه.
جێگری سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا به منی وت: له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كۆنسێرته‌كانی تۆم له ئه‌وروپا بینیوه و به دڵی بووه. موزیک زمانێكی نیوده‌وڵه‌تییه و پێویستی به هیچ شتێكی دیكه نییه، موزیكی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان، گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه، ته‌نها موزیكی كوردییه كه به جوانی و ده‌ست لێنه‌دراوی وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه. موزیكی كوردی په‌یوه‌ندیی به ناخ و نه‌ته‌وه و ره‌چه‌ڵه‌كی منه‌وه هه‌یه. ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مه فارسییهكانیشم له‌ژێر كاریگەریی موزیكی كوردیدایه.
شه‌هرامی نازری
شه‌هرامی نازری له لایه‌ن حكومه‌تی فه‌ره‌نساوه نازناوی شهوالیهی پێبه‌خشراوه كه به‌رزترین پله‌ی رێزلێنانه له‌و وڵاته. یه‌كێك له گرنگترین به‌رهه‌مه‌كانی شه‌هرام نازری گۆرانی «خۆم كرماشانی فارسی نیه‌زانم
وه زوانی كوردی قه‌زات له گیانم»-ه .
گرنگترین ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی كه وه‌ریگرتووه
*شوالیه‌ی وه‌ك هاووڵاتییه‌كی فه‌خری له فه‌ره‌نسا.
*خه‌ڵاتی رێزلێنان له سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا.
*خه‌ڵاتی رێزلێنان له په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا.
*وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی «باشترین موزیکی عیرفانی جیهان» له فێستیڤاڵی فاس له مه‌غریب.
*وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی یه‌كه‌م دیداری مه‌ولانا له شاری ڤییه‌ننا له نه‌مسا.
وه‌رگرتنی خه‌ڵات وه‌ك باشترین هونه‌رمه‌ندی ئاسیا كه له شاری نیویۆرك به‌ڕێوه‌چوو و له‌و رێوڕەسمەدا بان كی موون سكرتێری ئه‌و كاتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رێزێكی تایبه‌تی له نازری گرت.
*خه‌ڵاتی «بولبولی فارسی» له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز.
*وه‌رگرتنی میدالیا و كلیلی زێڕینی سنه.
*وه‌رگرتنی كلیلی زێڕینی شاری «خۆی» له مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی شه‌مسی ته‌برێزی.
*وه‌رگرتنی نیشانه‌ی سه‌مای زێڕین له توركیا.
*هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی فه‌خری بۆ ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌ولانا له زانكۆی سلجوق له توركیا.
*وه‌رگرتنی نیشانه‌ی تایبه‌تی ده‌روێشه‌كانی مه‌وله‌وییه، له شاری قونیه‌ی توركیا.
*وه‌رگرتنی نازناوی لۆژیان دۆنۆر له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نساوه.
*خه‌ڵاتی ئه‌فسانەی زیندوو له زانكۆی (UCLA)
*رێزلێنان له‌لایه‌ن زانكۆی هارڤارد به‌هۆی رۆڵی نازری له ناساندنی مه‌ولانا به دنیای خۆرئاوا و تازه‌گه‌ریی له میوزیكدا.
هه‌رچه‌ند تائێستا نازری به سه‌دان خه‌ڵاتی ناوخۆیی و جیهانی وه‌رگرتووه، به‌ڵام به‌لای ئه‌وه‌وه هیچیان هێندەی خه‌ڵاته‌كه‌ی كوردستان به‌لایه‌وه شیرین نه‌بووه و خۆی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: خه‌ڵاتی كوردستان گه‌وره‌ترین شانازیی ژیانی هونه‌ریمه.
له‌لای كۆمه‌ڵێك له موزیسیانی وه‌ك عه‌بدوڵڵاخانی ده‌وامی، مه‌حمودی كه‌ریمی، عه‌بدولعه‌لی وه‌زیری و حوسێنی قه‌وانی ئه‌زموونی وه‌رگرتووه، پاشان له‌ژێر ده‌ستی مامۆستایانی وه‌ك ئه‌حمه‌دی عه‌بادی، مه‌حمودی تاجبه‌خش، مه‌حمودی هاشمی فێری ئامێری سێ تار بووه. زیاتر له 60 ئه‌لبوومی گۆرانیی هه‌یه كه ده‌توانین ئاماژه به ناوی هه‌ندێكیان بكه‌ین له‌وانه، ده‌نگی قسه‌ی عه‌شق، له‌یلی و مه‌جنوون، سازی نوێ، ئاوازی نوێ، ئاوازی ئۆستوورهكان، خه‌می جوان، یادگاری دۆست، گوڵی سه‌د په‌ڕ، مه‌سنه‌وی مو‌سا و شوان نه‌ورۆز، به‌هارانی ئاویه‌ر، زستان، ساقی نامه‌ی 1 و ساقی نامه‌ی 2، كۆنسێرتێكی دیكه، ئه‌میر كه‌بیر، رهقاسانه، چاو له‌ڕێ. و ... هتد.
نامه‌وێ شه‌هرام نازری جاران بم
شه‌هرام نازری ده‌ڵێت: رۆژانه خه‌ڵك داوام لێده‌كه‌ن وه‌ك جاران بم و شه‌هرامی 20 ساڵ لهمهوپێش بم، ناتوانم وا بم، من به‌رله‌وه‌ی گۆرانیبێژ بم، میوزیكژهنم و رۆژانه سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌م و گه‌ره‌كمه شتی نوێ فێربم و من ناتوانم شههرامهكهی جاران بم. پێمخۆشه به‌رده‌وام گۆڕانكاری له كاره‌كانمدا بكه‌م و فێری شتی نوێ ببم.
شه‌جه‌ریان به ده‌نگی نازری سه‌رسام ده‌بێت
نازری ده‌ڵێت: ساڵی 1975 ته‌مه‌نم 24 ساڵ بوو كه به پێشنیازی نوور عه‌لی برومه‌ند بۆ یه‌كه‌مجار بۆ رادیۆی ئێران بانگهێشت كرام. له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا من گۆرانیم وت: هه‌موویان ده‌نگی منیان پێخۆش بوو. دواتر منیان برد بۆ ژووره‌كه‌ی محه‌مه‌د ره‌زا شه‌جه‌ریان، چه‌ند سەعاتێک پێكه‌وه قسه و گفتوگۆمان كرد، پاشان من گۆرانیم وت، شه‌جه‌ریان زۆر سه‌رسام بوو به ده‌نگی من و وتی: ئه‌وه تۆ له كوێ فێری ئه‌م جۆره له گۆرانی وتن بوویت، چونكه تا ئێستا ده‌نگی وام نه‌بیستووه؟ ئه‌وه‌نده‌مان قسه كرد هه‌ستمان به تێپه‌ڕبوونی كات نه‌دەكرد، تا دواجار كارگوزاره‌كه هات و وتی: كات ته‌واو بووه و ئێوه به نیازی رۆیشتن نین؟ شه‌جه‌ریان له كاتی رۆیشتندا پێی وتم: ئۆتۆمبێلت پێیه؟ وتم به‌ڵێ. وتی واز له ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بهێنه، با بچین بۆ ماڵی ئێمه. منیش به خۆشحاڵییه‌وه بانگهێشتنهكهی مامۆستا شه‌جه‌ریانم قبوڵ كرد و بۆ یه‌كه‌مجار چووم بۆ ماڵه‌كه‌ی و ماوه‌ی دوو رۆژ له ماڵی شه‌جه‌ریان مامه‌وه. به‌رده‌وام گۆرانیمان ده‌وت و له‌باره‌ی میوزیك و گۆرانی بیروڕامان ده‌گۆڕییه‌وه. دوای دوو رۆژ چوومه‌وه به دوای ئۆتۆمبێله‌كه‌مدا و له‌و كاته‌وه بووین به هاوڕێی یه‌كتر. زۆر جار پێكه‌وه ده‌گه‌ڕاین و پیاسه‌مان ده‌كرد و هاتوچۆی ماڵی یه‌كترمان ده‌كرد و هاوڕێیه‌تیمان به‌رده‌وام بوو.
بۆچوونی هونه‌رمه‌ند و میوزیكژهنانی فارس له‌باره‌ی نازرییه‌وه
داود گه‌نجه‌یی میوزیكژه‌ن و شاره‌زای میوزیكی ئێران سه‌باره‌ت به نازری ده‌ڵێت: شه‌هرام كه‌سێكی زۆر تێگه‌یشتووه و ده‌نگێكی زوڵاڵی هه‌یه و پێگه‌یه‌كی مه‌زنی له‌ناو میوزیكی ئێرانی‌دا هه‌یه، ده‌نگی شه‌هرام وایكرد كه شیعره‌كانی مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی بچنه ناو دڵی خه‌ڵكییه‌وه.
سه‌ید ئه‌بو حه‌سه‌ن موختاباد هونه‌رمه‌ندی فارس ده‌ڵێت: شه‌هرام له مێژووی ئاوازی ئێران‌دا تاقانه‌یه و وێنه‌ی نییه، خوا ده‌نگێكی سه‌یری پێبه‌خشیووه، ده‌نگێك كه شێوه‌ی نییه.
محه‌مه‌د عه‌لی موحه‌د شاعیری ئێرانی ده‌ڵێت: ئێمه سه‌باره‌ت به ناساندنی مه‌ولانای رۆمی قه‌رزداری دوو كه‌سین، یه‌كیان مامۆستا فروزان فه‌ڕ و ئه‌وی تریان شه‌هرام نازرییە، فروزان فه‌ڕ شیعره‌كانی شیكرده‌وه و نازریش به ده‌نگه‌كه‌ی شیعره‌كانی به‌خه‌ڵك ناساند. نازری له‌بواری شیعر و میوزیك لێهاتووه، مرۆڤ لێی تێناگات هه‌تا ئه‌وكاته‌ی كه ده‌بێت هه‌ستی پێبكه‌یت. من هه‌ستی پێده‌كه‌م به‌ڵام ناتوانم شرۆڤه و راڤه و شی بكه‌مه‌وه.
حامی نیكبه‌خت عه‌بدولمه‌لیكی ده‌ڵێت: ئاواز و گۆرانی نازری، رۆحێكی كوردانه‌ی تێدایه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی مێژوویی و كه‌لتووری كوردی هه‌یه و بووه به ئۆقیانووسێكی نائارام كه به‌رده‌وام شه‌پۆل ده‌دات و ئۆقره ناگرێت. تایبه‌مه‌ندییه‌كی دیكه‌ی نازری ئه‌وه‌یه كه ئاوازه‌كانی به‌ر له‌وه‌ی ریشه‌ی له میوزیكدا هه‌بێت، ریشه‌ی له ئه‌ده‌بیاتدایه. نازری كه‌ڵكی له میوزیكی فۆلكلۆری كوردی وه‌رگرتووه و له به‌رهه‌مه‌كانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. هه‌موو شتێكی نازری كوردییه.
شه‌هاب نیكمان هونه‌رمه‌ند و میوزیكژه‌نی ئێران ده‌ڵێت: نازری كوڕی فه‌رهه‌نگی پڕ له شانازی كورده و میراتگری شیرین و خه‌سره‌وه، غیره‌تی فه‌رهاد كیۆشكێنی هه‌یه و له كرماشانه‌وه، سه‌ر زه‌مینی ئەفسانەکانەوە هاتووه.
سیاوه‌ش ره‌زوان بێهبه‌هانی هونه‌رمه‌ندی ئێران سه‌باره‌ت به نازری ده‌ڵێت: نازری كه‌سێكی نوێخواز و پرسیاركه‌ره و ستایلی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه كه كه‌س ناتوانێت لاسایی ئه‌و بكاته‌وه.
محه‌مه‌د ره‌زا شه‌فیعی كه‌دكه‌نی شاعیری ناوداری ئێران سه‌باره‌ت به شه‌هرام نازری ده‌ڵێت: شه‌هرام نازری نوێنه‌ری میوزیكی عیرفانییه و گهنجییهكی ده‌وڵه‌مه‌نده بۆ هونه‌ری ئێرانی.
حوسێن عه‌لیزاده میوزیكژه‌نی ناوداری ئێران له‌باره‌ی شه‌هرامی نازرییه‌وه ده‌ڵێت: شه‌هرام پشتیوانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له میوزیكی كوردی له پشته. كه گوێ له ئاوازی شه‌هرام نازری ده‌گرم، ژیان ده‌بینم، ژیانی دوێنێ و ژیانی ئه‌مڕۆ و ژیانی سبه‌ی.
شه‌هرام نازری تا ئێستا چه‌ندین گروپی میوزیكی دروستكردووه، گروپی سێ تار له‌گه‌ڵ جه‌لالی زولفنوون، ره‌زا قاسمی، بیژه‌نی كامكار، كاوه دلێر ئازه‌ر، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن مه‌هدیان، ئه‌میر هۆشه‌نگی كامكار، هه‌روه‌ها گروپی ته‌نبووری شهمس، له‌گه‌ڵ كه‌یخه‌سره‌و پوورنازری، سه‌ید خه‌لیلی عالی نه‌ژاد، عه‌لی ئه‌كبه‌ری مورادی. گوڵنهزهر عه‌زیزی، عه‌بدولڕه‌زا ره‌هنه‌ما، سیاوه‌ش نورپوور، سه‌ید فه‌رامه‌رزی ره‌عنایی، گروپی مامۆستایان، له‌گه‌ڵ مامۆستا فه‌رامه‌رز پاپوور، جه‌لیلی شه‌هناز، عه‌لی ئه‌سغه‌ر به‌هاری، محه‌مه‌د موسه‌وی، محه‌مه‌د ئیسماعیلی.
جێی باسه كه شه‌هرام نازی به سه‌دان كۆنسێرتی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی هه‌بووه و تائێستا چه‌ندین به‌رهه‌می بڵاونه‌كراوه‌ی هه‌یه كه ده‌رفه‌تی بڵاوكرانه‌وه‌ی بۆ نەڕەخساوه.
له شاره‌كانی توكیۆی ژاپۆن، لۆس ئەنجلسی ئه‌مریكا، له‌نده‌ن، به‌یروت، نیویۆرك، رۆما، ساوپاولۆ به‌رازیل، فاسی مه‌غریب، فلۆرانس ئیتالیا، ڤێنیزی ئیتاڵیا، بارسالۆنای ئیسپانیا، جنێڤ، برۆكسێڵ، ئه‌مستردام-ی هۆڵه‌ندا، ئۆسلۆ، كوپنهاگنی دانیمارك و ... هتد كۆنسێرتی به‌ڕێوه بردووه و سه‌دان خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه.
شه‌هرام نازری رۆژی 18-2-1950 له شاری كرماشان له‌ناو بنه‌ماڵه‌یەکی هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب له دایكبووه، هانده‌ری سه‌ره‌كی بۆ میوزیك و شیعر دایكی بووه و باوكی و مامه‌كانی رۆڵیان هه‌بووه له په‌روه‌رده‌كردنی بواری میوزیك و شیعر و هونه‌ر.
شارام ته‌نها یه‌ك كوڕی هه‌یه و ناوی حافزه، موزیكژه‌نێكی سه‌ركه‌وتووه.
ئامادەکردنی- جه‌واد حه‌یده‌ری
سەرچاوە: galawej