شۆڕشەكەی ئێمە و شۆڕشی گەلانی پێشكەوتوتر

 

مامۆستا جەعفەر

 یۆزپ برۆز ، كە پاشان ناوی ( تیتۆ )ی لە خۆی نا ( 1892- 1980 ) پاش سەركەوتنی جوڵانەوەی بەرەنگاری دژی داگیركەری نازی ئەڵمانی و فاشستی ئیتالی ،  ساڵی 1945 بووە سەرۆك كۆماری یۆگسلافیا ، هەر یەكەم رۆژ  بڕیارێكی دەركرد : 

(...... ئەوەی رۆڵی سەركردایەتی و پلەیەكی گرنگی لە شۆڕش دا بینیوە : خانوویەكی باشی بۆ دروست بكەن ، مووچەیەكی باشی بۆ ببڕنەوە ، بیمەی تەندروستی بۆ دەستەبەر بكرێت و لە هەر  فەرمانگەیەك كاری هەبوو ، رێزی لێ بگیرێت و ئەو پێشبخرێت . بە مەرجێك نابێ ئەم كەسایەتیانە  دەستوەربدەنە كاروباری دەوڵەت و فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەتەوە . هەقیان بەسەر بزنز و كەسابەت و بازرگانی و بەڵێندەرایەتیشەوە نەبێت !)

ئەی شۆڕشەكەی خۆمان چیمان كرد و چیمان دوورییەوە ؟
- ئاشی نەزان خوا دەیگێڕێ ..
- دۆ و دۆشاو تێكەڵاو كران .

- پاژێك لەوانەی بە ناو شۆشگێڕەكانی شاخ بوون ، لە پێناوی تاڵان و بڕۆ ، چوونە پێستی خەلیفە و سوڵتان و داگیركەرانەوە .

 - بەشێك لە سوپای لە بننەهاتووی : جاسووس و جاش و خۆفرۆشان  ، مووچە و پلە و پێگەیان ، هەزار قات لە تێكۆشەری دێرین و كەس وكاری شەهیدان باشترە .

- هەندێك كەس ، كە نە خۆیان و نە باوكیان هیچ رۆڵێكیان لە شۆڕش دا نەبووە ، كەچی ئەو مافەیان بە خۆیان داوە ، سەدان پارچە زەوی موڵكی دەوڵەت بۆ خۆیان داگیر بكەن و دواتر بفرۆشن  .

- كەسانێك هەن لە ئەنجامی تێكشكاندنی رێسا و بنەمای كاری حزبی و سەركەوتنی دەسەڵاتی گەندەڵی بەسەر رێبازی كاری پاك و دڵسۆزی دا ، بە چاوتروكاندنێك دەبێتە خاوەن نیو ملیارد دۆلاری ئەمریكی  ، كەچی سەركردەیەكی دێرینی هەمان حزب ، ئەگەر تووشی نەخۆشیەكی كوشندەش بوو ، كابرای بەرپرسی خاوەن  نیو ملیارد دۆلاری ئەمریكی لە چركەیەكدا ، رەزامەندی لەسەر سەرفكردنی (٢٥٠) دینار بۆ چارەسەركردنی ئەو سەركردە دێرینە دەرنابڕێت . 

- سەیری ڤێلا و ئۆتۆمۆبێل و موڵك و تەلاری پاژێك لە بەرپرسی گەندەڵكار ، لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بكە . سەیری ژیان و ژیواری بەشێك لە سەركردە و تێكۆشەرە دێرینەكان بكە !  وتمان  خەتەنە ، نەمانوت لە بنەوە : وتمان نادادپەروەری ، بەڵام ئەو ئاستە لە نادادپەروەری لە سەرانسەری جیهاندا وێنەی نییە ؟

- ژمارەیەك خەڵكی ناپاك و گومانلێكراو هەن ، ئەوەندەی ئەوان ، هەوڵی ناوزڕاندن و لێدانی ناوبانگی تێكۆشەرە دڵسۆزە دێرینەكان دەدەن ، رژێمی بەعس بە درێژایی حوكمی قەرەقۆشی و دڕندانەی خۆی ، یەك لەسەدی  ئەمانەی  نەكردووە !

سەرچاوە : خەندان