سەهیم عومەر بەڵگەفیلمێک لەبارەی لەتیف عانی بەرهەمدێنێت

'باوکی هونەری فۆتۆگرافی عێراقی' نازناوێکە خەڵک بە لەتیف عانی، فۆتۆگرافەری عێراقیان داوە کە بە کامێراکەی ژیانی رۆژانەی لە عێراق و باشووری کوردستان تۆمارکردووە، بەم دواییە کاری بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانییەوە تەواو بووە.
بەڵگەفیلمەکە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کوردە کە خاوەنی زیاتر لە 110 خەڵاتی جیهانییە.

بەڵگەفیلمەکە لە 2020 لە بەغداد و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی، ئەو فۆتۆگرافەرە کۆچی دوایی کردووە.

فیلمەکە ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە و بۆ چەند فیستیڤاڵێکی سینەمایی نێردراوە.

لەم بەرهەمەدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی و لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.

سەهیم عومەر خەلیفە، بە رووداوی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەو زۆر گرنگە و پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە، فەرەنسا، بەلجیکا و چەند کەناڵێک پشتگیری دەکەن. 

گوتیشی، سەرەتا وەک فۆتۆگرافەر دەستیپێکردووە و دەرگای سینەمای بۆ ئەو فۆتۆگرافی بوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەتیف عانی کەسێکی بەناوبانگە لە عێراق و جیهاندا، لە چەلەکان تاوەکو حەفتاکانی سەدەی رابردوو، وێنە هەر بەشەکانی عێراقی گرتووە.

لەتیف عانی سەردانی باشووری کوردستان کردووە و وێنەی زۆری گرتووە، لەوانە وێنەی سەرکردەکانی کورد.

خەلیفە لەمبارەیەوە گوتی، لەتیف عانی لە چل و پەنجاکانی سەدەی رابردوو وێنەی زۆری لە کوردستان گرتووە، بەتایبەتیش لە هەولێر، سلێمانی، زاخۆ و ئاکرێ.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، عانی وێنەی زۆری لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی گرتووە، هەروەها لەگەڵ سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی و خۆشەویستی بۆ کورد هەبووە. 

روونیشیکردەوە، بیرۆکەیە بەڵگەفیلمەکە، تەنیا لە بەغداد بوو، بەڵام لە دوای ئەوەی ئەو وەک فۆتۆگرافەر دیاریکرا، فیلمەکەیان زیاتر بە کوردستانەوە گرێدا، بە تایبەت تیڕوانینی ئەو فۆتۆگرافەرە لەسەر کوردستان لە دوو سەردەمی جیاوازدا.

لەتیف ئەلعانی، لە 18 تشرینی دووەمی 2021 لە تەمەنی 89 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغداد کۆچی دواییکرد.

 

سەرچاوە: rudaw- پەرسا فایەق