رۆمانی "شاپەڕ"، لە نووسینی دڵدار داڵەری كاری چاپكردنی تەواو بووە و بەم زووانە دەكەوێتە بەر دیدی خوینەران، وەك نووسەر ئاماژە دەكات، رۆمانێكی خەیاڵی زانستییە و تیایدا چەند رووداوێك باس كراوە كە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا یەخەی مرۆڤایەتی بگرن.
لەبارەی رۆمانەكەوە داڵەری بە "وشە"ی گوت، "شاپەڕ"، ناونیشانی رۆمانێكی خەیاڵی زانستییە و تیایدا چەند رووداوێك باس كراون كە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا یەخەی مرۆڤایەتی بگرن، رووداوەكانی وەك زریانی لمی و مردنی كتوپڕ و تەنگژەی رۆحی، گەوهەری باسەكان هەموو گێڕانەوەكان لەسەر بنەمای زانستی هەڵچنراون و پشت بە ئەگەرەكان بەستراون.
زیاتر گوتیشی، رۆمانی شاپەڕ پێوەست نییە بە شوێنێكی دیاریكراو، واتە جوگرافیایەكی دیاریكراوی نییە و تایبەت نییە بە شوێنێك یان نەتەوەیەك یان بیروباوەڕێكی تایبەت، بەڵكو پرسێكی جیهانییە و دەست دەخاتە سەر ئەو برینانەی كە لە ئێستە و لە رابردوودا مرۆڤ كاری لەسەر كردنەوەی كردووە.
نووسەر روونی كردەوە، مەبەستی سەرەكی من لە نووسینی ئەم رۆمانە ئەوەیە مرۆڤ بە خۆی و سروشت ئاشت بكەمەوە، لەو پێناوەیشدا پشتم بە چەند چیڕۆكێك بەستاوە كە هۆكارگەلێك بوونە بۆ دووركەوتنەوەی مرۆڤ لە سروشتی راستەقینەی خۆی، رۆمانی شاپەڕ 180 لاپەڕەیە بە تیراژی 500 دانە لە چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی بە چاپ گەیەندراوە، دوای جەژن بڵاو دەكرێتەوە و دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەران.
نووسەر دەڵێت، زیاتر لە دوو ساڵە خەریكی نووسینی ئەم رۆمانەم، دوای هەوڵێكی زۆریش توانیم لەسەر ئەركی خۆم بە چاپی بگەیەنم، بەداخەوە لە دەرگەی زۆربەی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەم دا، بێ ئەوەی خوێندنەوە بۆ رۆمانەكە بكەن، ئامادە نەبوون دەرگەم بە روودا بكەنەوە، ئەوەیش زیاتر بێ هیوامان دەكات، بەڵام دواجار ئێمە نابێ بوەستین.
شایەنی باسە دڵدار داڵەڕێ، لەدایكبووی ساڵی 1995ی دەڤەری بادینانە، خاوەنی چوار بەرهەمە بە ناوەكانی، زەكەریای كورد، یاداشتی 2139، دەستكەوتەكانی كورد و شاپەڕ.
سەرچاوە: wishe