ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ ٢ ترلیۆن و ٦٤٠ ملیار دیناری لەبەردەستە ئیتر بۆ مووچەی ئەو سێ مانگە نادات و دەشڵێت" داهاتی نەوت ٢ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیارە و ئەگەر نیوەی بۆ كۆمپانیاكان بێت ئەوەی تری چارەنووسی نازانرێت".
عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە پێی زانیاریی و داتای خۆیان، هەرێمی کوردستان مانگانە (٣٥٠) ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەیە، کە بۆ ١٢ مانگی ئەمساڵ دەکاتە (٤ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار) دینار، خەرجی وەزارەت و فەرمانگە و خزمەتگوزاریی مانگانە نزیکەی (١٢٠ ملیار) دینارە، بۆ ساڵەکە دەکاتە (یەک ترلیۆن و ٤٤٠ ملیار) دینار، واتە داهاتی ناوخۆ (٢ ترلیۆن و ٩٦٠ ملیار) دیناری لێ زیادە.
ڕوونیشی كردۆتەوە" لەو بڕە تەنها نزیکەی (٣٢٠ ملیار) دیناری بۆ بەغدا نێردراوە، واتە بێجگە داهاتی نەوت لە ئێستادا حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی (٢ ترلیۆن و ٦٤٠ ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی لەبەردەستە، بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەی پێ دابەش ناکەن؟".
ئاماژەی بەوەشكردووە،" هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بە پاڵاوگە و تەنکەر (٣٢٠) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێ، کەس نازانێت ئەم داهاتە چی لێدێت، کە مانگانە نزیکەی (٤٠٠ ملیار) دینار دەکات و ئەگەر نیوەی بۆ کۆمپانیاکان بێت ئەوە پێویستە بڕی (٢ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار) دینار بۆ ساڵی (٢٠٢٤) بێتەوە خەزێنەی گشتی، لەم داهاتەی نەوت یەک دیناری بە بەغدا نەدراوە و کەسیش لە هەرێم چارەنووسی نازانێت".
جەختیشی كردۆتەوە، هیچ پاساوێک لەبەردەست بڕیار بەدەستانی هەرێم نییە بۆ دواخستن و دابەش نەکردنی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ، ئەمەی هەرێم دەیکات یارییەکردنە بە قوتی خەڵک!.
سەرچاوە : سپی میدیا