كوردو مێژویەک لە پەرادۆکس

 

  نەهرۆ شەوقی

   نەهرۆ شەوقی

 

 

وەڵامێکی خێرا بۆ پێشنیارەکەی کاک زاموا دارۆغا

لەو هەڵوێستەی بەرامبەرپەیکەرە تێکشکاوەکەی سەدامی دیکتاتۆر کە بۆ خۆی بەرهەمێکی زیندووی ئەرشفیکراوی ڕقی ئەستوری خەڵکی راپەڕیوی کوردستان بوە ..

 

ئاشکرایە کە ئێمەی کورد هەمیشە وەک قوربانیەکی لێبوردە خۆمان وێنا کردوە، ئەمەش بەدەرئەنجامێکی ترسناک هەمیشە تەواو بوە، کە یەکێک لەو دەرئەنجامانە، ئەو لەبیرکردنە دەستە جەمعیەیە کە هەمیشە دوای ڕوداوو مەرگەسات و قەیرانەکان دروست ئەبێ کە ئەم هەوڵ ئەدا لەبیری بکاو هیچ هەڵوەستەیەکی بۆ بکا ! بێ هیچ ڕاڤەو خوێننەوەیەک تێی ئەپەڕێنێ ، یان بە پەرچەکردارێکی گاڵتەئامێز وەڵامی ئەداتەوە و بەدوو قاقا ئیتر لە بیر ئەکرێ ، لە مێژووی کاراکتەری میللەتاندا بەدەگمەن لەم جۆرە خەڵکە دەبینی،کاتێ وێران ئەکرێ ئەم پێئەکەنێ نانبڕئەکرێ پێئەکەنێ داهاتوی دەکەوێتە خەتەری نەمانی ئەم دۆشداماوە و نوکتە ئەگێڕێتەوە ئەم دیاردەیە ڕۆژانە دەیبینین لە سەر شەقامەکان لەناوتی ڤی و میدیاکان لە ناو بازاڕا، جارێ تۆڕی کۆمەلایەتی ئێمە لە هی هیچ نەتەوەیەک ناچێ ، قەشمەرخانەیەکە بۆ خۆی یان نوکتەی بێتام لە دۆخ و بژێوی خۆی و دەوروپشتەکەی یان جوێن بە خەستی و تۆپزی .دواجارشانازی بەوەوە دەکات کە ئەم گاڵتەو قەشمەریە شوناسیەتی!!

هەمیشە مێژویەکیش لە ئازایەتی و پاڵەوانێتی بۆخۆی دروست دەکا کە جگە لە وێرانکاری و قات و قڕی خۆی بە هیچ دەرئەنجامێکی باش تەواو نەبوە ! هەر لەدێرزەمانەوە تا ئێستا ، لەبەرئەوەی گرنگی نەداوە بە پرسە چارەنوسسازەکانیەوە یان ترساوە کەبەر ئەو ڕابوردوە کەوێ و بیخوێنێتەوە یان بایی ئەوەنە ئەوهۆشیاریەی نەبوە چ وەک تاک و وەک نێوەند و دەزگا ئەکادیمیەکان کە بەدوی هۆکارا بگەڕێن کە ئەم زیندەوەرە بۆ وا جیاوازە لە لەگەڵ تەواوی دونیا ، نموونەمان زۆرە لەهەمووی زەقتر ، شەڕی برا کوژی وەک چۆن بابەتێکی بڤە بێت کەستا ئێستا نەیوێراوە دەستی بۆ بەرێ لە سەردەمی میرنشینەکانەوە تا مێژووی مۆدێرنی ئێمە ، دیارە هێند بە ئازار و برینارکەر و بەخەمە بۆیە کەس نایەوێ خۆی بخاتە ئەو دۆخەوە ، یان ڕێی پێنەدرێ خۆی لە قەرەی ئەم کارەساتە بات ، کە کاراکتەرت مرۆڤی ئێمەی تیا گوزارشت ئەکرێ . تا ئێستاش ڕۆژانە سروشتمان بە گوند و دێکانەوە ێراندەکرێین و دەسوتێنرێین ، لەناودەسەلاتی کوردی سەربەخۆدا ، کە ئەوانیش لێی بێدەنگن ، ئێمەش هەمیشە دەست لەسەر دڵین کە کەی دیسانەوە دەقەومێتەوە ، ئەمەش بۆتە قەدەرمان !میللەت جاران دووبەرە بوو ئێستا بوەتە هەزار بەرەو کۆکردنەوەی ئەم هەمووبەرانە زۆر سەختربوە ، دروست بونی توێژێکی شڕە خۆری تێر نەبوو کە تەواو دوورکەوتۆتەوە لە ئینتیمای بۆ خەڵک و خاک و دەوروپشتەکەی کە زەحمەتە جارێکی دی بگەڕێنرێتەوە بۆ ناوکۆمەڵگاو پەیوەندیەکانی، چون ئەوتەقەی باڵی لە ئاسمانێکی کەیە ، ئەم توێژە ئەبستراکتە لە هەموو ئەوبەها مرۆڤایەتیانەی کە هەیە بەداخەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیاد بوندان میللەتیش دەست بەدەم و دەست بەسکەوە زەق وەستاوە !

هونەر لەپیش هەموو کایەکانی دیکەی مەعریفەوە گەر نەشتوانێ بەر لەم ]پاساگەردانیە بگرێ ئەوا ئەتوانێ دۆکومێنتی کات وکاتێ پێشمەرگە ئاسا دێتە گۆڕەپانەکەوە .

دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ئەڵمانیا بەبەراورد لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژئاواو دونیا بەگشتی چۆن هونەر کاری پێکرا ، بە داهێنانی دەیان شێواز و چالاکی و جموجؤڵی هونەری کە چۆن بەر مێژوە کەی رابوردویان و ئێستایان بە هونەر دەکەون لە پێناوی دروستکردنی داهاویەکی جوانتر . لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو ،ئەوان چەند شێوازێکیان لە مۆنومێنت داهینا هەر لە نەسبی بیرکردنەوەDenkmal تا بەئاگا هێنانەوە Mahnmal و دواجار دژە بەئاگاهێنانەوە Anti Mahnmal کە ئەم پێشکەوتنەوە هەریەکەو بەهۆکاری بابەتیانە ئەرگومێنتکراوە کە چۆن پرسی هۆڵۆکاوست ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە کاری پێبکرێ کە هەمیشە بەتەڕ وبڕی بمێنێتەوە و چیترتاکی ئەڵمان بە وشێوە تاوانکارانە و قێزەونیە دەستی نەچێتەوە خوێنی کەس ، ئەمە دەبێ بۆ نەوەکانی داهاتوو ئاشکرا بکرێ کە میللەتەکەیان خاوەنی مێژوویەکی تاوانکاری و شەرم هێنەرن لەناو مێژووی مرۆڤایەتیا .بۆیە من لەو باوەڕەیام کەئێمەش پێویستە زۆر چاوقاییم و سەرسەختانە بەرئەو مێژوە نەهامەتیەی خۆمان بکەوین و هەمیشە بۆ نەوەکانی داهاتومان بە وێنە و دۆکومێنتەوە نیشانیان بدەین و بۆیان ئەرشیفکەین چ لە ناو نوسراو کتێب و دۆکومێنتەکاناو چ ڕاستەوخۆ لە فەزای گشتیا لە فولکەکان و شەقام و پارکەکانا. چون ئەوەی ڕوی داوە کۆتایی نەهاتوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ بەردەوامی پێدەدرێ بە چڕ تر و خەستتریش ، هونەر ئەبێ ئەو کارە لە ئەستۆ بگرێ . هەڵواسینی مفەوز شەماڵ لە سەنتەری شار کەمن خۆم بە وێنە بینیومە، پەیکەری سەدام بە تێکشکاوی و شکستخواردوویی بە پەل و پۆشاکاو ، وێنەو ڤدیۆی ڕق و پەرچەکرداری خەڵکی ڕاپەڕیو لە ٥\٣ و ڕۆژانی داهاتوا بۆهەمیشیی ئەرشیف بکرێ و لە مۆزەخانەی مۆنومێنت ئاسای وەک ئەوەی بەرلین نیشان بدرێ و هەوڵ بدرێ ئەو مێژوە بە جیهانی بکرێ لە ڕێی فیلم و موزیک و ڕۆمان و نوسینەوە تا ئەمانە ئەگوازرێنەوە بۆ سەنتەر و شار و ژینگەی ئەوانەی بکەرن کە ئاشکرایە کە شۆڤێنیەکانی نەتەوەی سەردەستن، کە تائێستاش لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتی فاشتستی سەدام ڕویەکی سپی خۆیان نیشان نەداوین و بەشێوازی جیا جەنگەکەیان دەرهەق بە ئێمە بەردەوامە ، هونەر ئەتوانێ ئەوەیان نیشان بدات کە باوک و کەسەکانیان چ تاوانێکیان بەرامبەر میللەتێکی ستەمدیدەی نزیکیان ئەنجامیان داوە ، ئەمەش بۆ هەموو ڕژێمە فاشیست و میللەتە شۆڤێنیەکانی کە لەگەڵ ئێمەی کوردا ژیاون و قەتڵ و عامیان کردوین ڕاستە .

ماوریتسۆ کەتەلان Murizio Cattelanهونەرمەندی کۆنسێپسواڵی ئیتاڵ جارێکی کە پەیکەری هیتلەر دروست دەکاتەوە بەڵام هیتلەرێکی بچوکی لاوازی ڕسوا کە لەسەر چۆک کەوتوە و نماییشی دەکات دیسانەوە بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام ئێمە پەیکەرێکی سەدامی دیکتاتۆر کە سەیر cv ی ئەو پەیکەرە بکەین لە دروستکردنیەوە تادانانی وبەرز ڕاگرتنی تا دوای ئینتیفازە کە ئەڕمێنرێ و جێ شەق و تف و نەعلی پێوە دۆکومێنتکراوە و دەست و قاچ شکێنراو کە گوزارشت لە ڕق و قینی خەڵک و ئەرشیفکردنی ئەو ڕقە بەتەوێڵی پەیکەرەکەوە کە بۆ مێژوو بۆ نەوەکانیداهاتوو بەزیندوویی ماوەتەوە ، ئاخربۆ ژێر خاکی کەم و بیشارمەوە و لە هۆڵە داخراوە تاریکەکانا ونی کەم، ئایا ئەمە خزمەتی پێچەوانەوە ناگەیەنێ کە ئەو مێژوە شاردراوەتەوە؟ بەڕای من گەر کرا لەسەنتەری شارا بە شێوازێکی ڕێک و پێک و هونەری بۆ هەمیشە نمایش بکرێت و گەر کراش کۆپیەکی لێ هەڵبگیرێتەوە و لە سەنتەری بەغای پایتەخت دابنرێت.

سەرچاوە : ئاوێنە