زانکۆی کوردستان و ئەکادیمیای کوردی پڕۆژەی 'زمانی کوردی لەنێو ژیریی دەستکرد'یان راگەیاند

 

 

کۆسار عوسمان

کۆسار عوسمان@KassoOsman

 

کارکردن لە پڕۆژەکە
کارکردن لە پڕۆژەکە

 

 

رووداو دیجیتاڵ

زانکۆی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی رۆژی، چوارشەممە 18-6-2025 لە ئەکادیمیای کوردی و لە سەمپۆزیومێک بەناوی ژیریی دەستکرد و داهاتووی زمانی کوردی، قۆناخی یەکەمی "پرۆژەی زمانی کوردی لە نێو ژیری دەستکرد"ی راگەیاند.

پڕۆژەکە لە 6 بەش پێکدێت:

- هەڵەچنی

- OCR / گۆڕینی وێنەی نووسین (دەستنووس) بۆ دەق

- وەرگێڕان

- فەرهەنگنامەی زمانی کوردی

- ASR / دەنگ دەگۆڕێت بۆ نووسین

- TTS/ نووسین دەگۆڕێت بۆ دەنگ

ئەکادیمیای کوردی هاوئاهەنگیکاری پڕۆژەکەی زانکۆی کوردستانە

حەمەسەعید حەسەن، سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژەی ژیریی دەستکرد نیشاندا و جەختیکردەوە، ئەکادیمیای کوردی هەمیشە ئامادەی پشتیوانیکردنی هەموو جۆرە هەنگاوێکە کە خزمەت بێت بە زمانی کوردی، چونکە ئامانجی سەرەکیی ئەکادیمیاکە خزمەتکردنە بە زمانی کوردی.

سەرۆکی زانکۆی کوردستان: پرۆژەکە گەرەنتیی مانەوەی زیاتر بە زمانی کوردی دەدات

د زانا ئیسماعیل، سەرۆکی زانکۆی کوردستان باسی گرنگیی هەوڵەکانی پاراستنی زمانی کوردی کرد و گوتی: "بەگوێرەی راپۆرتەکانی یونسکۆ، 40٪ی زمانەکانی جیهان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە، دوو هەفتە جارێک زمانێکی زیندوو لەنێودەچێت. لەنێوچوونی هەر زمانێک زۆر خەمناکە، چونکە قەرەبوو ناکرێتەوە. هەرچەندە ئێستا زمانی کوردی مەترسیی لەنێوچوونی لەسەر نییە، بەڵام ئاسانیش نییە مانەوەی زمانی کوردی بۆ مەودادرێژ مسۆگەر بکەیت".

سەرۆکی زانکۆی کوردستان باسی ئەوەی کرد کە زمانی کوردی لە مێژوودا گوشاری زۆری لەسەر بووە و زۆر جار قەدەخەکراوە و رێگری لە خوێندن بە زمانی کوردی کراوە.

لەبارەی پڕۆژەکە، د زانا ئیسماعیل بە گرنگی زانی زمانی کوردی لە داهاتوودا بەردەست و بەکارهێنراو بێت. جەختیکردەوە ئەو پڕۆژەیە گرەنتیی مانەوەی زیاتر بە زمانی کوردی دەدات و گوتی: "ئەم هەنگاوە پڕ بایەخەی هاوشان لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی ناوە لەپێناوی ئەوەی زانیاریی بە زمانی کوردی لە جیهانی ئینتەرنێتدا زیاتر بەردەست بکرێت. ژیریی دەستکرد مامەڵە لەگەڵ ئەو داتایە دەکات کە بەردەستە. کەواتە هەرچەندە داتای ئەو زمانە زیاتر بەردەست بکرێت، هێندە زمانی کوردی چانسی مانەوەی لە داهاتوودا بەهێزتر دەبێت".

سەرۆکی زانکۆی کوردستان هەروەها دەڵێت، چەندین توێژەر و پسپۆڕی تایبەت بە بواری ژیریی دەستکرد لەو پڕۆژەیەدا بەشدارن. 

سەرۆکی لیژنەی زمان: زمانی کوردی لەنێو تەکنەلۆژیادا برەوی پێ دەدەین

قەیس کاکل، سەرۆکی لیژنەی زمان لە ئەکادیمیای کوردی گوتارەکەیدا قۆناخی پێش سەتەی بیستەمی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە و جەختیکردەوە کە ئەوکات زمانی عەرەبی لە خواپەرستی و لاروباری ئایینی بەکاردەهێندرا، زمانی عوسمانی بۆ کاروباری میری و زمانی فارسیش لە ئەدەبیاتدا لە لووتکە بوو، بەڵام کوردی هیچیەک لەو ئەرکانەی نەبوو و زمانی خەڵکی ئاسایی بوو؛ لە نووسینیشدا بەکارنەدەهات.

سەرۆکی لیژنەی زمان هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانکارییەک لە سەرەتای سەتەی بیستەم کرد و گوتی: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەیی، زمان جگە لەوەی ئامرازی لێک تێگەیشتن بوو، هاوکات بووە ناسنامەی نەتەوەیی. بەتایبەتی کە بووە سەنگەری بەرگری لە مانەوەی کورد، چونکە کورد جگە لە زمانەکەی، شتێکی دیکەی ئەوتۆی نەبوو ببێتە هۆی مانەوەی. خاک و جوگرافیاکەی دابەشکرابوو، مێژووی شێوێندرابوو، دەسەڵات و حوکمڕانی و ئابوورییەکەی ئەوە هەر باس ناکرێت. بۆیە لەو ساتە بێ بەزەییە مێژووییەدا زمانی کوردی بووە دوایین سەنگەری مانەوە." 

قەیس کاکل، پڕۆژەی زمانی کوردی لەنێو ژیری دەستکردی بە سەنگەرێکی دیکەی زمانی کوردی وەسفکرد و گوتی: "ئەو سەنگەرە سێرڤەر و شاشەی مۆبایلەکانە. بەهێزیش بۆ ئەو زمانانە دەبێت کە لەم سیستمەدا پێگەی خۆیان قایم دەکەن. هەر بۆیە هەنگاومان نا بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە نێو تەلنەلۆجیادا برەو پێ بدەین. ئەوە بوو لەگەڵ ناوەندی ژیریی دەستکرد، دوای چەند کۆبوونەوەیەک پلانمان داڕشت و شانمان دایە بەر".

بەڕێوەبەری ناوەندی ژیریی دەستکرد و داهێنان: هەوڵەکانی پێشتر تاکەکەسی بوون، بەڵام ئەمەیان نیشتمانییە

هەروەها د. تاریق ئەحمەد رەشید، بەڕێوەبەری ناوەندی ژیریی دەستکرد و داهێنان لە زانکۆی کوردستان، پڕۆژەکەی بە شۆڕشی نەتەوەیی ناوبرد و جەختیکردەوە کە تەواوی بەشداربووانی ئەو پڕۆژەیە پێشمەرگەن.

د. تاریق ئەحمەد رەشید رایگەیاند، ناوەندەکەیان 6 مانگە بەشێوەی کردەیی کار دەکات و گوتی: "دوای ئەوەی بیرۆکەکەمان پێشنیازکرد و بەرزمان کردەوە، سەرۆکایەتیی زانکۆی کوردستان هاتە پێشەوە و زۆر هاوکار بوو. هەتاوەکو ئێستا هەرچیمان داواکردبێت، نەیانگوتووە نەخێر".

بەڕێوەبەری ناوەندی ژیریی دەستکرد و داهێنان هەروەها باسی پشتیوانیی ئەکادیمیای کوردی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەگەر ئەکادیمیای کوردی لەگەڵیان هاوشان و هاوئاهەنگ نەبێت، هیچ لایەنێک پێشنیازی زمانەوانیی ناوەندەکەیان قبووڵ ناکات. 

نەیشاردەوە کە پێشتر زۆر کەس لە پرۆژەی تایبەت بە زمانی کوردی کاریان کردووە، بەڵام هەوڵەکان کەسی بوون، جا ئەگەر پرۆژەکە نیشتمانی بێت، هیچ کەسێک ناتوانێت سنوورداری بکات.

د. پۆڵا عەبدولحەمید: لە پێنج ساڵی داهاتوودا زمانی کوردی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسی نامێنێت 

سەبارەت بە بوارە جیاوازەکانی پرۆژەکە، د. پۆڵا عەبدولحەمید، توێژەر لە زانکۆی کوردستان کە هاوکات مامۆستای زانکۆشە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە لە چەندین بەش پێکهاتووە و خۆی زیاتر لە بەشەکانی هەڵەچنی، OCR و وەرگێڕانەکە کار دەکات.

دوای ئەوەی جەختی لەسەر پێویستیی ژمارەیەکی دیکەی کارمەندی خۆبەخش بۆ پڕۆژەکە کردەوە، د پۆڵا عەبدولحەمید گوتی: "بە هاوکاریی ئەکادیمیای کوردی داتای زۆرمان دەستکەوتووە. جا ئێستا پێویستمان بە خۆبەخشە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو داتایە بکەین؛ پاکی بکەین و کاتی بۆ دابنێین. پێموایە هەر کە ئەم کارە کرا، زمانی کوردی لە پێنج ساڵی داهاتوودا هیچ جیاوازییەکی نامێنێت لەگەڵ زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسی".

د. پۆڵا هەروەها رایگەیاند کە ئەو خوێندکارانەی کار لەسەر پرۆژەکە دەکەن، زیاتر خوێندکاری زانکۆکانی کوردستان و سەڵاحەددینن. 

"برەودانی رووداو بە زیرەکیی دەستکرد هاندەرە"

هەوڵ و رۆڵی میدیا لە بواری زیرەکیی دەستکرد، یەکێکی دیکە لەو تەوەرانە بوو کە د. پۆڵا باسی کرد و گوتی: "رۆڵی میدیا زۆر گەورەیە لەم کارەدا، ئەگەر بیانەوێت بێنە پێش. هەروەک نموونەی رووداو کە خۆیان شتێکیان دروستکردووە. بەتایبەتی خوێندنەوەی هەواڵەکانی پۆرتاڵ بە دەنگی کاک شاهۆ ئەمین، زۆر گرنگە. هاوکات ئەوان هاندەرن بۆ کەس و لایەنی دیکەش کە هەنگاوی هاوشێوە بنێن. تەنانەت ئەگەر کەسێک رکابەری ئەمە بکات، هەر دەستکەوتە".

زانکۆکانی سەڵاحەدین، کۆیە و سۆران هاوکارن

بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە باسی ئەو هاوکاری و پشتیوانییانە دەکەن کە زانکۆ و لایەنەکانی دیکە پێشکێشی دەکەن. زانکۆکانی سەڵاحەدین، کۆیە و سۆران داتای زۆریان پێشکێش کردووە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.

هاوکات زانکۆی دهۆکیش کە ساڵانێکە کار لەسەر هەمان بابەت دەکەن، ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی داتا پێشکێش بکەن.

زانکۆی کوردستان و ئەکادیمیای کوردی بەیەکەوە کار دەکەن

یاسین حوسەین رەسول، توێژەر لە ناوەندی ژیریی دەستکرد و داهێنا لە زانکۆی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە ئەوەی راگەیێندرا قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە بوو.

هەروەها لەبارەی چۆنیەتیی سەرهەڵدانی بیرۆکەی پرۆژەیەکی وەها گوتی:"سەرەتا لە ناوەندی ژیریی دەستکرد و داهێنان لە زانکۆی کوردستان بیرمان لەوە کردەوە کار لەسەر بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی لەڕێی ژیریی دەستکرد بکەین. گوتمان ئەکادیمیای کوردی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە و گونجاوە بۆ ئەوەی لە پرۆژەیەکی وەها نیشتمانیدا هاوکارمان بێت. هەروەک چۆن رۆڵی لە نێو حکومەتدا هەیە".

لە ئەنجامدا لێکتێگەیشتنێکمان واژۆکرد و رێککەوتین لەسەر ئەوەی ئێمە وەکو زانکۆی کوردستان کارەکانی کۆدینگ و ژیریی دەستکرد بکەین، ئەوانیش لەڕووی زمانەوانی و داتای زمانی کوردییەوە کار بکەن".

"تەواوی هاونیشتمانیان دەتوانن سوود لەو پرۆژەیە ببینن"

یاسین حوسەین رەسول هەروەها جەختیکردەوە، بیرۆکەکە لە زانکۆی کوردستانەوە دەستیپێکرد، بەڵام ئەگەر هاوکاری و پشتیوانیی ئەکادیمیای کوردی نەبووایە، ئەرکەکە زۆر قورس دەبوو. 

هەروەها دەڵێت پرۆژەکە ئێستا قۆناخی یەکەمی راگەیێندراوە و لە داهاتوودا و لە رێوڕەسمێکدا تەواوی پرۆژەکە رادەگەیێندرێت. ئەوکات تەواوی خەڵک دەتوانن دەستیان بە پرۆژەکە بگات و سوودی لێ ببینن. چونکە ئەو پرۆژەیە نیشتمانییە و تایبەت نییە.

"بۆ بەنیشتمانیکردنی پرۆژەکە پێویستمان بە هاوکاریی حکومەت هەیە" 

ئەڕوا وشیار عەبدولکەریم، توێژەر و شرۆڤەکاری داتا لە ناوەندی ژیریی دەستکرد و داهێنان لە زانکۆی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:"ئەمڕۆ کە پرۆژەکەمان راگەیاندووە، لێرەوە داوا لە زانکۆ، پەیمانگە و توێژەران دەکەین بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکەن هەتاوەکو ئەم پرۆژەیە بکەینە پرۆژەیەکی نیشتمانی".

لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆژەکەیان هەیە، ئەڕوا وشیار عەبدولکەریم دەڵێت، پەیداکردنی داتا لە دیالێکتە جیاوازەکانی زمانی کوردی سەختە. 

هاوکات سەرچاوەی دارایی و مرۆییش پێویستە کە تاوەکو ئێستا پرۆژەکە لەسەر ئەرکی خۆیان و بە خۆبەخشی بەڕێوەچووە.

جەختیکردەوە، ئەکادیمیای کوردی لەڕووی زمانەوانییەوە هاوکاریی باشی پرۆژەکەی کردووە، بەڵام هاوکاریی داراییش پێویستە.

سەرەتا پێویستە زمانی کوردی جێگیر بکرێت

سۆران تاودەر، خاوەن چاپخانەی شەهاب بە رووداوی راگەیاند کە ئەو پرۆژەیە گونجاندن و پێشخستنی زمانی کوردییە بەگوێرەی پێشکەوتنی جیهانی.

بە گشتی لەبارەی برەودان و پاراستنی زمانی کوردی سۆران تاودەر گوتی:"بەر لە هەموو شتێک پێویستە زمانی کوردی و سەلامەتیی زمانی کوردی لەلامان گرنگ بێت و کاری لەسەر بکەین.  بۆ نموونە ئەوانەی بە کوردییەکی دروست دەنووسن، لەلایەن دەزگایەکی باڵاوە بڕوانامەیەکیان پێ بدرێت و وەکو وەرگێڕەکان سوێند بخۆن بەوەی پارێزەری زمانەکە بن".

سۆران تاودەر بە مەرجی دەزانێت سەرەتا زمانی کوردی پاک بکرێتەوە، ئینجا دواتر رێچکەی خۆی دەگرێت.

تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 هەزار وشەی کوردی لە فەرهەنگنامەی پرۆژەکەدا تۆمارکراوە و بۆ بەشی کۆگای زمانیش 174 هەزا دۆسیە ئەرشیف کراون.

بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆژەکە بخرێتە بەردەستی  بەکارهێنەران.

بۆبینینی ڤیدیۆکە تکایە کلیکی ئەم لینکە بکە :

https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/190620253

سەرچاوە : ڕووداو