هەریەك لە گەزیزە عومەر، نیگار حەسیب قەرەداغی، فرمێسك مستەفا کە سێ خانمە هونەرمەندی دیاری کوردن و ماوەی چەندین ساڵە خزمەتی بواری هونەری کوردی دەکەن، لە میسر بەشدارییانكرد لە دووەمین خولی شانۆی ئیزیس و خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشرا.
شەهێن سابیر سەرپەرشتیاری میدیای تیپی شانۆی هاورێیانی گەزیزە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" پاش بانگهێشتکردنی سێ خانمە هونەرمەند هەریەک لە گەزیزە عومەر، نیگار حەسیب قەرەداغی، فرمێسک مستەفا لە دووەمین خولی شانۆی ئیزیس بەشدارییان کرد کە فێستیڤاڵەکە تایبەت بوو بە پرسی ژن لە جیهاندا و لەلایەن ژمارەیەک ژنە هونەرمەندی ولاتی میسر بەرێوەچوو لە ١٦ تا ٢٢ی مانگ".
ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە نمایشی شانۆییەکان ژمارەیەک پانیڵی گرنگ بەرێوەچوو، هەروەها ناونیشانی یەکێک لە چالاکییەکانی فیستیڤاڵ بریتی بوو لە (ژنانی داهێنەر لە ژێر کاریگەریەکانی بۆردوماندا) کە ژمارەیەک توێژینەوەی تێدا پێشکەشکرا.
نووسەر و هونەرمەند گەزیزە عومەر بە توێژینەوەیەک بە ناونیشانی (کاریگەری جەنگ لەسەر نووسینی دەقی شانۆیی) لەسەر یەکێک لە دەقەکانی بە ناوی هێشتا (قسەکانمان تەواو نەکردوە) کە تێیدا پاڵەوانی نمایشەکە دایکێکە سوتماک و زەرەرمەندی جەنگە بەشداریکردوە، هاوکات هونەرمەندان نیگار حەسیب قەرەداغی بە شانۆیی (یادەوەرییەکان) و فرمێسک مستەفا بە توێژینەوەیەک بەشداربون، پاشان وەک سێ ژنە هونەرمەندی کورد خەڵاتی رێزلێنانیان لەلایەن هونەرمەند ئیلهام شاهین سەرۆکی فەخری فێستڤاڵەکە پێبەخشرا.
فێستیڤاڵی سالانەی شانۆی (ئیزیس)ی نێودەوڵەتی بۆ شانۆی ژن لە دووەمین خولیدا کە ماوەی هەفتەیەکی خایاند رۆژی شانزەی ئەم مانگە چالاکییەکانی دەستیپێکرد، دوانزە شانۆی تێدا نمایشکراو ژمارەیەک توێژینەوەی تێدا پێشکەشکرا.
AM:09:54:28/05/2024
سەرچاوە : سپیمیدیا