فرمێسکی هاکان

 

 

زاگرۆس هیوا

 

 ماوەیەک بوو هاتووچوویەکی چڕ و پڕ لە نێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و دەموچاوی جۆراجۆری پارتی بارزانی بەڕێوە دەچوو. خەمخۆرانی ئەم نیشتمانە هەموو دەستیان لە سەر دڵیان بوو کە ئاخۆ چ گەلەکۆمەیەک لە ئارادایە. چۆنکە مەسعود بارزانی هەر دوو کوڕەکەی خۆی، مەسرور و مەنسوەری، ناردە ئانکارا و ئەمانە لەگەڵ بەرپرسە سەربازی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا کۆبوونەوە.

پاش ماوەیەک بەرهەمی ئەم سەردانانە بەدەرکەوتن. دوو سەربازی پاسەوانی سنووری ئێراق کوژران، تۆمەتە خرایە پاڵ پەکەکە. گوایە هێزی پاسەوانی سنوور خەریکی ئەرکی ئاسایی خۆیان بوون و گەریلا هێرشی کردۆتە سەریان و دوانی لێیان کوشتوون. هەمان رۆژ سەرچاوە خۆجێیەکان بڵاویان کردەوە کە ئەم دوو سەربازە بە تۆپبارانی تورکیا کوژراون. لێرەدا  بەرلەوەی بپرسین چۆن کوژران، پێویستە ئەو پرسیارە بکەین کە بۆ کوژران. با لە وڵامەکەی بگەڕێین.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەم دە ساڵە هەموو دەرفەت و تواناکاری سەربازی، ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی خستە گەڕ بۆ ئەوەی کە بتوانێت لە چوارچێوەی "پلانی چۆکپێدانان"دا بە هێڕشێکی هەمەلایەن کۆتایی بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بهێنێت. بە تایبەت لە ٢٠١٩وە لە خواکۆرکەوە بگرە تا حەفتانین بە هاوکاری پەدەکە دەستی بە شاڵاوێکی مەزنی داگیرکاری کرد. بەڵام گەریلا بە گۆڕینی تاکتیک و ستراتیژی شەڕ و بە گیانبازییەکی بێ وێنە  شکستی بەم پلانەی سوپای تورکیا هێنا. ئەوەتا لە زاپدا گەریلا چەندین قەڵای دمدمی سەردەمی دروست کردووە کە سوپای دووەمی ناتۆ ئەمە چوار ساڵە نەیتوانیوە زەفەریان پێ بەرێت. دەستی خیانەت و بەکرێگیراوی ناوخۆیی ئەمە چوارساڵە  قەڵای دمدمیان گەمارۆداوە بۆ ئەوەی  کە گەریلای لەپزێڕین و دڵ پۆڵایین ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکەن، بەڵام خۆڕاگرییەکە هەر بەردەوامە. هەربۆیە ئێستا دەوڵەتی تورکیا تاکتیکی شەڕی بەوەکالەت بەکار دەهێنێت. لە ٢٠٢٤وە بگرە تا ئێستا ئەردۆغان و هاکان فیدان هەوڵ دەدەن بە هەر شێویەک دەبێت عێراق پەلکێشی ناو ئەم شەڕە بکەن. لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤دا ئەردۆغان سەردانی بەغدادی کرد و لەئەنجامی ئەم سەردانەدا پەکەکە وەک رێکخراوێکی قەدەخە کراو راگەیەنرا. هێزەکانی سەر بە پەدەکە ئەمجارە بە جلوبەرگ و ئاڵای سوپای عێراقەوە لە ژێر ناوی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق گەمارۆی قەڵای دمدم و گەریلای لەپزێڕینیان دا. بەڵام قەڵاکە هەر نەڕۆخا. ناچار مەسعود بارزانی لە ٣ی تەمموزی ٢٠٢٤دا چووە بەغداد بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی عێراقی رازی بکات تانک و تۆپ و زرێپۆشی سوپای تورکیا لە ئامێدی و شێلادزێ و دێرەلووکەوە گەمارۆی گەریلا بدەن، هەربۆیە ئەردۆغان مزگینی دا کە لە هاویندا کلیل و قوفڵەکە قاپات دەکەن. بەڵام بۆ خۆیان کلیل و قوفڵ کران. هاوین هات و تێپەڕی، مزگینیەکەی ئەردۆغان کەوتە بەر شەپۆلی بای پاییز و بەفر و بۆرانی زستانیشی بە سەردا باری و ئەوەتا بەهار و خاکەلێوە دێت، بەڵام قەڵای دمدم هەر لە شوێنی خۆیەتی و گەریلا رۆژانە لە دژی سوپای تورکیا چالاکی دەکات.

دەتوانین بڵێین کە هەموو پلانی ئەردۆغان و هاکان فیدان و مەسعود بارزانی بۆ رۆخاندنی قەڵای دەمدەمی سەردەم لە ساڵی ٢٠٢٤دا شکستیان هێنا. هەربۆیە دەستیان بە پلانێکی نوێ کرد. پلانەکە ئەوەی کە ئەمجارە عێراق زیاتر و زیاتر پەلکێشی ناو شەڕی دژ بە گەریلا بکرێت. چۆنکە تورکیا بە تەنیا خۆی و پەدەکەوە ناتوانن شکست بە گەریلا بهێنن. پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ئەم شەڕە یەنەکەش بەشێوەیک مەجبور دەکات کە ئەویش دوژمنایەتی گەریلا بکات. بۆ ئەوەی کە عێراق پەلکێشی ناو شەڕەکە بکرێت، پێویستە سەرەتا بنەمای یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست بکرێت. ئەمەش هەر لە خۆیەوە دروست ناکرێت، چۆنکە پەکەکە تا ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی عێراق شەڕی نەکردووە. تەنانەت باڵاترین دەسەڵاتی دەوڵەتی عیراق لە بەر دەوری پەکەکە لە پاراستنی پێکهاتەکانی عێراق لە بەرامبەر هێرشی تیرۆریستی داعش سوپاسی پەکەکەی کرد و گوتی کە پەکەکە شەرەفی هەموو مرۆڤایەتی پاراست.  گەلانی ئێراق، بە کوردیشەوە، پەکەکە نەک وەک مەترسی نازانن، بەڵکۆ وەک دۆستی رۆژی تەنگانەی خۆیانی دەزانن.
 

بۆ ئەوەی کە ئەمە بگۆڕدرێت، پێویستە لە شوێنێک شەڕێک لەنێوان پەکەکە و سوپای عێراقدا بنرێتەوە. وا نیشان بدرێک کە پەکەکە هێرشی کردۆتە سەر سوپای عێراق. لە بەرامبەر ئەمەدا دوو ئاستەنگ هەبوو. یەکەم سوپای عێراق لە هیچ شوێنێکدا لە بواری جوگرافیدا بەریەککەوتنی لەگەڵ پەکەکە نییە. دووەم، لە ناو سوپای عێراق خۆفرۆشی وا پەیدا نابێت کە ئاژاوەگێڕییەکی وەها بکات. هەربۆیە بەشێکی چەکدارەکانی پەدەکە کران بە پاسەوانی سنووری سەر بە سوپای عێراق و بۆ دەوروپشتی قەڵای دمدمی گەریلا جوڵەیان پێکرا.

ئەمە زیاتر لە ساڵێکە هەموو هەوڵێک دەدەن تا بەڵکۆ گەریلا پاسەوانێکی سنوور بکوژێت. گەریلا چۆنکە ئاگاداری ئەم پلانەیە، تا ئێستاش دانی بە خۆیدا گرتووە و خۆی لاداوە لە شەڕ. هەربۆیە مەنسور بارزانی و سەربەست لەزگین هاتنە مەیدان. هەمان سەربەست لەزگین کە لە ٢٠١٧ بە پلان میت هێرشی شەنگالی کردبوو و رۆژنامەنووس نوژیان ئەرهانی شەهید کردبوو.  سەربەست لەزگین ئەمجارەش بە بەرچاوی هەموو کەسێکەوە دوو پاسەوانی سنووری بە کوشتن دا، بۆ خۆیشی چووە سەر گۆڕەکەیان و وتاری دا و قەڵای دمدمی تاوانبارکرد. ئەمانە هەموو ئامادەکاری پێشوەختە بوون بۆ سەردانی هاکان فیدان؟

 

دەڵێن تیمساح پاش ئەوەی کە نێچیرەکەی خۆی لەت لەت دەکات، دەکوژێت و دیخوات فرمێسیکی بۆ دەڕێژێت. ئەو فرمێسکەی کە هاکان فیدان لە بەغداد بۆ کوژرانی دوو پاسەوانی سنووری ئێراق ڕژاندی، هەمان فرمێسکە. چۆنکە هاکان فیدان بۆ خۆی ئەندازیاری کوشتنی ئەو دوو پاسەوانەیە. هاکان فیدان کە هاتە بەغداد، دوو کوردی عێراقی لەبەر پێ ئەودا کرابوون بەقوربانی. سەرەتا سەرەخۆشی لە دەوڵەتی عێراق کرد و فرمێسکی تیمساحی بۆ ئەمانە رژاند. پاشان گوتی پەکەکە سەربازی عێراق کوشتووە، سەربازی ئێمەش دەکوژێت، مەترسی هاوبەشە و پێویستە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەد بکرێت. پێویستە بگوترێت هەمان رۆژ ئیبراهیم کالنی سەرۆکی میت لە شام بوو لە لای جۆلانی و هەمان پەیامی دا.  ئەگەر پەکەکە وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناوزەد بکرێت، ئەوکاتە لە بواری سیاسی و  و یاساییدا هیچ ئاستەنگییەک نامێنێت بۆ ئەوەی سوپای عێراق شەڕی گەریلا بکات. ئایا عەقڵی سیاسی و ستراتیژی لە بەغداد ئەمە  پەسەند دەکات و دەکەوێتە ناو ئەو داوەی کە مەسعود بارزانی و هاکان فیدان دایانناوە؟ ئایا ئەو عێراقەی کە کێشەی کوردی لە بواری یاسایی و دەستووریدا چارەسەر کردووە جارێکی دی کێشەیەک بە ناو کێشەی کورد بۆ خۆی دروست دەکات؟  وەڵامی ئەم پرسیارە بە تێپەڕبوونی کات دیار دەبێت.
 

لێرەدا دەمەوێت سەبارەت بە پاسەوانی سنووریش ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم. ئەمانە هیچ پەیوەندییەکیان بە پاسەوانیکردن لە سنوورەوە نییە. کێلی سنووری نێوان تورکیا و عێراقیان تەنانەت بە دووربینیش نەبینیوە. بە دەیان کیلۆمەتر لە کێلە سنوورییەکان دوورن.  هەموویان لە دەوروپشتی ئامێدین و پاسەوانی لە سوپای داگیرکەری تورک دەکەن. زیاتر لە باخەوان دەچن تا پاسەوان. باشتر وایە ناوەکەیان بگۆڕن بۆ باخەوانی سنوور و مووچەکەشیان لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ بێت، نەک وەزارەتی بەرگری. ئەگەر باخەوانی بکەن زیاتر سوود دەگەیەنن بە عێراق و بەکوردستانیش و بە بنەماڵەکەشیان. لانی کەم، هەر جارێک و هاکان فیدان و سەربەست لەزگین چەند کەسێکیان لێ نادەن بە کوشت.  
 

با پێشنارێکی زمانەوانیش بکەین. فرمێسکی تیمساح دەستەواژەیەکە کە لەهەموو دونیادا بو دۆڕوویی بەکار دێت. ئەوەندەی بزانم لە کوردستان تیمساح نییە، بەڵام هاکان و نۆکەرانی هاکان زۆرن. هەربۆیە با ئەم دەستەواژەیە بکوردێنین و لەمەودوا پێ بڵێین فرمێسکی هاکان.

 

سەرچاوە : سپی میدیا