رۆمانی ژوورەکەی جاكوب

ئاكار نەجم

ڤێرجینیا وۆڵف یەكێكە لە رۆماننووسە ناودارەكانی بەریتانیا و هاوشانی جەیمس جۆیس و ولیەم فۆكنەر بە شێوازی مەنەلۆگ دەینووسی. یەكێك لە رۆمانەكانی رۆمانی "ژوورەکەی جاكوب"ە. چیرۆكی ئەم رۆمانە بەجۆرێك لە جۆرەكان پەیوەستە بە ژیانی خودی نووسەرەوە، لەم رۆمانەدا ئاو پانتاییەكی فراوانی داگیركردووە، هەر ئەو ئاوەی دەبێتە هۆی خنكانی برا ئازیزەكەی، كە زۆر پێوەی پەیوەست بووە، بۆ خۆشی چارەنووسی هەر بەو شێوەیە بووە كە لە رێگای ئاوەوە خۆكوشتنی هەڵبژاردووە.
چیرۆكێكی تری رۆمانەكە چیرۆكی بیتی=دایكی جاكوبە كە بێوەژنێكی غەمگینە و بیر لەو بارودۆخە تازەیەی ژیانی دەكاتەوە، كە لە نەبوونی مێرد دا دەبێ لەگەڵ ژیانی نوێدا هەڵبكات. هاوكات چەند ژنێك لە رۆمانەكەدا هەیە كێشەیان لەتەك مێردەكانیان هەیە، ڤێرجینا لە پاڵ ئەزموونی ئەدەبی خۆیدا چەند وتارێكی لەبارەی ژن و مافی ژن و ژیانی ژنانی وڵاتەكەیەوە نووسیوە و لە دووتوێی كتێبێكدا چاپ بووە. لێرەشدا نووسەر لەم رۆمانەیدا هەوڵی داوە وێنەی ژن لەو سەردەمەدا نیشان بدات. كە چۆن گیرۆدەی ژیانن. 
ژوورەکەی جاكوب و وەرگێڕەكانی 
رۆمانی ژوورەکەی جاكوب چەند وەرگێڕێك وەریانگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی، لەوانە وەرگێڕانی شاهیر حەسەن عوبێد و ئەمیرە بەدەوی و تاریق بوحەمدان و سەنا عەبدولعزیز و باسل موسالەمە و ئەسعەد ئەلحسێن.
سەرەتای راستەقینەی ڤێرجینیا
ژوورەکەی جاكوب سێیەم رۆمانی ڤێرجینیا وۆڵفە لە ساڵی 1922 نووسیویەتی، بەر لەم رۆمانە نووسەر دوو رۆمانی دیكەی نووسیوە و بڵاوكردۆتەوە، ئەوانەش "گەشتێك بۆ دەرەوەی وڵات" لە ساڵی 1915 و "شەو و رۆژ" لە ساڵی 1919. بەڵام ئەم رۆمانە ناوبانگی زیاتری بۆ ڤێرجینیا وۆڵف بەدەستهێناوە. چونكە ئەم بەرهەمە جیاوازە لە كارەكانی پێشووتری و نووسەر گۆڕانكارییەكی چۆنایەتی لە پڕۆژەكەیدا كردووە، چ لە رووی زمان و چ لە رووی شێوازەوەوە. توێژەران ئەم رۆمانە بە سەرەتای راستەقینەی ڤێرجینیا وۆڵف دادەنێن. یەكێك لە وەرگێڕەكانی رۆمانەكە"سەنا عەبدولعەزیز"ە پێیوایە سەرجەم بەرهەمە بەناوبانگەكانی ڤێرجینیا وۆڵف لە تەكنیك و میتۆدی گێڕانەوەی رۆمانی"ژوورەکەی جاكوب"ەوە هاتوونەتە دەرەوە، رەنگە وۆڵف خۆی ئاگاداری ئەمە بووبێت كاتێك گەڕاوەتەوە بۆ "ماڵی منۆكس" دوای بیست ساڵ، ئەو شوێنەیە كە رۆمانەكەی تێدا نووسراوە وەك شوێنێك بۆ خۆكوشتن هەڵیبژاردووە.
چیرۆكی بێوەژنێك
ژوورەکەی جاكوب چیرۆكی بێوەژنێكە بە ناوی بێتی فلاندەرز، دایكی سێ منداڵە و خەریكە نامەیەك بۆ هاوڕێ كۆنەكەی دەنووسێت، یەكێك لە كوڕەكانی ناوی "جاكوب" بێتی-یە كە سەیری جاكوب دەكات، دەبینێ كەللەسەری بزنێكی لە كەنار دەریا دۆزیویەتییەوە. كوڕەكە لەپاڵ كەللەسەری ئاژەڵی مردوودا پاڵكەوتووە، وەك ئەوەی وۆڵف لە ساڵانی سەرەتای ژیانییەوە كەللەسەرەكەی وەك هێمایەك بۆ مردن لە ژیانی جاكوبدا بەكارهێنابێت.
كارەكتەرە خەمۆكەكان
دەستپێكی رۆمانەكە بە زایەڵەی دەنگێك لە كەناری دەریاوە دەستپێدەكات. یەكەم رستەی رۆمانەكە ئا بەم شێوەیە دەست پێدەكات" بەڵێ، بێگومان" لێرەوە گێڕانەوە دەچێتە نێو ژیانی پڕ لە كێشە و خەم و پەژارەی كارەكتەرەكانەوە، هەموو ئەو پاڵەوانانە خەم لە دەوری یەكتری كۆیان دەكاتەوە. رووداوەكانی رۆمانەكە لە نێوان لەندەن و پاریس و رۆما و ئەسینا روودەدەن و مامەڵە لەگەڵ تەوەری جیاوازدا دەكەن. بەڵام تەوەرەی سەرەكی و خاڵی گرنگی رۆمانەكە كێشە و خەمی قووڵی پاڵەوانەكانە. خەم و تەنیایی جێگەیەكی گرنگی لە رۆمانەكەدا داگیركردووە، بەو پێیەی هەموو كارەكتەرێك هۆكارێكی هەیە بۆ ئەوەی هەست بە دڵتەنگی و تەنیایی بكات. بۆ نموونە بێتی دایكی جاكۆب دەبێت فێری ئەوە بێت چۆن بەبێ هاوسەرەكەی بژی و منداڵەكانی بپارێزێت. كاپتن بێرفۆت یەكێكە لە هاوڕێكانی و سەردانی دەكات تاوەكو دڵنەوایی بكات. بەڵام كاپتن ژنێكی پەككەوتەی هەیە، ژنەكە دەزانێت مێردەكەی بۆ كوێ دەچێ، بەڵام ناتوانێ رێگری لێ بكات. هەربۆیە ئەو ژنەش وەك بێتی تەنیا بووە. خاتوو جارڤیس دراوسێی بێتی دایكی جاكوبە، جارڤیس خەون بە بەجێهێشتنی هاوسەرەكەیەوە دەبینێت، بەڵام دەزانێت جێهێشتنی دەبێتە هۆی تێكدانی ژیانی پیشەیی، بۆیە سەرەڕای بەدبەختییەكەی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. هەموو ئەم چیرۆكانە حیكایەتی تەنهایی ژنەكان و غەمگینیانە. وەك پێشتر ئاماژەمان پێ كرد ڤێرجینیا گرنگی بە چیرۆكی ئەو ژنە غەمبار و بەدبەختانە داوە و داكۆكی لە مافی ژن كردووە. بەڵام بەپێچەوانەی تەنیایی ئەم ژنانەوە، تەنیایی جاكوب جۆرێكی ترە، خەمی فێربوونی هەیە، دەیەوێت سەفەر بكات. كاتێكیش بە تەنیا گەشت دەكات بۆ یۆنان، پێمان دەڵێت "چەند خۆشە تەنیا بیت" لێرەدا ئەوە دەبینرێ  پیاو بە ویستی خۆی تەنهایی هەڵدەبژێرێ و هەمان تەنیایی ژن نییە كە مەرجەكانی كۆمەڵگا یان بەختی خراپ سەپێنراوە بەسەریدا. لەلایەكی ترەوە جاكوب لە رۆمانەكەدا نوێنەرایەتی نەوەیەكی ونبوو دەكات كە خەون بە مەعریفە و سەفەرەوە دەبینێت، بەڵام كۆمەڵێ شتی ترسناك كە پەیوەندییان بەوەوە نییە، ژیانی رادەگرن.
ئینگلتەرای پێش جەنگ
لەگەڵ ئەوەی گێڕانەوە هەندێك جار سنوور بڕە، بەڵام بەگشتی هێڵی سەرەكی رۆمانەكە ئینگلتەرای پێش جەنگە. گێڕانەوە لە منداڵی جاكوبەوە دەستپێدەكات و پێ بەپێ دەڕوات، تاوەكو زانكۆی كامبریج و تەمەنی گەورەیی پاڵەكانە گێڕانەوە بەردەوام تەوەرەی سەرەكی لەسەر جاكوبە و سەنتەری رۆمانەكە و پاڵەوان خۆیەتی و چیرۆكەكە بەشێوەیەكی سەرەكی لە رێگەی دیدگای ژنانی جاكوبەوە دەگێڕدرێتەوە، لەوانە كلارا دورانتی چینی ناوەندی سەرەوەی سەركوتكراو، فلۆریندای خوێندكاری گەنجی هونەری، كاتەكانی لە لەندەن بەشێكی گەورەی چیرۆكەكە پێكدەهێنێت، هەرچەندە لە كۆتایی رۆمانەكەدا گەشت دەكات بۆ ئیتالیا و پاشان یۆنان.
ئاو لای ڤێرجینیا وۆڵف
لەم رۆمانەدا ئاو پانتاییەكی زۆری داگیركردووە، هەروەك چۆن ئاو رۆڵێكی جەوهەری لە ئەدەبیاتی ڤێرجینیا وۆڵفدا هەیە. كاریگەری مردنی تۆبی برای بەهۆی خنكان لە رووباری ئۆوسدا، كە بە شێوەیەكی نائاسایی خۆشی دەویست. چارەنووسی خودی نووسەریش هەر بەو جۆرە بووە، كە دواجار بڕیاری دا خۆی بكوژێت. دوای تەواوكردنی رۆمانی (لە نێوان كارەكان)دا كە دوای مردنی لە ساڵی 1941 بڵاوكرایەوە، ڤێرجینیا كەوتە حاڵەتێكی خەمۆكی هاوشێوەی ئەو حاڵەتەی پێشتر تووشی ببوو، بارودۆخی خراپتر بوو دوای سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی دووەم، وێرانبوونی ماڵەكەی و پێشوازییە ساردەكەی ژیاننامەی هاوڕێی كۆچكردووی رۆجەر فرای. لە 28 ی ئازاری 1941دا ڤێرجینیا پاڵتۆكەی لەبەركرد و پڕی كرد لەبەرد و خۆی فڕێدایە رووباری ئۆوسەوە و خۆی خنكاند. و هەمان رۆژ تەرمەكەی دۆزرایەوە. 

 

سەرچاوە؛ کوردستانی نوێ