شاری چۆڵ

 

 

نەوزاد بەندی

 

لە سلێمانی، ئەچیتە هاوینەهەواری دوکان و سیتەک و قەڵاچوالان و کانی سارد و مێرگە پان و قەرەداغ و ڕێی هاوینە هەواری دوکان و هەزار مێرد و گەلێ شوێنی تر، بە نرخی ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و بێدەنگ ئەبینی.. هەروەها لە شەقڵاوە و پیرمام و  ڕێگای هاوینەهەوارەکانی تر، ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و خەمگین ئەبینی .

لە بەرامبەردا سەدان هەزار هاوڵاتیی بێ ماڵ و بێ پاره و بێ کار.. لە بەرامبەردا دەیان هەزار گەنجی هەڵگری بڕوانامەی بەرز، کە دانەمەزراون و وەک سزادراو بێ کار و بێ پارە و بێ ماڵ و خێزان ئەسوڕێنەوە و ژیانیان لە بازنەیەکی داخراوی تاریک و نوتەک و بێ هیوادا  بەسەر دەچێت. تاوانیان ئەوەیە کە درەنگ لەدایکبوون و فریای دابەشکردنی زەوی و ئاسمانی کوردستان نەکەوتوون و مایەپووچ ماونەتەوە. ئەرێ بەڕاست پێویست ناکات چاوێ بە مرۆڤبوون و بە ئایینداریی خۆماندا بخشێنینەوە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە خۆپەرستیی و بۆخۆژیانیی خۆمان بخەینە ژێر پرسیارەوە و پەنجەیەکی هەڕەشە لە ڕووی خۆماندا ڕاوەشێنین و کانیاو و کارێزە وشکهەڵاتووەکانی فرمێسک و سۆز و عاتیفەی خۆمان هەڵگێڕینەوە و بۆ چەند دڵۆپە فرمێسکێک بگەڕێین؟ ئایا وەختی ئەوە نییە مەردایەتیی و غیرەت و کەسایەتیی خۆمان پەلکێشی دادگای ویژدان بکەین و بە چەندەها سزای قورس خۆمان سزا بدەین؟

من ناڵێم ئازادی تاکە کەس زنجیر و کۆتوبەند بکرێ، بەڵام ئەگەر ئەو هەموو ملیار دۆلارەی کە بەبێ سوود لەو دەشت و دەرە فڕێ دراون و وەک خانووی تارمایی و ترسناک بەجێهێڵراون، ئەگەر ئەو پارە زۆرەمان بکردایە بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەرزان و بەسەر کرێچی و گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکاندا دابەشمان بکردنایە لەبەرامبەر کرێیەکی کەمدا باشتر نەبوو؟

ئایا ئەگەر ئەو هەموو پارە و ماڵ و سامانە بە هەدەر دراوانەمان، بکردایە بە کارگە و فرۆشگا و کارخانەی بچووک و پڕۆژەی وەبەرهێنان و سەدان هەزار لاوی هەناسەساردی میللەتەکەمان بخستایەتە کار و داهاتوویەکی جوانمان بۆ دروست بکردنایە هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئارامیی  و تەواوکاریی نەتەوایەتیی و پێشکەوتن، جوانتر و بەسوودتر نەدەبوو؟

لە وڵاتێکی وەک چین، بەو پارانەی ئێمە کردوومانن بە ڤێلا و باخی چۆڵ و ترسناک، سەدان و هەزاران کارخانە بنیات نراون و هەموو جیهانیان پڕ کردووە لە بەرهەم  و هەزاران ئەوەندەی ئەو پارانەیان قازانج کردووە. شایانی باسە هەڵتۆقینی ئەم ڤێلا و باخ و کۆشکە چۆڵ و ترسناکانە، یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی جیهانی سەرمایەداریی، کە جێگای ئێرەیی و ڕق و تووڕەیی هەژارەکانە و کۆت و پێوەنێکی قورسیشە لە گەردنی دەوڵەمەندەکاندا کە نازانن چی لەو هەموو دەسکەوتە بێ سوود و بێ خێر و بێ داهاتانەیان بکەن. ساڵان دێن و ساڵان ئەڕۆن، ڤێلا و باخە چۆڵ و بەجێهێڵراوەکان قەوزە و شێ و تەپ و تۆز دایانئەپۆشێ و ڕەنگەکانیان کاڵ ئەبنەوە و مۆدێلەکانیان بەسەر ئەچن و ئەبێزرێن و درز ئەبەن و گەچەکانیان ئەکەوێتە خوارێ، وەک بڵێی ماڵ و سامانێکن لە دەرەوەی پێویستی خۆیان و لە ڕێی هیچدا دروستکراون و جێهێڵراون.

شایانی باسە من خۆم دەوڵەمەندێک ئەناسم، ئەیوت من جل و پێویستییە زیادەکانم ئەدڕێنم و ئەشکێنم و ئەسوتێنم بۆ ئەوەی هیچ کەسێک سوودیان لێ نەبینێت! ئەمە ئەو هەستە ترسناکەی جیهانی سەرمایەدارییە کە وا ئەزانێت  پارە و داهاتێک کە  قۆرخی کردووە، هی هەوڵ و ماندوو بوونی خۆیەتی و ئامادە نییە بیبەخشێت بە خەڵکێکی تر کە ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی پێوە نەکێشاوە. هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا کە دۆناڵد تڕەمپ یارمەتییەکانی لە وڵاتە هەژارەکان بڕی، بڕیاریدا سەدان ملیۆن تەن خواردەمەنی لەناو ببات،  لە کاتێکدا ملیۆنەها مرۆڤ له ئەفەریقیا و ئەمەریکای لاتین و هیند و یەمەن بە دەست برسێتییەوە ئەناڵێنن و ڕێژەیەکی دیار له منداڵان له برساندا ئەمرن .

وڵاتێکی سەرمایەداری وەک فەڕەنسا کە خۆی بە خاوەنی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ ئەزانێ، سەدان ڤێلا و کۆشکی  چۆڵ لە پاریس و ستراسبۆرگ و شارە گەورەکانی تردا بە چۆڵکراویی بەجێهێڵراون، لە کاتێکدا لەو وڵاتەدا کێشەیەکی گەورەی نیشتەجێبوون هەیه، کار گەیشتۆتە ئەوەی ساڵانە چەندین حاڵەتی چوونە ناو ئەو ڤێلا چۆڵانە هەیه، خەڵکێک لە بێ داڵدەییدا  دزە ئەکەنە ئەو کۆشکە چۆڵانەوە بۆ ئەوەی هەتا پۆلیس پێیان ئەزانێ و دەریانئەپەڕێنێ و ڕوو بە ڕووی یاسایان ئەکاتەوە چەند ڕۆژ  و هەفتە و مانگێک وەک مرۆڤ بژین!

بە داخەوە.. لە جێی خۆیدایەتی ئەگەر باسی هەندێ کەسایەتیی و مرۆڤی لە خۆبوردوو و خۆنەویستی وەک خوالێخۆشبوو عەلی کەمال و کەریمی عەلەکە له سلێمانی بکەین، کە لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەند بوون، هەرگیز خۆیان بە خاوەنی ئەو ماڵ و موڵکە نەزانیوە و هەمیشە خەریکی بە دەمەوەچوونی هەژاران بوون و بە هەموو جۆرێک خزمەتیان کردوون. کار گەیشتە ئەوەی عەلی کەمال، بێجگە لە یارمەتیی دارایی هەژاران و دروستکردنی چەندەها بنکەی تەندروستی و مزگەوت له سلێمانی و شارەکانی تری عێراقدا، چەندین گەڕەک خانووی لەسەر کرێنشینەکانی تاپۆ کرد.. چەند جێی شانازییە، ئێستا دڵنیام هەمووتان بەم وشانەی کۆتایی وتارەکە، شنەبایەکی شانازیی و ئارامیی بە دڵ و دەروونتاندا دێت.. لەناخەوە هیوادارن ئێوەیش وەک ئەو بوونایه.. نووسەری گەورەی ڕوس و جیهان لیۆ تۆڵستۆیتان بیر بکەوێتەوە کە هەموو زەوی ماڵەکانی بەسەر جوتیارەکانیدا دابەش کرد و خۆیشی کۆشکەکانی بەجێهێشت و وەک جوتیارێک چووە ناو کێڵگەکانەوە و دەستیکرد به جوتیاریی و کارکردن ..کاتێ تۆڵستۆی بڕیاریدا کۆشک بەجێبهێڵێت و بڕواتە ناو جوتیارانەوە و وەک ئەوان بژی و بمرێ، لەو هەزاران کتێبەی کتێبخانەکەی تەنها یەک کتێبی لەگەڵ خۆی برد، ئەویش کتێبی برایانی کارامازۆفی تیۆدۆر دۆستۆیڤسکی بوو، وتی: بۆ ئەو تەمەنەی ماومە، تەنها برایانی کارامازۆفم بەسه!

سەرچاوە : هاوڵاتی