هونەر تۆفیق
کۆبوونەوەی ئێران لەگەڵ ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمریکادا وەک دانیشتنە لەگەڵ بکوژی حوسەیندا .
ئاخر ئەگەر یەزید بکوژی حسەینی سەدەی حەوتەم بێت، بۆ ئێران حسەینەکەی سەدەی بیستویەکەمیان ( قاسمی سلێمانی) بە فەرمانی ترامپ کوژرا، کە ئێستا لە عومانەوە لەگەڵیدا کۆدەبنەوە .
ئەمەش لە خواردنەوەی ئەو ژەهرە دەکات کە ڕابەری پێشوو خومەینی لەڕاگرتنی جەنگی عێراقدا خواردیەوە . بۆیە ڕابەری ئێستاش(خامەنەئی) لەهەمان ئەو ژەهرە دەخواتەوە .
دۆخی نوێ ی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە جیهاندا مەگەر لە جەنگی جیهانی یەکەمدا هێندەی ئەمڕۆ نالەبار و ئاڵۆزبووبێت کە ئەمریکا لەئاستی جیهاندا و ئێران لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەردووکیان دوو سەرچاوەی سەرەکی ئاڵۆزیەکانن .
کەوایە دانیشتنی ئەو دوو جەمسەرە جیهانی و ئیقلیمیە دەیان دۆسیە ناچاری کۆبوونەوەی کردوون کە ئەنجامەکەی جەنگ بێت یان ئاشتی شێوەی ناوچەکەی پێوە دەگۆڕێت
ناکۆکی ئێران و ئەمریکا گەرچی لە بابەتی بەدەست هێنان و نەهێنانی چەکی ئەتۆمیدا دەردەبڕێت بەڵام دەیان پرسی تری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی ،ئابووری و سیاسی و سەربازی لە یەمەن و دەریای سوورەوە تا لوبنان و دەریای ناوەڕاست و عێراق و کەنداوی پێوە بەندە
چاککردن و گونجاندنی ئەو پرسانە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا لەڕێگای بەرپاکردنی جەنگەوە بێت یان بە دانوستان و ئاشتی هیچ لایەکیان بەدەست بەتاڵی لە مەیدانەکەدا ناباتە دەرەوە .
ئێران لەبەرامبەر داخوازیەکانی ئەمریکادا مەرج و خواستی خۆی هەیە و ئەمریکا لەبەرامبەر ئەو ئاشتی یەی بەئێرانی دەبەخشێت خواست و مەرجی خۆی دەبێت
لەدەرەوەی هەردووکیاندا چین و ڕوسیاش ، وەک دوو هێزی خاوەن نفوز لە ناوچەکە و ئێراندا کە بۆچوونی نوێ و جیاوازیان بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و چارەسەری ئاڵۆزیەکانی جیهانە بێ سیستەمەکەی ئەمڕۆ هەیە ، ناهێڵن کۆتایی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە کردنە دەرەوەی ئەوان کۆتایی بێت .
لەحاڵێکدا لەم دوو مانگەی پێشوودا ڕوسیا و ئێران ڕێکەوتنی فرەلایەنی ستراتیژیان کردووە تا ئەو ئاستەی دیدی سیاسی ڕوسیا لە زاری دۆگینەوە دەڵێت : باشترین بژاردەی ئێستای روسیا و ئێران ئەوەیە یەکبگرن و ببنە یەک دەولەتی کۆنفیدراڵی چونکە دۆخی جیوسیاسی ئێستا بەو یەکگرتنەیەیان لەیەک دەوڵەتدا سەقامگیری بۆ جیهان و ناوچەکە دێنێتەدی .
ئەم قسەیە لە زمانی دۆگینەوە، هەمان ئەو دیدەی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیایە کە نزیکبوونەوەی نەیارەکانی ڕوسیا لەسنوورەکەیانەوە جا لە ئۆکرانیاوە بێت یان لە ئێرانەوە مۆسکۆ ناچار بە جەنگ دەکات .
لە عومانەوە ئەوە یەکلادەکرێتەوە کە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێ ی نفوز و سیاسەتی ناوچەکەمان لە ڕێگای جەنگەوە یان ئاشتی دێتەدی کە لەهەردوو حاڵەکەدا ئێمەی پێش عومان و دوای عومان دوو سەردەمی زۆر جیاوازین.
سەرچاوە ؛ هاوڵاتی